شاعیر: شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: شیعری نوێی ئازاد
لە سۆفیادا
١

ئەوا ئێستەیش
گەیشتینە بەردەمی سۆفیای سەوز
کە ھەر وەکوو سنەوبەری تیتک تەڕی دوای باران
خاوێن..خاوێن، لەش برۆنزی،بریقەی دێ و
لەو دوورەوە زەردەی بزە
ئەدا لە دەم وچاومان.

***
لە پەنجەرەی واگۆنەوە سەر و ملی دەرھاتووم

ئەڵێی ھێشووی بەردەمی ڕەشەبایە
ھەر دوو چاوم نیوە نووقاو ئاو تێزاو
دنیا ئەفڕێ و کەم خایەنە ئەم پەلەی تەماشایە.

***
لە جۆلانەی ناو بالقۆنی سەر نھۆمی بەرزەوە

وەکوو لەشم خەیاڵم ڕائەژەنم..
بۆ بەرەو خوار، بۆ بەرەو ژوور ڕوانینم
دێت و ئەچێ و
ئەوەی خەڵکی نایبینێ من ئەیبینم.

***
کچ بە چەپک زەرد و سوور

شەقامەکان گوڵدانن
ئەوە بۆیە ئەمجارەیان شیعری سپی ھاوینەم
بۆن خۆشترین عەتری وشەی
گوڵزاری ناو دیوانن!

***
ئەی کچانی لەش کەروێشکیی نەرم و نۆڵ!

لەبەر ھەتاو پێستی شان و لامل تانیوەی قۆڵ
وەکوو ڕەنگی قەیسی گەییو لێ ھاتوو
من ئەمزانی ئێوە کوشتەی
تیشکی خۆری بەتاون،
بۆیە منیش ھەتاوی سووری ھەڵبەستی
خۆرھەڵاتیم لە چاودا بۆ ھێناون.
ئەی کچانی پۆشاک سادەی نێو باخچە!
من بۆ پووزی خڕ و قەڵەو، لەرەی مەمک وگوڵمە گۆشتی بەرچەنە
بۆ پیرۆزەی چاوی شین و زەردەخەنەی بەشنە
بۆ پل و پێی پچکۆلانە و سەری پەنجەی وەک گێلاس
بۆ گەردنی یەک قولانجی و لووتی قنجی یۆنانی
شاعیرێکم شیعری کێویی بۆنکەرم
بۆ کوێ بڕۆن من لەو شوێنە ئامادە و
جارێ سێبەر ، جارێ سروە و
ھەندێ جاریش پەیکەرم.

***
ئەی سۆفیای قشتیلانەی ھەمیشە ڕەنگ حەمامی

پەساپۆرتم پۆلیسەکەی بەرباخەڵ
ئەڵێ ئەبێ بەجێت بێڵم، بڕۆم بۆ ڕۆژی دوایی.
ئەوا ئێستەیش ئەی سۆفیای ڕۆح شیرین
با پێش ئەوەی ھەر دوو دەستی دۆعا خوازیم ھەڵبڕم
ڕوو بکەمە ئارامگاکەی «دیمترۆف»
تا لەوێدا منیش وەکوو ھەزاران
خەڵکی دنیای ئازادیخواز ڕیز بگرم .

٢

وەک کشتەکی ھەزار موورووی ڕەنگاوڕەنگ
چەتری سەر سەر لەبەر ھەتاو
ڕیز بەستووە و کشاوە
ڕوەو دواماڵ، جێ نزرگەی دیمترۆف
ھەنگاو وردە، بەوچانە و وەستان زۆر
مەگەر کۆکە یان پژمینێکی ناوەخت
بیشڵەقێنێ گۆمی مەکسی
ئاپوورەی خەڵکی بەر خۆر!

***
پاسەوانی قۆزی بەردەم ئارامگا

دەس لەسەر چەک ھەر ئەڵێی بووە بە بەرد
ترووکەی چاو، بزاوتنێکی نیگا
مشەمشێ، ھەناسەیەک، لەرزینێ
نابیسی و بەدی ناکەی
چەند بوەستێ و چەند بڕوانی و سەیرکەی!
گۆشت و خوێنە؟ یان مۆمیای بێ گیانە
دوا ڕۆیشتنیش ئەم دوو شتە
لە لات جێگەی گومانە!

***
کە سەر ئەکەی بە ڕاڕەوی

نیوە ڕووناکی نزما
وەکوو خەو بێ ترسێک گیانت دائەگرێ
ڕیزی باریک ھەتاکوو زیاتر بتبا
ھەیبەتی شوێن، قوببەی بەسام، ڕێی مەڕمەڕ
مەشخەڵی سەر گاردی وەستاو لە سووچدا
خورپە خورپی سەعاتی دڵ خێرا تر، گورجتر ئەکا!

***
ھەر خولێک و بە لای چەپا سەر سووڕا

لەسەر چرپای ناو شووشەبەند
«دیمترۆف» لەسەر پشت ڕاکشاوە
چەپکە گوڵ لەژوور سەرا
ھەتا سەرسنگ داپۆشراو
دەستێکی دەرھێناوە
ئەڵێی بۆ سەر خەوێکە و ئێستە چاوی لێک ناوە!

***
ئەی پڵنگی سوور و سپی ڕاکشاو!

بە پەیژەی دەنگی تۆدا
بولگاریا سەرکەوتە
سەر دوا پلە و دەستیشی
گەییە مانگی ئازادی
ئەی گۆرانیی ھەژاران!
ھەر بە ڕاکشانەوە
تۆی ڕووباری بەھاژە
ڕۆژ نییە لێرەو لەوێ
ھەزاران ھەزار شەپۆل
ھەڵنەسێنیتە سەر پێ!

1985
بەرگەڵو
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێرکۆ بێکەس. «ڕەنگاڵە/دەفتەری گەشت و خۆشەویستی/لە سۆفیادا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/٧.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.