شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
میر لەبەریان دادەنوێنێ
ڕاسپاردە گەیاندی ڕاسپێری
جێیەک نەبوو بەکری لێ وەشێری
بۆ کەوڵێ دەبینێ ڕاوی ڕێوی
چاڵێکی دەکۆڵی کەوتە نێوی
داخوازی ژیانی شیری ڕووتە
چاری نەبوو کەوتە کلکەسووتە
میرم: وتی شل بچۆرە پێشێ
نابێ دڵی ئەم کوڕانە بێشێ
زۆر حەستەمە بێنە بەرھەڵستت
نەرمی کە نەکەی دەچم لە دەستت
فەرموو کە لەڕێی دوو چاوی تاژدین
بەخشیم مەم و بێتە ھاوسەری زین
ئەم ئاگرە دامرێنە جارێ
تا چاری دەکەین ھەلێک بە بارێ
کینەت نە ھەمیشە ئاشکرا کە
ئاڵۆزی بە ھێمنی ڕەھا کە
دوژمن کە لە تۆ پتر بەھێزە
جێ مەرگی لە باوەش و ھەمێزە
پێی ناوێ کە بەرگی جەنگ بپۆشی
ژەھریان لە گەروو بکە بە خۆشی
دوو پیاڵە دەبێ ھەبن لەکن میر
یەک شیر و یەکێ ژەھر دەگەڵ شیر
یەک خۆشی لە دۆستان پەیا کات
یەک ژینێ لە دوژمنان جیا کات
یەک فێنکی بدا بەتوێی لەش و دڵ
یەک زیندوو بەرێ بکاتە بن گڵ
پێک نایە چ شت بە توند و گەرمی
وەستایی دەوێ و دەھۆ بە نەرمی
سووڕی شەو و ڕۆژ لەنێو جیھاندا
بڕوانە خودا بە مەی نیشان دا
تاریکییە لایە لایە ڕوونە
دایناوە لەبەر مە بۆ نموونە
کارێکی بە ڕۆژ نەھاتە بەر چەنگ
پێک دێ لە شەوی ڕەشا بەبێ دەنگ
ئەو زۆڵی چرووکی دووزمانە
بۆ میری ئەوەندە ڕست، لەمانە
ڕێی بیری لە پێش بڕی بەجارێک
خونکاری لە بارێ بردە بارێک
ھێنایەوە ھێندە شێر و ڕێوی
ڕازاندێوە پیسدڵی و دزێوی
میر ببوە ھەسانی ژێر زمانی
پێی داسوەوە ئەوەندی توانی
زوو باوەڕی کرد بە گفتی بەدفەڕ
گەڕناسی لەبیر چوو،کەوتە سەر گەڕ
فەرمووی بە سپاردە، بێژە تاژدین
من بۆ چمە بێئەوان سەر و ژین
ئەو مایەیە بۆ شکۆ و بەختم
لەوڕایە کە خێوی تاج و تەختم
ئەو ھۆیە کە من بڵیندە ناوم
لێم ببڕێ منیش لە ژین بڕاوم
گەنجینەم و ھەژدەھامە تاژدین
تاریکەشەوم، چرامە تاژدین
خۆی دانێ وەکوو برابەشی من
زین و مەمی ویستووە، پێشکەشی بن
چی خواستووە من بەجێی نەھێنم؟!
لێم زیز بووە، من سەیر دەمێنم!
ھەرچی بە دڵ و دەمی ئەوا بێ
بڕیار بێ دەسەوبەجێ ڕەوا بێ
ڕاسپاردە گەڕاوە کن برایان
گێڕایەوە گفتی میر لەلایان
شێرانی بەکینە وا نەرم بوون
بۆ میر بە نزایە سەرگەرم بوون
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/٤٨». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.