شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
ئاشتی
دایکی دڵسۆزی جگەرسووتاوم
برای ئازیزی برا کوژراوم
خوشکی سزاکێش، دڵ بە خەم کف بوو
لاوی بە قیمەت خوێنی گیان ھەڵچوو
پیری پەککەوتەی فرمێسک قەتیس ماو
شەڕ دیو دڵ بە قین خانە و ماڵ سووتاو
خەڵکینە ئێوە ھەموو بە یەکجار
کرێکار ڕەنجبەر، دەوڵەمەند، جووتیار
تێکۆشن بەدڵ بۆ ئاشتی دنیا
ژیانی گەلان، ناوجەرگەی ھیوا
بانگکەن بە یەکدەنگ دەنگی دلێران
ئاشتی نەوەک شەڕ شەڕی دڕندان
ژیان نەک مەرگ، ژیانی ئازاد
دیموکراتی و ھەق و خۆشی و داد
نان نەوەک گوللەی گەرمی جگەربڕ
شادی نەک گیانی شەقار و ونجڕ
شار نەک وێرانی، دێ نەک بۆمبای کوێر
نابێ دنیامان بکەن سەرەوژێر
ڕووناکی نەوەک تاریکی و ناڵین
جل نەوەک تانکی قورسی ئاسنین
قەیماغ و شەککر نەوەک شیر و تیر
ئازادی نەوەک پێوەند و زنجیر
زەردەی لێوی ساوای بە خەندە
نەوەک بریسکەی قەمەی کوشەندە
قاقای بە سۆز و پیرۆزی دایکان
نەک شین و شەپۆر گریە و لە خۆدان
وەرن ئەوانەی دڵ پڕ لە قینن
ئەوانەی جگەر پڕ لە برینن
ئەوانەی بەرگی خوێناوی بەکۆڵ
بێبەرگ و بێنان ئەڕۆن دۆڵاودۆڵ
ئەوانەی کوڕتان لە دار دراوە
ئەوانەی ماڵتان وێران کراوە
ئەوانەی گۆڕی ئازیزتان گەرمە
ئەو ئینسانانەی کە دڵتان نەرمە
بانگکەن بە وێنەی بروسکەی بەتین
ئاشتی و ئازادی نەک ژینی ژەھرین
نە گۆیژەی زەردی ئاڵتوونی جوانت
نە پیرەمەگروون نە ھەورامانت
نە گیای نەرمی جوان نە بی، نە چنار
نە لالە و نێرگس نە سێو نە ھەنار
نە شار و نە دێ نە جادە و کۆڵان
نە گوڵ نە بولبول نە دۆڵ نە باخان
کەژ و دار و بەرد زاک و خۆڵ یەکسەر
دوشمنی شەڕن ھەموو سەراسەر
کۆترێک سپی، دەنووک سوورەگوڵ
وا لە ئاسمانا ئەفڕێت زۆر بەکۆڵ
خوای شەڕیش تیری لە ناو کەوانا
چاو سوور ئەڕوانێت بە ئاسمانا
تیری ئامادە بۆ مەرگی شادی
ھێزی لە کاردا دژی ئازادی
بانگکەن پێی بڵێن جانەوەری شەڕ
ئەگەرچی خۆشت بکەیت لاڵ و کەڕ
وا ھاوار ئەکەین «سینگمان قەڵغانە»
بۆ ئەو تیرەی تۆی لەناو کەوانە
سەری ئەو تیرەت ئەکەین بە دڵتا
تەخت و بەختەکەت ئەخەینە ژێر پا
لەسەر ئەژنۆی گەل گەلی ئاشتیخوا
ئەتھاڕین وەک خۆڵ ئەشتکەین بەربا
ئەی شەڕ چەند بەدخوو ناپەسندکاری
دوشمنی ڕووت و پۆشتە و ھەژاری
ئەرخەوانەکەی سەیوان شایەتە
کە چەند گیانی گەنج وا لە ژێر پێتە
چۆن لە دەشتی وەیس لە لای شێخەباز
خەڵکی کەلاکیان ئەپچڕی بە گاز
سەربازی تورکی برسیی بەسزمان
چۆن گیایان ئەخوارد ھەر وەکوو حەیوان
چەند تورک و عەرەب لەم دەبۆیەدا
بێگوناھ ئەکران بە سێدارەدا
چەن ڕۆلەی شاری سولەیمانیمان
لە حومس و حەما بەر دەستڕێژ دران
ھەزار بەندی دڵ وەک قالەی نەبات
بە سونگی جەرگ و دڵ و سیی دەرھات
سەدانی وەکوو حەمدی گورگە بۆر
پەت لە گەردندا مردن بە ناسۆر
چەند ساوای کەساس زۆر بە ئاسانی
سەگ و گورگی ھار بۆ خۆی فڕانی
لە بیرتان نییە ئەوسا گۆشتی کەر
بووبووە خواردنی دانسقەی بەشەر؟
چەند کەس بێ کەس بێ پەنا و بێ نان
شێت بوون و کەساس دایانە کێوان
چەند نامووس تکا چەند شەرەف شکا
چەند کەس سەربڕا چەند لانە شێوا
ماڵی «عارف بەگ» بە بۆمبای گران
چۆن بە خەڵکەوە بوو تەخت و وێران
چۆن بە سەبەتە ئێسقانی مردوو
ھێنرانە دەرێ لە دار و پەردوو
چۆن شۆڕانەوە و چۆن سولەیمانی
گریا ئەو شەوە تاکوو بەیانی
ئەم ناسۆڕانە و گشت سزا و جەخار
ھەموو تاوانی شەڕی ئیستعمار
بمرێ زۆرداری، بمرن شەڕگێڕان
ھەر بژی ئاشتی بژی میللەتان
ئەی کوردی نەبەز ھەموو ڕاپەڕن
لەغاوی پیسیی شەڕگێڕ ھەڵدڕن
لە بیرت نەچێ ئەی کوردی نەبەرد
ئەی لاوی دڵسۆز ڕۆلەی جەوانمەرد
تۆ یاساوڵی ئاشتیت برا گیان
بۆ ئاشتی ئەبێ خۆت کەیت بە قوربان
بە یادی کاوەی چەکوش وەشێنت
شۆڕشی سووری سەرتاپا خوێنت
بە یادی ڕۆژی نەورۆزی میللەت
ھەموو بە ئاشتی سا بکەن ھیمەت
چەکوش لە مێشکی خوای شەڕ ون کەن
ئاڵای ئازادی و ئاشتیتان ھەڵکەن
بانگکەن ھەر بژی کورد و کوردستان
ھەر پایەدار بێت سەلامی ئینسان
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاشتی/ئاشتی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.