شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
دەس و پلی
جوانی... جوانی
لەناو کچەکانا، زۆرم دی
بەژنی ڕێک، پێستی پەمەیی
چاوی گەش و کەمەری شل
ورشەی سنگی جێ درزی جل
ڕووتی سەرشان و بەر گەردن
جوانیی پێ و پل، کوڵمی گۆشتن
بەڵام دەس و پەنجەی وا جوان
نەبووە، نییە ئەی پەری گیان
ئەڵێی قەڵبەزی زیوینە
ئەو دەس و پلە شیرینە
نینۆکەکانت وەک یاقووت
بێخی دڵم بۆیان بزووت
کە دیمان قەڵپەزی زیندوو
گلێنەی دڵمان ئەبڵەق بوو
من و گەنجەکانی گوزەر
ئەمانوت ھونەرە، ھونەر
دەسی وا لەدەس بکەوێ
دڵ تاکوو ماوە بسرەوێ
1958
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/دەس و پلی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٤/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.