شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
ئەختەر
ژاندارکیان سووتان، «زێڕین»ی کچەکەی شاری نەغەدە، ھەردوو چاویان ھەڵکۆڵی... ئەختەریش قوڕقومشیان بە سنگیا توانەوە لە ڕێی «ئازادیا»
زامی ئەختەر....
زامی ژنی وڵات پەروەر
وەک فوارەی نووری ھیوا
خوێناوی گەشی ھەڵئەدا
ھەزاران گیانی ئاگرین
وەک شەپۆلی گڕی بەتین
بەربوونە جەرگی شەوەزەنگ
بوو، بە تەق و تۆقی تفەنگ
بناوانی پەروا ڕما
ئاگر، لە ئارام بەردرا
خەفەتی چەند ساڵەی ژیان
تەقی وەکوو بۆمبای گران
سنگی ئەختەر ئاڵ وەک شەبەق
تێی ورووکا گوللەی ناھەق
چەند جوان بوو، لە جیاتی خشڵ
گەردانەی قەترەی خوێنی دڵ
ئەڵا لە نەرمایی گەردن
شەرمەزار بوو، ھێزی مردن
لەسەر لوولەی ڕەشی تفەنگ
«کۆڵنەدان» کردی بە ئاھەنگ
دەلاقەی زامی وەک پشکۆ
بانگی ئەکرد وەتەن بۆ تۆ
بەم چەشنە ئەمرن کچ و کوڕ
بۆ شەوی ژین ئەبن بە گڕ
***
ئەی لاوانی کڵپەی ژیان
لە جیاتی خەفەت و گریان
لەم ڕۆژانەدا بۆ ئەختەر
پەیکەرێک بکەن، لە گەوھەر
لێی بنووسن «سلێمانی»
شاری ھەڵمەت و قوربانی
شانازییە بۆ، گەورە و ورد
ژنی وای ھەبێ گەلی کورد
***
ئەی ژنی شەھیدی ئازا
کە خوێنی گیانی تۆ ڕژا
گوڵێکی ئەوتۆی پێپشکووت
دڵی ھەموو کورد بۆی بزووت
چەنکە گوڵێک بوو، سوور و گەش
پڕ، لە شەونمی تۆڵڵە و خەش
ئەی گوڵی سووری ناسک نێژ
کە بووی بە قوربانی دەسڕێژ
سروودێکمان بۆ گیانت خوێن
پڕ بوو لە قەترەی سووری خوێن
***
ئەختەر ئێستەش چریکەی تۆ
وەک تریشقەی دەمی ئاسۆ
دەنگ ئەداتەوە لەم شوێنە
شوێنێک پڕ لە جۆگەی خوێنە
ڕەنگی برینەکەی لەشت
دڵۆپی خوێناوی گەشت
نەخشن لە کەناری شەقام
ھەوێنن بۆ شیعری ھیوام
تۆ، لە چاومای ئەی قارەمان
بڕژانگ لە جیاتی ئەرخەوان
چەتری ئەو گیانە پیرۆزەن
سێبەر، بۆ جەستەی تۆ ئەکەن
ئەختەر، لەناو باخی دڵا
لەناو چیمەنی پڕ گوڵا
پەیکەرێکم داناوە بۆت
ئاگری سوورە وەکوو خۆت
لە دڵما، شوانی شمشاڵ ژەن
لە گۆرانیدا، بۆ وەتەن
ناوت دێنێ بەکوڵ، بەسۆز
ناوی پیرۆزت ئەی دڵسۆز
یادت وەکوو زێڕ و گەوھەر
«قەت ژەنگ ھەڵنایەنێ ئەختەر»
1958
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/ئەختەر». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٤/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.