شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: قەسیدە
کێش: ١٠ بڕگەیی
ئامری موشفق گەورەی میھرەبان
ئامری موشفق گەورەی میھرەبان
پاشازای مەشھوور، ئەمیری کوردان
گەر مەدحت بکەم ئیسمی کەریمت
پشتی سەخایی حاتەمت شکان
ئیدارە و عەدلت بۆتە نموونە
لە ڕووی دنیادا وەک نەوشیرەوان
میللەت پەروەریت زۆر بێشومارە
چاوی ئیحسانت ئەبینن ھەمووان
یەزدان داویەتی بە من فەرزەندێ
عومری گەییوە بە سێوچوار مانگان
بەختی بێ ڕزقە ئیقباڵی شومە
دایکی بێ شێرە، تیفلی بەسەزمان
بە چەند مەینەت و کوێرەوەری
پەروەردەی ئەکەین بە شەکر و ڕازیان
ئەمە چەند ڕۆژە شەکری نەماوە
گریە و فوغانی ئەگاتە ئاسمان
جا بۆ ئیدارەی ئەم بێگوناھە
ئیلتیجا ئەکەم لە عەدالەتتان
ئەمر بفەرموون شەکری بدرێتێ
تاکوو بێچارە نەمرێ لە برسان
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/ئامری موشفق گەورەی میھرەبان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.