شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
شێخ مەحموودی نەمر
ئەوی ھەر بۆ خۆی بژی ئەمرێ بەڵام ئەوی، ژیانی بۆ گەل تەرخان کا لە دڵی گەلا ئەژی
بۆت ئەڵێم لە دێڕی شیوەن
دوور، لە وردەکاری و لە فەن
کام وردەکاری، کام ھونەر
ھەڵبەستی جوانی وەک گەوھەر
ئەتوانێ وەسفی تۆ، ھەرگیز
بنێتە سەر قاغەز بە ڕیز
باسی دڵ، ھی ئەو دەروونە
ئەو بیروباوەڕە ڕوونە
ئەی کۆچکردووی مەشخەڵ ھەڵگر
ناتوانم بیکەم بە شیعر
خۆزگە فریشتەی شیعری گەش
بە دڵ ئەیگرتمە باوەش
ئەیبردم بۆ لای خوای وتن
دێڕی جوانی ئەدا بە من
چەند دێڕێک ورد، بۆ یادی وا
ئاگر، لە ناخی دڵ بەردا
ئەی شێخ مەحمووی شانازی کورد
ھەموو بەجارێ گەورە و ورد
فرمێسکت بۆ، ئەڕێژین... دڵ
بۆ، کۆچی تۆ، ھاتۆتە کوڵ
با نمی ئەشکی «کوردستان»
لەجێی مداڵیای قارەمان
بکەین بەو سنگە پانەدا
«لە سۆزی ئەم گریانەدا»
ئەڵێم و ھەر وتوومە.... ھەر!
ئەی گەورەکەمان، ئەی سەروەر
زیندانەکانی ھیندستان
«خۆڵەمێشی گەرووی بازیان»
خوێناوی چەمی کەناروێ
زامی دوژمن کە دێتە سوێ
ئاو باریکی دابێژراو
بە گوللەی دەسڕێژی بەتاو
ئەتناسن گەورەی کۆچکردوو
ئەی تێکۆشەری نەمردوو
***
گەورە پیاوەکەی نیشتمان
ھەمیشە زەردەخەنەی جوان
لەسەر لێوی وەک زیوی خاو
یا وەک گزنگی خۆرەتاو
بریسک و ھۆری بوو، شیرین
وەکوو نیشانەی نەبەزین
لە دەربەندی بازیان کە ھات
کڵپەی ئەسەند گڕی خەبات
بەتاو، کە ھێرشی ئەبرد
ئەینرکان و بانگی ئەکرد
مردن بۆ گەل شانازییە
دڵم بەو مەرگر ڕازییە
ئەستێرەی ئادەمی نشین
لەجێی خۆی وەرگەڕێ بەتین
پەراش پەراش بێ لە تەما
«ئەوسا من ئەڵێم کورد نەما»
کورد بۆ ئازادیی وەتەنی
خۆی ئاکا بە سووتەمەنی
- گیانی من کە نەختێ گەردە -
- بۆچی نەیبەخشم بەو کوردە -
لەناو قووڵی دەروونەوە
لەو دڵە پاکە ڕوونەوە
دەنگی ڕزگاری کوردستان
ئەھاتە دەرێ و ئەینرکان
بانگی ئەکرد: _ ژیان بۆ کورد
ئەمرین و ئەڵێن «گیان بۆ کورد»
لەبەر فرمێسکی لێڵ و خوڕ
خامەکەم ھەرچەند ھاتە گوڕ
نەیتوانی بنووسێ پتر
بۆ یادی کۆچکردووی نەمر
ھەر ئەوەندە بڵێم مەگەر
گیانی پیرۆزی تێکۆشەر
«ئەوی ئاڵاکەمان پێ دا»
«وا لەناو دڵی ئێمەدا»
ئێستە لە یاد، بۆی ئەچنین
وێنەیەکی جوان و شیرین
ئاخۆ، کەی بێ کورد لە گەرھەر
لە یاقووت بۆی بکا پەیکەر
ئەم ھۆنراوەیە لە ١٠/١٠/١٩٥٧ لە ڕۆژنامەی ژیندا بەبۆنەی تێپەڕ بوونی ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی شێخ مەحموودی گەورەی نەمردا بڵاوکرایەوە.
1957/10/10
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/شێخ مەحموودی نەمر». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.