شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
حکایەتێکی کورت و موختەسەر
ئیقتیساد
حکایەتێکی کورت و موختەسەر
بۆتان بەیان کەم بیخەنە دەفتەر
وەکوو شانامە ھەر شەو لە لایە
بیخوێننەوە لە لای مەلایە
باسی ئیقتیساد ئەکەم بەرادەر
گرتنی نەفسە نە وەکوو زەرەر
داھاتی خۆمان با بخۆین چاکە
سنعاتی وەتەن دروست و پاکە
کڵاشی خۆمان سەراپا پەڕۆ
بیکەرە پێت و خێرا پێی بڕۆ
کەوشی یەمەنی بۆ پیاو موناسیب
جاش کەوشێ بکڕە بۆ پیاوی کاسب
لە خوری و مەرەز، پۆشاک و بەرگت
بازاڕت گەرم با دووربێ مەرگت
دۆشاوی باسوق ئەنواعی حەڵوا
خۆشاوی شەربەت مەدە بە خورما
شەرابمان دۆشاو، مێوژە خۆڵاوە
فڕێیدە چایی و ئەسبابی قاوە
ئیقتیساد بکە ھەر بخۆ سەبیل
جگەرەت نەوێ گوێ مەدە بە فیل
مەکڕە شقارتە بە پارە و قڕوش
ئەستێ ھەڵگرە تاوێکی بۆن خۆش
کە پنەکم خوری ھی مەڕی ناوجار
نامەوێ پاڵتۆی بیلادی و بولغار
باسی ئیقتیساد گەر بکەم بەیان
قەڵەمی مەزڵووم بۆم نایەتە ژوان
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/حکایەتێکی کورت و موختەسەر». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.