شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
پێغەمبەر بە ناو من ئەولادی تۆم
پێغەمبەر بە ناو من ئەولادی تۆم
وەچەی عەلیم و ئەسڵ زادی تۆم
دیسان لە نەسڵی فاتیمەی زەھرام
تۆ باپیرمی بە مەعلوومی عام
ئەمن ھەرچەندە سپڵە و بەکارم
غەرقی عیسیانم خەجاڵەتبارم
عالەم ئەزانێ تۆ باوانمی
سەگی ڕووسیام تۆ خاوانمی
لە دنیا ھەرکەس ھەیبێ خاوەنێ
نەجاتی ئەدا لە گشت تاوانێ
لە تۆ زیاتر ھیچ کەسم نییە
کە تۆ کەسم بی کەسم بۆچییە
تۆش لە لای خودا زۆر موقەدەسی
بۆ گوناھکاران تۆ فەریاد ڕەسی
قورئانی کەریم ھەدیەی بۆ تۆیە
سەفەری میعراج دەعوەتی تۆیە
ئەمانە ھەموو بە ئەمری مەعبود
بۆ خاتری تۆیە ھاتوونە وجود
تۆش بۆ خاتری یەکتای لامەکان
ھەم بۆ خاتری ئایاتی قورئان
ئەو ڕۆژە خودا ئەبێتە حاکم
جەنابت قازی شەفیع وعالم
دەفتەری جورمم کە ھاتە دیوان
قەڵەمی عەفوو بدە لە عسیان
زۆر خەجاڵەتم کۆڵم عسیانە
پیشەی مەزڵووم یش وەک زاڵمانە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/پێغەمبەر بە ناو من ئەولادی تۆم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.