شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
سروودی سەرکەوتن
ھەر ئەبوو، شۆڕش بەرپا بێت، بەڵام بە بیرما نەئەھات، ئەوا کوتوپڕ و بەم شێوەیە، ئەموت شۆڕش ئەبێت بەڵام خوێن ئەبێ لاشە بەرێت.
ڕۆژی ١٥/٧/١٩٥٨ کە ڕۆژێک پاش شۆڕشی پیرۆزی جمھوری ئەکات، چووم بۆ بەغدا، وە لە بەیانی ڕۆژی ١٦/٧ لە بەغدا ئەم ھۆنراوەیەم داناوە لە ئێستگەی جمھوریەتەوە پێشکەشم کرد.
ئەی مەلی وردیلەی دەنگ خۆش
بۆم بڵێ ئاوازێک بەجۆش
ئاوازێک بێ، ھی خوێن ڕشتن
نەمەی ئازادی و سەرکەوتن
بەستەی گەرم وەکوو ھەتاو
ھی ھەڵپەڕکێی کۆڕی خوێناو
بەستەی گیان و دڵ ھی دەروون
شیعری ئەوانەی سەرکەوتوون
شیعرێ بێ ئاگراوی بێ
وەک چەنگی گەل خوێناوی بێ
وەک قینی دڵ جۆشی تیا بێ
یادی تاڵ و خۆشی تیا بێ
باسی ڕۆژانی جاران بێ
ھی تاریکایی زیندان بێ
ئەی باڵداری وردیلانە
ڕۆژێک بوو، ئەم نیشتمانە
مەزاتخانەی لەش و گیان بوو
بازاڕی غەم و گریان بوو
ھەر قژ بوو، ڕەش، خورمایی، زەرد
لەسەر شان و ملی بێگەرد
بە فرمێسکی ئاڵی خوێنین
ئەلکا بە گەردنا غەمگین
چاوەنواڕیی کچۆڵەی شەنگ
ئەڕژایە ناو زیندانی تەنگ
بەشمان، دارکاری بوو، لێدان
مووچامان تف، جنێوپێدان
قامچی لەسەر پشتی زامدار
ئەیزیڕان با بمرێ زۆردار
لەبەر، زیندانەکانا ژن
بەڕیز ھەر وەکوو مێگەل بن
یا ساوڵێک و تف و دار
ئەیھێنانە گریە و ھاوار
«بەزەیی لە چاوی دوشمن»
«تۆرا بوو وەکوو ئێستەی من»
بۆ، سەرداری پارەپەرەست
بواریان نەئەداین بە بست
لە ڕوومەتی ناسکۆڵەی ئاڵ
لە بەرگەردنی زەردی کاڵ
لە دەم لیرەیان دروست کرد
خوێن و شادی و ئارامیان برد
بزەیان لە دەمی ساوا
ورشە، لەناو قژی خاوا
خەندەی گەشی خۆشەویستی
زۆر شت کە دوشمنان ویستی
ئەیان دزی ئەیان مران
خەویان لە پێڵوو، ئەتۆران
لانکەیان ئەنایە دەریای
خەفەتی ژیان و سزای
قرمە قرمی گوللەی لەپڕ
گرمەی بۆمبای زەمین ھەڵدڕ
زۆر دڵی کرد بە قوربانی
ئیستعمار و نۆکەرانی
نە بە خوێن، نە شتی دەگمەن
نە سامان و پیتی وەتەن
تێر خواردنیان بۆ، نەبوو، ھەر
خوێنمژتر بوون لە جانەوەر
سێبەری سێدارە و ھی پەت
لەسەر، ڕوو، نەخشێک بوو، خەت خەت
ئاسمانیش ھەر، ڕەنگی لێڵ بوو
ئەستێرەش لای من ھەر وێڵ بوو
گوڵ، لەلام گەشی تیا نەبوو
ھەر، لە گوڵی بەردین ئەچوو
بەڵام ئەمڕۆ، کە ئازادین
ئینجا ئەزانم چییە، «ژین»
ئەستێرە، وەکوو زیندوو بن
لەناو ئاسمانێکا، بێ بن
یاری ئەکەن، ئەجریوێنن
جوانترین دیمەن ئەنوێنن
گوڵیش ئەڵێی پەڕەکانی
لێی نووسراوە _ کامەرانی _
جاران خاک بە خوێناو ئاڵ بوو
تامی ژیانی گەل تاڵ بوو
ھەر، زڕەی زنجیر بوو، ئەھات
زیندانێک بوو، یەکسەر، وڵات
خوێناو جۆگەلەی ھەڵئەبەست
کەلەپچە مەچەکی ئەگەست
لە تاریکایی زیندانا
لەگەڵ زنجیری گرانا
ئەژیاین و دڵمان پڕ لە قین
بۆ، ڕۆژێکی وا ئاگرین
دەمێک بیری تۆڵەسەندن
تاوێ، خولیای خوێناو ڕشتن
یا، ساتێ بەچاوی خەیاڵ
ئاماندی نیشتمانی ئاڵ
بەھەشتە جوانە، ڕازاوە
بە گوڵ، بە نیگار، نەخشاوە
پڕە، لە خواردنی بەتام
ئاوا بوو، ئەژیاین بۆ ئەنجام
نان، تەنیا نان داواکردن
تاوانێک بوو، وەک پیاو کوشتن
خۆ، باسی سەربەستی و خۆشی
یەعنی «لێدان تا بێھۆشی»
دایەگیان جارێکیان جەژن
جەژنی قوربان بوو، بەڵام من
لەجیاتی جەژنێکی بەتام
ھاتن تێر و پڕیان لێدام
کە ئەمانوت، ئێمە کوردین
ھەر چاک بوو، نەیان ئەکوشتین
خۆ، زۆریشمان وا، لێکۆژرا
زۆر لاوی شەنگ خنکێنرا
دوێنێ بوو، عیزەت، قودسی گیان
خۆشناو و، خەیریی قارەمان
گەردنیان کردن بە پەتا
مردن، لە ڕێگەی میللەتا
ئەوانە، لەسەر کورد کوژران
لە ڕێی گەلا خنکێنران
بەکر، ئەی شەھیدی شیرین
ئەی ڕەمزی ھەوڵ و نەبەزین
لەبیرمە، سەرت، کە شەق بوو
ڕەنگی سوور، وەکوو شەبەق بوو
بیرمە، نەیان ھێشت بۆ دواجار
سەیرێکت بکەم ئەی نازدار
لەسەر کۆمەڵێ ڕم، تفەنگ
دڕندەکان بێدەنگ بێدەنگ
بردیانی بۆ، گردی سەیوان
قەدەغە بوو، ھاتن، گریان
کێ گریا بوو، ناوی نووسرا
زۆر ژن و کچیش بانگ کرا
ئەختەری قارەمانی ژن
شەوەکە! ڕووبەڕووی مردن
بانگی ئەکرد «ھەر بژی کورد»
بۆ کوردە، ئەمرین گەورە و ورد
خوێنی کە، ڕژایە زەوی
نووسی «دوشمن ھەر ئەنەوی»: _
دوشمن سبەینێ لاشەکەت
وەکوو بەرازێک ئەکەین پەت
ئاوا، ئەوسا کوردپەروەری
لێی نووسرا بوو، «نەکەی ئەمری!!»
***
مناڵ، لەسەر سنگی گەرم
لە باخی سنگێکا نەرم
لەگەڵ خورپەیەکا، وەک مەل
ئەکەوتە جۆشی پەلەپەل
یان گوللەیەک بێ بەزەیی
ئەیسمی کوڵمی پەمەیی
ئەمەیی! شیر و خوێنی گەش
ئەمرد، دەمی سوور، چاوی ڕەش
***
دایە گیان مەگری وەک جاران
ئیتر، نامبەنەوە زیندان
دڵنیا، بە، دوشمنەکەم
من زنجیری لە پێ ئەکەم
منم پێی ئەڵێم زیندانت
دانا، بۆ ھاونیشتمانت
داتنا، بۆ خوێنمژینی گەل
بۆ خوێن ناردن بە پەلەپەل
خوێن..! بۆ کوێ؟ بۆ شاری لەندەن
بۆ دوشمنەکانی وەتەن
تۆ زیندانت دانا و کەچی
خۆت تیا ئەمری بە ملکەچی
گەر، ئەشپرسی بۆ، بەم ڕەنگە
ناخۆش و تاریک و تەنگە
دوشمن، من پێت ئەڵێم کەوا
خۆت بووی، بنچینەیت دانا
خۆت بووی، وا بۆت کردین کۆنبڕ
لەشت تیایا ئەکرد ونجڕ
قامچیت لەناویا ئەپچڕان
گیانت تیایادا ئەڕزان
زۆر شەو، تانجیی وەزیرە کۆن
ئەتانوت زووخاوتان بخۆن
نان نییە، بە ئێوەی بدەین
ئێمەش ئاواتان لێئەکەین
دەتۆش دەردت بێ، بەشت بێ
خوێنی خۆت تێکەڵ ھەشت بێ
دانیشە سەرگەردانانە
کۆشتان وەک کاسەی گریانە
دەی زیاتر، زیاتر ملکەچ کەن
ئەی خائینەکانی وەتەن
دەک ھەر خۆتان بە خۆتان بن
ڕەوایە بەم چەشنە بمرن
ڕەوایە ئاوا پەت کران
بەڵێ ھەق بوو، ونجڕکران
***
ئەم کوردستانە شیرینە
کە سەرچاوەی خۆشی ژینە
باخەکانی گەردی خەمی:
لێ باری بوو دۆڵی چەمی
خوێناو بوو ھاژەھاژ تیایا
ئەڕوێ، لە دەشت و چیایا
کوردستان ئاسمانی شینی
باخی پڕ گوڵی ڕەنگینی
لە دەمێکەوە بوو، خەفەت
پیایا، دابوو پەردەی مەینەت
کوردستانی وەکوو بەھەشت
زۆردار کردبووی بە جێی گەشت
ھاوینە ھەواری نازدار
بوو، بوو، بە بەھەشتی زۆردار
جوانیی سروشت و ھی ئافرەت
لە عەزرەت ئازاری میللەت
ژاکا بوو، وەک گوڵی پاییز
غەمگین بوو، کورد، کوردی ئازیز
***
نەیان ئەھێشت تەرمی پیرۆز
تەرمەکەی شێخ مەحمووی دڵسۆز
بە سەربەستێوە بنێژین
نە ئەبوو، ئەشکیش بڕێژین
دوژمنی کورد، بە بێ شەرمی
ھەتا وەکوو، لەشی، تەرمی
دایەوە بەر گوللە دیسان
بە کۆچ کردوێتیش قارەمان
لەشی وەک بێژنگ کون کون بوو
خوێنی دەماری کورد ھەڵچوو
پەلاماری دایەوە و گیان
ئەوەری وەک گەڵای خەزان
***
کوردستانی نازداری جوان
کوردستان خاکی قارەمان
کوردستانی گلێنەی چەم
کەوتبووە ناو گەرداوی خەم
خوێن ئەباری لە ئاسمانی
ئەسرین ئەتەقی وەک کانی
کام ئاوازە زۆر نیان بوو
وەکوو شەماڵی بەیان بوو
کام نەغمە بەجۆش، یا، مەنگ بوو
کام گۆرانی ھی ئاھەنگ بوو
وشەی ئاگری تۆڵە و قین
لەناویانا، ھەر ئەلەرزین
بوو بووین بە پشکۆ، بە ئاگر
ئێمەی کورد، کورد، کوردی نەمر
بەم چەشنە ژیانی پێشوو
ئاگر بوو، خەم بوو، جەفا بوو
لێدان بوو، زیندان بوو، کوشتن
ھاوار بوو، بانگ بوو، خەم چەشتن
گریان بوو، ڕۆڕۆ، سنگ کوتان
نرکە بوو، ھەوڵ بۆ ژیان
بەڵام ئەمڕۆ، وا ئازادی
کردی بە ئاھەنگ و شادی
کوردستان، بووکی نەشمیلە
ھاتۆتە دەرێ لە ژیلە
کۆتی دیلێتیمان یەکسەر
پچڕان، نەیما، ئەڵقە و جەمسەر
خاوەنی کۆشکی خوێناوی
ئەزانم جگەر بڕاوی
جگەرگۆشەکەت گوێت لییە
لاشەکەی شوێنی ژێر پێیە
کوردی چەشەی سزا چەشتن
پەرۆشە بۆ، تۆڵە، سەندن
ئەی کچانی برا کوژراو
دایکانی کوڕ، لە دار دراو
ئەی تیکە «لێ» فڕێنراو
ئەی لەشکری گڕ و خوێناو
ئەو، وشەیەی کە تەزی بوو
وشەیەک بۆ، سەربەرزی بوو
وشەیەک لەسەر گوڵی دەم
بوو، بوو بە تەرزە، لەتاو خەم
با وەک گوڵ بەسەر ژیانا
لەگەڵ بەستەی کۆڵنەدانا
بیبارێنینە ناو باخێ
پڕی بوو، لە چەشنە داخێ
گوڵ خۆنچەکانی ژاکا بوون
گوڵ بوون و لە چقڵ ئەچوون
***
کەلەپچەمان پسان دوژمن
پەتت ناگاتەوە گەردن
ئەمڕۆ جەژنە ھی ئازادی
بۆ کورد و عەرەب بە شادی
***
ئەمڕۆ، بەیان تیشکی ئاڵتوون
دای لە دجلەی شیرینی ڕوون
تانک، وەکوو ھێزێکی زیندوو
بە بەردمما، کە تێپەڕ بوو
ساڵی پارم بیرکەوتەوە
یادی ڕابردووم خواردەوە
ئەمجارەیان سەربازەکان
ڕوو، مۆن نەبوون وەکوو جاران
بریسکەی ڕەنجیان لەسەر ڕوو
پڕ بوو، لە شەوق و ئارەزوو
وتم بژی برایەتی
خۆش بێ خۆشەویستیی پەتی
1958
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/سروودی سەرکەوتن». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٤/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.