شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
جەمیلە
جەمیلە گیان: سەلمانت بە دڕندە ئیمپریالیزمیە فەڕەنسەییەکان کە دوژمنە گەورەی ڕۆبسپیرن...
ئەی جەمیلە...
سڵاو، لە ئاگر و ژیلە
لە حەیرانا، لە لاووکا
کاتێ کچ لەگەڵ باوکا
ھەڵمەت ئەبەن بەرەو مردن
بەرەو قەڵای سەختی دوژمن
لە ھێرشی سەرکەوتنا
لە کاتی «بۆ گەل» مردنا
کاتێ لە نزار، لە مەڵبەن
ئەمانسووتێنن بۆ وەتەن
ناوت وەکوو وشەی نەمر
ئەڕژێتە ناو گەرووی ئاگر
ئەی جەمیلە...
سڵاو، لە ئاگر و ژیلە
لەسەر، زنجیرەی گرد،... چیا
لەو شوێنەدا، مانگ بە تەنیا
ئەنواڕێتە خوێناوی گەش
زامی دڵ ئەگرێتە باوەش
بە تیشکی سووری ئاگرین
با، وێنەی تەورێک بکێشین
وێنەی تەور و دەس و بۆمبا
وێنەی ڕووی جەمیلەی ئازا
با، لە دەربەندەکەی بازیان
کە دوژمنی کورد ئەگریان
لەو شوێنەدا، شوێنی ھەرا
کە ئاڵامان «تیا ھەڵکرا»
با، لە چیا، لە شیو، لە ھەرد
«جەمیلە» بنووسین لە بەرد
وەرن، با بە سروودی ئاڵ
لەگەڵ سۆزی گەرووی شمشاڵ
زیندان بێنینە لەرزە و جۆش
ڕایپەڕێنن شاری خامۆش
***
ئەی باڵندەی ھەستم بە گوڕ
بفڕە بۆ ناو، بڵێسە و گڕ
بۆ «جەزایر» خاکی ژیلە
بڵێ بە خوشکە جەمیلە
«سڵاوی گەردەکەی سەیوان»
«سڵاوی گەرمی نیشتمان»
پێشکەش بە تۆ، ئەی کچی لاو
ئەی پەروەردەی گڕ و خوێناو
ئەی جەمیلە...
سڵاو لە ئاگر و ژیلە
لە ھەموو شوێنی کوردستان
باسی تۆیە ئەی قارەمان
چونکە کچ و کوڕی ئێمەش
کە، ڕوو، ئەکەنە گڕی گەش
ناترسن وەکوو تۆ ئازان
لە مەرگ و سزا، بێپەروان
«کچەکەی نەغەدە بەخشی»
«بۆ کورد ھەر دوو چاوی گەشی»
ئەی کیژۆڵەی بۆمبا ھاوێژ
بانگ ئەکەین «زۆرداری خوێنڕێژ»
نەکەی دەس و پەنجەی مردن
«تەور» درێژ کەی بۆ گەردن
«تاوانبار، دانێ، تەورەکەت»
ژێر ناکەوێ ھێزی میللەت
ئەی خاکی ئاگر و ژیلە
ھەزار سڵاو لە جەمیلە
ئەم ھۆنراوەیە لە گۆڤاری «شەفەق»ی ژمارە ٢ی ساڵی ١٩٥٨ی ١٥ی شوباتا بڵاوکرایەوە.
1958/2/15
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/جەمیلە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.