شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: تەرکیببەند
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
بەھار
لە ھەموو شتێکا جوانی
بەفری غەمگین توایەوە ڕەنگی گوڵم ناچێتەوە
خونچە تارای سووری پۆشی و گەردەنی ناشکێتەوە
وەک چلوورەی ڕۆژی زستان ئەم گوڵەم ناتوێتەوە
تیشکی خۆرە وردە، وردە ھەر وەکوو ئاڵتوونی خاو
توایەوە، ناو ئاوی چەم، ھەستا لە چەم پرشنگی ئاو
تاشە بەفری لووتکە ھەر وەک لەشکرێک بێت و بە زیو
تیشکی زێڕینی بەھار، دوای کەوتووە بیکا بە زیو
بیڕژێنێتە دەمی چەم، ڕای بدا، تا جەرگی شیو
وا گوڵاڵە شەونمی نواند بۆ مەلانی نەرم و نۆڵ
بوو بە ئاھەنگ لەو چیایەی دوێنێ مات بوو، چۆڵ و ھۆڵ
وردە بەفری سێبەری مەڵبەندی بەرز تاسێکی سوور
نەرمە پرشنگی گزنگی تێکەڵاو، وەک وردە نوور
ھەر ئەڵێی تاسێکی ئاڵتوونە و لەسەر گەردن بلوور
سوخمە «گوڵ» سەر پۆش، تەمی نەرمی تەنک
بوو، بە ملوانکەی ملی کەژ، ئاوی بەفراو تک بە تک
لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٧ دا لە «ژین»دا بڵاوکراوەتەوە.
1957
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/بەھار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.