شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
نەورۆز بەخێربێی جەژنی نەوبەھار
نەورۆز بەخێربێی جەژنی نەوبەھار
دنیات نەجات دا لە سەرما یەکجار
سوپای عەدلی تۆ گەیشتە لامان
نوقمین لە گوڵدا سەرتا بەدامان
بە ھەوات لە جێی گەرمیان و کوێستان
گوڵ خێمەی ھەڵدا بەیداغی چەقان
درەختی دەشت و چیاو لاپاڵان
کردیان بە بەردا کەوای سەوزو جوان
دەستەی گوڵی جوان، پەسەندی نازدار
خۆی ئاریشدا لە کانی و کۆسار
نێرگسی ڕووخۆش وەک جوانی سەر مەس
خۆی کرد بە ساقی و پیاڵەی زەڕ بەدەس
کەنێرە بۆنی خۆشی حازر کرد
بە بۆنی خۆشی جیھانی پڕ کرد
لە وشکە چەمان ئاوان جاری بوون
ئاوەڵ و چەمەن گشت سەوزو شین بوون
ھاژەی قەڵبەزان شمشاڵی لێدا
بای وەعدەی بەھار لە ھەڵپەڕکێدا
مەلانی عاشق لە گوڵزاری شین
بەستە ئەخوێنن بە لەھجە شیرین
گڕ وەک ئاگری زەردەشت ھەڵگیرسا
مەزڵووم لە مەدحت دەنگیشی نووسا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/نەورۆز بەخێربێی جەژنی نەوبەھار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.