شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
باوەشێنی گیان
دڵداری، پڕیش بێت لە ناسۆر لە ڕێی زۆر گەنجایە
لە شیعری گەرمی ناسکۆڵە
ئەی فریشتەی جوان، کچۆڵە
پەپوولەیەکم کرد بۆ تۆ
ڕنگم کرد بە تیشکی ئاسۆ
نەخشانم بە تاسەی دڵێ
بۆ دڵداریی پاک ئەکوڵێ
ناردم بۆ باخی دڵداریت
کەنار قەڵبەزی نازداریت
نیشتەوە، لەسەر گۆنای گوڵ
کەوتە لەرزین بە جۆش و کوڵ
پرچی زەردت بە نیانی
کەوتە باوەشێنی گیانی
کەچی خونچەی دەم کە، لەرزی
ھیوای، پەپوولەکەم بەرزی
ھەڵفڕی ھاتەوە بۆ لام
بەڵکوو نەختێ بگرێ ئارام
لێم پرسی چیی وت خونچە دەم
خونچەی دەمی شیرینەکەم
بەڵام وەڵامی نەبوو، مرد
نازانم بۆچی وات لێکرد
وا خۆم ھاتوومە لات گیانە
توو، ئەو بەژنە ڕێک و جوانە
توو، شووشەی مەچەک و گەردن
چیت وت بە پەپوولەکەی من
نە شیعرەکەم، نە نامەی ئاڵ
کاری تێنەکردی چاو کاڵ
بڵێ،... وا خۆم ھاتووم شیرین
منت ئەوێ، ئەی نازەنین؟!
1957
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/باوەشێنی گیان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٤/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.