شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
ئەی کوڕەکاژاو بەرزی ھەوادار
ئەی کوڕەکاژاو، بەرزی ھەوادار
ساحێب نەزارەت بۆ دەشت و کۆسار
سەربەرزو بڵند گشت شاخەکانی
سایەی سەری گشت قەومی کوردانی
بە سەربەرزیی تۆ و چیای بێستون
سەربەرزن قەندیل ھەم پیرەمەگرون
دەماوەند دائیم سەنا خوانتە
عاشقی قەدو باڵای جوانتە
بەردت ھەمتایە لەگەڵ گەوھەردا
غوبارت تەعنەی لە سەد جەوھەر دا
ئێستا کە بۆچی مات و شێواوی؟
بۆچی حەزین و زەرد ھەڵگەڕاوی؟
بۆچی ئەمەندە مات و غەمباری؟
بۆچی ڕەنگ زەردی، بۆ لێو بە باری؟
کوا شنەی پاڵی بەڕەزای پاڵت!
کوا خێمەی گوڵ و گوڵاڵەی ئاڵت!
کوا پۆل و دەستەی تازە جوانانت!
کوا شەرقی و نەشید سەراو ئەیوانت!
کوا خوڕەی بەفراو فەسڵی بەھارت!
کوا دەستە دەستەی مەحبوبەو یارت!
کوا سروەی نەسیم بەری بەیانت!
کوا نەغمەی بولبول دەوری گوڵانت!
من داوا ئەکەم کۆھی بە سامان
حاڵ و ئەحواڵی خۆت بکە بەیان
جوابی دامەوە ھەر وەکوو بولبول
وتی: چی ئەڵێم بیگرە بە دڵ
من شاخی مەشھوور کوڕەکاژاوم
لە ئاستی دوژمن لارە کڵاوم
من جێگای مەرد و پاڵەوانانم
ھەم بێشەی گورد و شێری ژیانم
فەسڵی بەھاران بە خێمەی گوڵان
ئەڕازامەوە ھەر وەکوو ڕێزوان
چەند چەشمەی ئاوی سازگارم بوو
چەند باغ و باخچەی پڕ لە کارم بوو
وەختێ گوڵزاری خۆم ئەدی بە چەم
سەد تەعنەم ئەدا لە باغی ئیرەم
پۆلی نازداران نازک نەو خاڵان
ڕوومەت پەڕەی گوڵ قامەت شمشاڵان
بە عیشوەو نازو لەنجەو لارەوە
بە چاوی مەستی پڕ خومارەوە
ئەھاتن بۆ لام بە عەزمی سەیران
ئەمن جەننەت بووم، ئەوانیش غیلمان
چەند زاتی مەشھوور قەدیمی ڕۆژگار
ئەھاتن بۆ لام بە عەزمی شکار
ڕۆژێ لە ڕۆژان نیگام کرد بۆ دوور
دیم گەردەلوولێ لە ڕووی شارەزوور
دنیا سەراسەر بووە بە زوڵمات
ئەھالی غەمگین حەزین و دڵ مات
پرسیم لە کەسێ بە کوردی زوبان
ئەم غەوغا چییە، بۆم بکە بەیان
دنیا سەراسەر بۆ لە گرینە؟
بۆچی مەخلوقات دڵ پڕ برینە؟
لەم خاکە پاکە چییە قەوماوە
دووربێ فیتنەیە، کەوتە دنیاوە؟
جوابی دامەوە بە دڵی پڕجۆش
بە گریەو زاری بە شین و خرۆش
حاڵ و ئەحواڵی بۆ کردم بەیان
ئەسڵی مەسئەلەی لا کردم عەیان
وەقتێ کە بیستم ڕۆژی ڕەشی کورد
ھاتمە جەنبوش، ھەتا شەقم برد
کردم بە سەرما خاکی بێشمار
یەخەی خۆم دڕی لە سەرتابەخوار
باغ و باغچەی گوڵ کەوتنە خەزان
ناڵەی بولبولان گەیشت بە ئاسمان
ئەمەندە گریام کێشام بە سەردا
وەک باوک مردە بانگم لێ بەردا
یاخوا دەردی وا خوا نەیدا بە کەس
وەکوو دای بە کورد مەزڵوومی بێکەس
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/ئەی کوڕەکاژاو بەرزی ھەوادار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.