شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
حەمد و سەنای زۆر بۆ خودای بێباک
شوکرانە بۆ خوا
حەمد و سەنای زۆر بۆ خودای بێباک
لاشەریکە ئەو فەرد و تەنھا و تاک
خاڵقی وەحشی مەل و موور و مار
ڕازقی ڕزقی زیرۆح و گیاندار
دروستکەرەی سەما و سەر زەمین
دۆزەخ و ئەعراف، فیردەوسی بەرین
ئاگاھدار لە حاڵ، حاڵی بێ حاڵان
ھەم بێداری شەو، ناڵەی زامداران
ئادم و حەوات دروست کرد لە خاک
بە سورەتی جوان بە ئەخلاقی پاک
بە لوتف و کەرەم بە ڕووی موحیبەت
ئەمرت پێکردن تا بچنە بەھەشت
فەرمووت لە گەندم مەخۆن وریابن
نزیکی مەبن لێی تەوەللابن
شەیتانی لەعین تەفرەتان نەدات
بە سیحر و جادوو ئیغفالتان نەکات
تەقدیری خۆت بوو شەیتانی بەدبەخت
خۆی کرد بە عابد چووە ناو بەھەشت
بە مەکر و حیلە ئیغفالی کردن
کە گەندمیان خوارد بێحاڵی کردن
چەندە مانەوە بە عسیانەوە
تۆبەیان ئەکرد ئەپاڕانەوە
بە لوتف و کەرەم تۆ عەفووت کردن
دیسان ڕەوانەی سەر زەویت کردن
لە نەسلی ئەوان چەند سەد ھەزار کەس
کردت بە نەبی، نامەت دانە دەس
بۆ سەر تەوائیف یەک بە یەکت نارد
بۆ تەبلیغی دین حوکمت پێسپارد
تۆ لێی خۆش ئەبی ئەیخەیتە جینان
سیرەتی بابە بۆ فەرزەند جێمان
بۆ خۆت فەرمووتە تۆبەم قبوڵە
تۆبەی حەقیقی لە لام مەقبولە
من گەلێ عاسی و خەجاڵەتبارم
ڕوو زەرد و مەحجووب ھەم شەرمەزارم
سیوای زاتی تۆ ھیچ کەس ناناسم
ڕاجعی خۆتم خراپ یان خاسم
خودایە تۆبەم لات ببێ قبوڵ
چونکە موزنیبم مەزڵووم و مەلول
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/حەمد و سەنای زۆر بۆ خودای بێباک». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.