شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
تەیرێکی عاقڵ زیرەکی ھوشیار
ھەڵۆ و ڕێوی
تەیرێکی عاقڵ زیرەکی ھوشیار
خانووی کردبوو لەسەر یەک چنار
بە عەیش و شادی بە خۆشی ژیان
لەسەر ئەو دارە کردی ئاشیان
ڕۆژێ لە ڕۆژان ڕێوی حیلەکار
ڕێڕەو بوو ڕێگەی کەوتە بنی دار
ساتێ ڕاوەستا لوتی ھەڵبڕی
لەسەر دارەکە تەیرەکە فڕی
بانگی کرد ئەی تەیر لەو دارە بەرزە
بێرە خوارەوە بۆ سەر ئەم عەرزە
ئەگەر بە قسم قەناعەت نەکەیت
ھەر بە دەستی خۆت، خۆت ڕیسوا ئەکەیت
بە کلکی تیژو ئەستووری زۆردار
دار لەت لەت ئەکەم ھەر وەکوو مشار
کاتێ کە دارم کرد پارە پارە
مەردو نامەردی ئەو وەختە دیارە
بێ سزاو زەرەر ھەر بە دەستی خۆم
کەوڵت ئەکەم و بە ژەمێک ئەتخۆم
***
ھەڵۆ خڕو جوان لێی ھاتە گوفتار
وتی: مام ڕێوی جادووی حیلەکار
سیحری تۆ مەعلوم لای من بەتاڵە
عەقڵت عەبەسە فیکرت مەحاڵە
بڕۆ لە ڕێی خۆت خوا ڕزقت بدات
من نێچیرت نیم مەعلوم بێ لە لات
ھەڵۆ زۆر ڕەجاو تەشەبووسی کرد
لە لای مام ڕێوی تەئسیری نەکرد
بە قەھرو غەزەب لەسەر دار فڕی
سواری ڕێوی بوو تا ورگی دڕی
ڕێوی کرد پارە وەک شێری جەنگی
جەرگی دەرھێنا بە زۆری چنگی
***
ڕێوی بۆ تەماع وازی نەھێنا
نە ھیچی دەستکەوت، سەریشی دانا
ئاخ لە بۆ کەسێ نەچێ بە قارا
لەگەڵ دوژمنا بکا مودارا
تاکو فرسەتێ دەسکەوێ ڕۆژێ
یەخەی پێبگرێ و خوێنی بڕێژێ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/تەیرێکی عاقڵ زیرەکی ھوشیار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.