شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: ١٦ بڕگەیی
جەژنم غەمە یاخود ئەسەف بادەم تاڵە وەک زەھری مار
جەژنم غەمە، یاخود ئەسەف، بادەم تاڵە وەک زەھری مار
تەن سوختە و دڵ حەزینم لە فیرقەتی یار و دیار
تەن زامدار و دڵ سپێرم لە بۆ تەعنەی ڕەقیبانم
کونکون بووە جەرگ و دڵم، ھەر وەکوو نەی ئەکا ھاوار
لە ڕاستیدا من کەسێکم لە ناو ئۆردووی دەرد و غەما
فەقەت ئەمرۆ بەرزە شانم، فەریق و سپەە سالار
ئەوسافی خۆم گەر بەیان کەم لە بۆ ئیوە بە موختەسەر
گەە فاعیل و گەە عامیلم، گاھی جامباز لە ناوی شار
غەمم زۆرە، غەمی ئێوەش کە بێ مەیلن بۆتە سەربار
خوایە دور بن لە موسیبەت، ھەم لە بەڵای ڕەبی سەتار
دائم ئەڵێم بە ڕۆژ و شەو أسعد الله أيامكم
موبارەک بێ لە بۆ ئێوە جەژنی ئەمساڵ ھەر وەکوو پار
با مەزڵووم یش لە غوربەتا جەژنی غەم بێ و خۆراکی دەرد
بێ بەھرە بێ لە دیدارتان ھەتا ڕۆژی دیوانی کار
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/جەژنم غەمە یاخود ئەسەف بادەم تاڵە وەک زەھری مار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.