شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
کامل
کامل گیان ھەرگیز لەبیرم ناچیتەوە
ئەی باڵندەی شیعری غەمگین
با، پێکەوە بکەین بەشین
گریانێک بگرین، گەرم و گوڕ
ئەسرین بڕێژین لێڵ و خوڕ
وەرە ناو ھێلانەی دڵم
گوێ بگرە لە گریەی کوڵم
بزانە چۆن فرمێسکی لێڵ
ئەڕژێتە سەر ڕووم گەرم و وێڵ
دەخیلت بم پێنووسەکەم
تێر بۆم بنووسە بە ماتەم
بنووسە، لە ھەڵبەستی ورد
بۆ، ئەو یادەی دڵی سست کرد
بۆ، ئەوانەی جەرگیان بڕین
دێڕی شینیان بۆ، ئەنووسین
ئەی باڵندەی ئاوازی ھەست
با بگری دڵی مات و پەست
خوێنی جێ پەنجەی لە خۆدان
فرمێسکی چاوی پڕ لە ژان
دڵۆپ، دڵۆپ، لەسەر، ڕووی ژین
ئەنووسن شیعر و دێڕی شین
کە، بای خەزان گوڵی وەران
خونچە دەست ئەکا بە گریان
ئەی، کە، خونچەی ناسک وەری!؟
خەڵکینە تەخوا، کێ بگری!
ئەبێ دار و بەرد و دەوەن
شەخەڵ و ڕووبار و مەڵبەن
ئەبێ چڵ و وشکە گەڵاش
تووتڕک و بنچک و پەڵاش
ئەبێ پاییزیش و ھوزار
بگرین بەسۆز، بەکوڵ، بەزار
بۆ کۆچی، کاملی ئازیز
ئەگرین گۆڵاڵەش و پاییز
لە سیروان جلی ڕەنگاوڕەنگ
ئەگەڕێ، بۆ کاملی شەنگ
پارچەی کراسە، سپییەکەی
لەگەڵ دوگمە و چمک و یەخەی
ئەگەڕێن بندارە و بندار
بۆ کاملی شۆخی نازدار
نازانن لە ژێرخانا بوو
مردوو،....، گڕ لە دڵمان بەر بوو
لە تاریکی «ژێرخانێکا»
ئاو، وەک گوللە، دڵی پێکا
کامل گیان دایکیشت نەما
ئێستە بەکوڵ، لە خۆی بدا
بەڵام شارەکەمان بەگشت
بۆ کۆچی تۆ فرمێسکیان ڕشت
شێوان بوو، کاتێکی ناوەخت
پێش ھێرشی ڕەھێڵەی سەخت
کراس و کەل و پەلی و جل
ھەمووی دانابوو، کاک کامل
بڕوا بۆ خوێندنێکی بەرز
لەپڕ ئاسمان کە ھاتە لەرز
دڵی گەنجی نایە ژێر خۆڵ
لەگەڵ لاشەی دایکی کڵۆڵ
لافاو، کە، گەیشتە ھەیوان
دوو، گیانی پێکەوە فڕان
کاملی ئاخنییە ژوور
دایکیشی ڕاماڵی بۆ دوور
وەکوو، پەنا بەرێ بۆ شار
کامل گیانی بکەن ڕزگار
یادی کاملی لاوی ژیر
زۆر لاوم دێنێتەوە بیر
شەوێکی ھێنامەوە یاد
کە، چۆن، کوڕێکی دڵ ئازاد
لاوێکی ئازای شۆخ و شەنگ
نیشتمانپەروەرێکی مەنگ
پەرچەمە زەردەکەی بە خوێن
سوور کرد و، بەردی کرد، بە نوێن
نەخشێکی ئاڵی کرد، لە ڕووی
نووسیبووی، ئەی لاو، نەمردووی
وەک قارەمانێکی نەمر
لە پارچەی دڵ، قەمە و ئاگر
دارەمریتێکیان بۆ، نەخشان
بوو، بە میوانی شەھیدان
کامل یادی ئەوی ھانی
بە پەردەی گوێما چرپانی
کە، چاوم لێکنا، بە بێ دەنگ
کاروانی شەھیدانی شەنگ
ھاتن بە وردی تێپەڕ بوون
گڕ بەر بوو، لە بێخی دەروون
ئەی «فائزە» ی پەرچەم زێڕین
«سۆزان»! ئەی فریشتەی شیرین
یادی ئێوە لەگەڵ سەرکۆ
لە دڵمانا، بوو بە پشکۆ
چۆن؟ بوون بە گوڵی ئەرخەوان!؟
بە خونچەی گوڵاڵەی سەیوان!
بۆچی دەمی بچکۆلە و سوور
پەنجەی ناسکی وەک بلوور
ببن بە تۆوی، پەرشی گڵ
ببن بە نێرگز و بە گوڵ!!
کاروانی مەرگ بەرەو نەمان
کەوتە، ڕێ پیر و کچی جوان
کاملی سەرقافڵەچی مەرگ
گڕی بەردا، لە دڵ و جەرگ
ئەم بەھارە، گوڵاڵەی ھەرد
ھەر، دەم ئەبێ و کوڵمی بێگەرد
ئنجا، کەی! لە، لای ئێمە گوڵ
ھەر، ڕوومەت نەبووە و پەڕەی دڵ؟!
کامل: ئەی خۆشەویستی لاو
لە ورشەی زەردی خۆرەتاو
لە دڵۆپی شەونمی ورد
لە پەڵەی گوڵاڵەی سەر گرد
لە بریسکەی خونچەی ناسک
ساماڵ، وەک دەسماڵی تەنک
لە ئەستێرەی بەورشە و شین
لە بەھاری تەڕ و ڕەنگین
لە گشت جوانییەک وەرئەگرم
ئێکلیلێکتان بۆ ئەچنم
ئەیھێنم بۆ، سەیوانی خەم
لەوێ، تێر، تێر، شیوەن ئەکەم
گوێژەی غەمگینی گەردنکەش
ھەوری، بۆر، ئەگرێتە باوەش
وەک نەیەڵێ بچن بۆ شار
بیکەن بە قریشکە و ھاوار
دیسان کوڵم و چاو و برۆ
ڕادەن، بۆ تەمی تانجەرۆ
دڵی لاوی پڕ ئارەزوو
وەکوو غونچەی نەپشکوتوو
تووڕ دەن، بۆناو ئاوی بەسام
لەگەڵ تاسە و ھیوا و مەرام
پیرەمەگروونی مات، دڵتەنگ
ئەنواڕێتە ئاسمانی مەنگ
وەکوو، تۆڵەی، کوردی، بوێ
دڵی، دەروونی ناسرەوێ
ئەنواڕێتە گوێژەی نازدار
پاڵپشتی شاری مات، خەمبار
وەکوو، بڵێ، ئەی گوێژەی جوان
بۆ، ڕێت دا بە تەرزە و باران
ھێرش بەرن بۆ شاری کورد
شیوەن تیژ کەن بۆ گەورە و ورد
کامل: وێنەی شیرینی ڕووت
ھی ڕووی گەشی تازە پشکووت
بە تیشکی گزنگی قەدپاڵ
بە ورشەی گەلاوێژی کاڵ
کێشراوە لەبەر چاوی من
تاماوم ھەرگیز نابێ ون
شەرت بێ لە سەیوانی دەروون
گۆڕتان بۆ بکەم بە ئاڵتوون
گۆڕێک لە زێڕی خۆشویستن
لەبیرمانن تاکوو مردن
ئێوارە بوو، سوپای کوشتن
کەوتە، قەلاچۆی گیان کردن
ئاوازەی ئەو ڕۆژە تاڵە
گریان بوو، زریکە و ناڵە
لە خۆدان، ھی سنگی ناسک
دەنگدانەوەی گریە و ھەنسک
نەغمەیەکی وایان لێدا
بەندی دڵ تاڵ تاڵ ئەپسا
زۆر عرووسی خنجیلانە
ئێستە، کەلاوی وێرانە
ئەو شوێنانەی مناڵی ورد
بەپۆل، یارییان تیا ئەکرد
ڕۆچوونەتە، جەرگی زەمین
وەک گۆڕی بەر لێزمەی بەتین
چۆلەکەی سەر درەخت و بان
ھی سەر گوێسە بان و ھەیوان
یان لەسەر بانیژەی ڕووخاو
ئێستەش کاسەن لەتاو لافاو
ئەوانیش خوێندنیان غەمە
نەغمەی وتنیان ماتەمە
***
ئەی کامل: بە چاوی گەشت
بە گلێنەی چاوی ڕەشت
بە کچی خنکاوی شیرین
بەو دڵانەی بۆتان ئەگرین
سوێند ئەخۆم بە سەیوانی ئاڵ
زریکەی دایک بۆ مناڵ
لەبیرمانن ئەی کاکە گیان
ھەر فرمێسک ئەڕێژین بۆتان
ئەی یادی لافاوی خوێنڕێژ
بووم بە شاعری شیوەن بێژ
1957
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/کامل». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.