شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: شیعری نوێی بڕگەیی
شەپۆلی زێڕ
ئەوانەی خۆیان ئەفرۆشن بە زێڕ، دڵیان لە زێڕ سارد و سڕترە جوانییان وەک جوانی پەیکەری مەڕمەڕی بێگانە.

چیای ڕەنگین....
داوێنی کەز، نێرگس و گول
گزنگ لەناو کۆشی چەما، ئارامی گرت
ئاسمانی شین....
ئەستێرەی زیوی ڕووی سڕی
شەوبۆیەکی خنجیلانە
لە سێبەرا
پێکەنی سەری ھەڵبڕی
بۆ تیشکی خۆری گەرم و گوڕ
دڵۆپی قەڵبەزی وەک چوڕ
چاوی ھوزار
شنەی شەماڵ، سروەی نازدار
چەمی بزێو

***
ھوزاری چەم

فڕی، فڕی تا ھەور و تەم
خۆر، لەناو پەلی درەختا
وەک بگەڕێ بە دوای بەختا
سەرەتاتکێی ئەکرد لە گوڵ
کەوتە شنە شن پۆپی چڵ
بەردی کەنار خۆیان ئەشت
ئاوی خۆر مرواری ئەڕشت
شەونم لە «خۆر ماچ کردنا»
زەرد ھەڵگەڕا:
لە چیمەنا پۆری نەرمین
بە لەنجە و لار، ڕەوتی شیرین
چیای ڕەنگین
پەڕەی گوڵاڵەی ناسکۆڵە
شەماڵ ھێنابووی، لەو دۆڵە
تاڵ تاڵی گوڵی تەڕی خاو
گەڵای پاراو
خونچەی تەڕ، بە شەونم و ئاو
دایانپۆشیبووم وەک پەری
چرۆ، لە جێی خۆی ئەوەری
چاون لێکنابوو، گوڵی سوور
لە دەورم فەرشی بێ سنوور
پەنجەی ھێنا،
کچێکی جوان
نەرم و نیان
پێڵوومی جووڵان بە نەرمی
سەرنجی دامێ بە گەرمی
وتی گیانە،
وتم: ئەی فریشتەی جوانی
«مژدەی خۆشی و کامەرانی»
باڵی ئاڵآن لە گەردنم
گەردنی...! ئاڵ وەکوو ھەتاو!
پرچی زەردێکی نەرم و خاو
چاوی کانیی ھەستی شیرین
پرشنگی وەک ئەستێرەی شین
وتم خۆشم ئەوێی بە دڵ
وەکوو شەماڵ بۆ پەڕەی گوڵ
وتی: کوا بەرگی ڕەنگاوڕەنگ
_: «منی ھەژار بەرگم شیتاڵ»
وتی: ئەی گۆرانی و ئاھەنگ
وتم: کسپەی دڵ و دەروون
_: کوانێ ئاڵتوون؟
وتم نیمە.!
_: کوا کۆشکی بەرز و کوا تەلار؟
وتم: کۆشکم وا لەوێوە من ھەژار،
پەنجەم درێژ کرد بۆ چەمێک
کوختێکی تاریک و نووتەک
زریکانی و ڕووی وەرگێڕا
ئەو جامە ئەشکەی داینابوو
ۆیاما ماڵی «قڵپ» ڕژا
خۆی ھاوێشتە شەپۆلەوە
«شەپۆلی زێڕ»
دڵی کرد بە قوربانی ئەو
لە بیرم چووەوە، بوو بە خەو

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/شەپۆلی زێڕ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.