شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: ١٦ بڕگەیی
من کە ئەزەل مشتی خاکم چوومە سلکی ئینسانەوە
من کە ئەزەل مشتی خاکم، چوومە سلکی ئینسانەوە
من کە ئینسانم حەقیقەت، چیمە بەسەر حەیوانەوە
دڵی بەدخوو ئەوا شێت بوو لە دەس چەرخی زەمان ئەمڕۆ
کە مام ڕێوی و چەقەڵ چوونە لانەی شێری ژیانەوە
بۆ لە داخا من نەمرم، بۆچی دڵم لەتلەت نەبێ
چۆن مریشک و کۆنەپەپوو چوونە ڕیزی ئینسانەوە
وا لە داخا ڕۆحم ڕۆیی، بۆچی نیگاھێکت نەکرد
کەسو کارت ھەموو مردن خۆ بە خاکی ئێرانەوە
بۆچی جارێک تۆ ناپرسی لە ئەحواڵی فەقیرانت
ھەموو تووشی وەرھەم ھاتن چوونە کونجی زیندانەوە
بۆچی فەلەک بۆتە خڕەک کە وا دۆخی غەم ھەر با ئەدا
تانوپۆی دڵی زارم کەوتۆتە نێو مەیدانەوە
لەگەڵ ئەغیاری بەدسیفەت دەخیلە مەکە لوتفێ
کە گوڵزار و باغی ئەمەل ئەوەی بە دەس نەزانەوە
مەحسوبی تۆ لە ھەرلایە ئەگەر مابێ وەکوو مەزڵووم
پەرێشانن ھەموو ئەمڕۆ بە دەس جەوری زەمانەوە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/من کە ئەزەل مشتی خاکم چوومە سلکی ئینسانەوە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.