شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
لە زیندانەوە
ئاسمان وەکوو، کەلەبێژنگ
ئاوات، ئەبارێنێ بەچنگ
بە چاوی خەیاڵ دوور «لە دەشت»
کچان دەبینم دێن بۆ «گەشت»
سەوزەگیایە، گوڵە، ھۆزار
قاقایە، تریقەی نازدار
یادی ئێوە، ھاوڕێینە
لە باخی دڵمان شیرینە
***
نوێنەکەم و قوژبنی ژوور
پەنجەرەی بچکۆلانەی سوور
پەرەمێزی دووکەڵاوی
خولیای شێواو و، تەماوی
سڵاوتان لێئەکەن ھەموو
لە ئێوە و، لە کێل و مردوو
لە ئێوە و لە گردی سەیوان
لە گزنگ و لە ئەرخەوان
***
ژیانی من ھاوڕێینە
وشکە، بێتامە، خەمگینە
ژیانم وەک، یەک گۆرانی
بە شەو، ھاکو بەیانی
بەیانیش تا شەو، دێ و، درەنگ
کە ھاوڕێکان ئەبن بێدەنگ
وەک یەک گۆرانییە و بێتام
وەک بەستەی یەکێکی نەفام
سڵاو لە ئێوە و لە قەڵبەز
لە ئەزمەر و، دیمەنی ڕەز
زیندان ناخۆشە، تەنگ و مات
گەرچی «وچانە، بۆ خەبات»
بەڵام ھەر نوێنە و پەڕۆی خوان
زنجیرەکەم و نەختێ نان
ھەزار سڵاو لە خاکەکەم
کە خۆمی بۆ وا لێئەکەم
1957
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/لە زیندانەوە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.