شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
تریفەی مانگە شەو بریقەی کلاوزەر
ھاوینی بەرزنجە
تریفەی مانگە شەو، بریقەی کلاوزەر
شێوەی مەحبوبان، دێتە بەر نەزەر
سەدای لایلایەی تازە جوانان
ئەلاوێنێتۆ، دۆست و مەعشوقان
کزەی بای شەماڵ کە دێ بە جارێ
بۆی گوڵێ دێنێ لە باغچەی یارێ
قاسپەی نێرە کەو وەختی نیوەشەو
دەنگە بۆ عاشق ڕاپەڕە لە خەو
جریوەی چۆلەکەی بەیان لە ئاسمان
بەستە ئەخوێنن وەکوو عاشقان
شنەی بای سەحەر ئەشنێتەوە
بە ناز گوڵەکان ئەلەرێتەوە
بولبولی ھەژار لەم چڵ بۆ ئەو چڵ
بێ پەروا ئەڕوا لە تاو عەشقی گوڵ
سینەو باغچەی بەی، پۆلی نازداران
ھاوتایە لەگاڵ سپێدەی بەیان
گۆنای نازداران بە ڕەنگ ئاڵ و سوور
سیوەیل لێیداوە، نەک سووراوی سوور
شێوەی جەوانان بە وێنەی غیلمان
مەملەکەت جەننەت ھەم ڕەوزەیی ڕیزوان
نەخشاوی سنعەت زاتی کردگار
بۆ مەزڵووم مەدحی نایەتە گوفتار
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/تریفەی مانگە شەو بریقەی کلاوزەر». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.