شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
دیاریی نەورۆز
گەلێ چیی ویست پێی ئەگا
بۆ، ڕۆژی نەورۆز سێ چەپک
لە نێرگس و گوڵی ناسک
ئەکەم بە دیارییەکی جوان
بۆ گەلی کوردی قارەمان
«گوڵاڵە سوورەی پارچەی دڵ»
«ھی دڵێک کە کەوتە ژێر گڵ»
دڵی ئەو لاوەی بۆ میللەت
جەڕانیان لە گەردنیا پەت
چرای گیانیان کوژانەوە
شەماڵ جەستەی شەکانەوە
ئەم چەپکە گوڵەی من پێشکەش
بەوەی «گڕ» ئەگرێتە باوەش
بەو لاوانەی کە، بۆ، وەتەن
لە خەباتا پشوو، نادەن
«بۆ، ژینی کورد، بوون بە پێشەنگ»
بوون بە مەشخەڵی شەوەزەنگ
***
نێرگسی دەشتی ھیوای ژن
کە، بۆ ڕۆژێ تێئەکۆشن
جەرگیان بەسەر، دڕکا، نەدەن
ئەگریجە، دەسکەنە، نەکەن
ڕۆژێک بێ، کۆرپەلەی ڕووخۆش
_ زۆردار_ نەیفڕێنێ لە کۆش
ئەم چەپکە نێرگسەی ژیان
پێشکەش بە تۆ بێ، دایە گیان
بە تۆ و، بەو ژنانەی دوژمن
کوڕە، گەنجەکانی کوشتن
***
گوڵە زەردی کوڵمی ھەژار
کە «وەریوە» بە قامچی و دار
پێشکەش بێ، بە ھاوڕێی پاڵە
بەوەی ژیانی لا تاڵە
بە ھەژارانی شار و دێ
بە بێ کەسانی سەرەڕێ
***
ئەم گوڵانە ئەم سێ چەپکە
کە پەڕەیان، تەڕ، ناسکە
لە یەک دەشتا، یەک چیمەنا
لەناو دەروونی وەتەنا
ھەر لە یەک جۆگەلەی یەک شوێن
مژیویانە، دڵۆپی خوێن
***
دوای پێشکەش کردنی دیاریم
ئەڵێم «بێ شک» کوردەواریم
ئەی نەورۆزی ھەزار ساڵە
لێی ھەڵدێت، شەبەقێک ئاڵە
ئەم ھۆنراوەیە، لەلایەن کاک «حسەین عارف»ەوە کراوە بە عەرەبی و لە گۆڤاری «شەفەق»دا ژمارە ٧ بڵاوکراوەتەوە.
1958/03/21
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/دیاریی نەورۆز». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.