شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
پادشای غەفوور
کفن و دفن
پادشای غەفوور ...
ڕەحمان و ڕەحیم، پادشای غەفوور
ھیوام بە تۆیە، حاکمی مەحشەر
قەڵەمی عەفووم بدەی لە دەفتەر
وەقتێ کە مردم، گیانم لە دەس چوو
قەوم و خوێشانم ھەموو مەئیوس بوو
کفن ئەکڕن بەقەدەر باڵام
بە دڵی حەزین بە جەرگی پڕزام
مەلا بانگ ئەکەن بە ئەسرینەوە
بۆ سەر مەیتەکەم بە گرینەوە
لیباس و بەرگم لائەبەن یەکجار
تەختەشۆر دێنن بە چار و ناچار
وەقتێ کە شۆرام من بە تەمامەت
ئەیکەن بە بەرما بەرگی قیامەت
مەلا ئەخوێنێ نوێژ لەسەر مەیتم
گشت بەڕێی ئەکەن تەرم و تابوتم
جگەر بریانم وا بوومە قەقنەس
فریام بکەوە خودای فەریاد ڕەس
سوار ئەبم لەسەر پشتی ئەسپیدار
چوار پێی ئەسپەکەم ئینسانی ڕۆحدار
ئەمبەن بۆ قەبران خەیلێ بە تەعجیل
لەوێ دامئەنێن سەرسام و زەلیل
ئەمخەنە قەبر بە ئەڵڵا ئەڵڵا
ئایات ئەخوێنن لە کەلامولئەڵڵا
مەلا بانگ ئەکەن تەلقینم ئەکا
مەر خوای غەفوور ڕەحمم پێبکا
تەسویەی قەبرم ئەکەن بە ھەمووان
بەجێم ئەھێڵن قەومان و خوێشان
مەزڵووم یش بە دڵ یەک ڕجا ئەکا
ھەمووتان بڵێن خوا عەفووی بکا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/پادشای غەفوور». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.