شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
دیواری سەوز
گیانە شیرینەکەم: بە چاوی تۆ، «ژیان تێکۆشانە»،
ڕووم، تێکە، ئەی کچۆڵەی شەنگ
ئەی گەردن زەردی گەنم ڕەنگ
با دڵ، لەگەڵ تریفەی مانگ
«ھێمن» بژی تا دەمەو بانگ
وەرە، لەگەڵ سروەی شەماڵ
بنۆشم قەترەی دەمی ئاڵ
لە بیرمە، دەستەی دڵ مردوو
خۆیان و کوتەکی ماندوو
دوای دارکاریی ئەوانی تر
ھاتنە وێزەم وەک ئاگر
ئەتوت دیوارێکی سەوزن
چاویان پشکۆ، دڵیان ئاسن
ترپەی پێی وڵاخی سەرکێش
دڵی گەڕەکی خستە ئێش
ڕووم، تێکە و ئەی کچۆڵەی شەنگ
ئەی گەردن زەردی گەنم ڕەنگ
تا، نەھاتوونەوە بمبەن
وەک پیاوکوژێک زنجیرم کەن
با تێر، سەیرت بکەم، شەیدام
ئەی گوڵی ناسکۆڵەی ھیوام
خاوەنی عەشقێکی پەتیم
گیانە دەمێکە عەزرەتیم
با ماچت کەم نەک ئەمجارەش
بمبەنەوە زیندانی ڕەش
ئەگەرچی ھەرگیز سزادان
تاریکایی قووڵی زیندان
لام نادەن لەم ڕێگە ڕاستە
ئازادی، گەلم مەبەستە
سەیرم کە ئەی کچۆڵەی شەنگ
ئەی باڵا بەرزی گەنم ڕەنگ
1957
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/دیواری سەوز». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.