شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
کچکەی بەرتیلە
نەزانی و ھەژاری
لە ساڵی ١٩٤٧ دا، کە تازە پێم ئەنایە باخی گەنجێتییەوە چووم بۆ «ناونووسین» (احصاء النفوس) وە لە دێیەک لە دێکانی کوردستان ئەم ڕووداوەم دی... وە بە دەسکارییەکی کەمەوە لە ساڵی ١٩٥٧ دا کردم بەم ھۆنراوەیە:
لامان دایە، دێیەکی بچووک
باخی ڕازاوە، وەکوو بووک
ماڵی ئاغا بە گەچ سپی
داوێنی گوڵی پەمەیی
بۆنی خۆش، ئاوازە و بەستە
کام دەنگ بزوێنەری ھەستە
ئەیاندا لە پەردەی دڵم
زۆر خۆش بوو بەستەی «ئای گوڵم»
لە ڕێگەی کانیی کەڵەک بەرد
کیژی ڕوومەت گوڵی بێگەرد
ئەھاتە لەنجە، ورد، بۆ ماڵ
سنگ ئەیلەرانەوە دەسماڵ
لەگەڵ لەرینەوەی لەشا
ھەڵھێنانی چاوی گەشا
پەپوولەی خۆشەویستیی گیان
ئەفڕین بۆ شینایی ئاسمان
چوومە زنجێک تاریک و تەنگ
دانیشتم مەلوول و بێدەنگ
دڵتەنگ بووم، بۆ کۆمەڵێ گیان
کە بەشیان خەفەتە، گریان
پیرێژنێک ھات، گاڵۆک خوار
بەژنی وەکوو کۆتەرەدار
نواڕییە، ڕووم، بنمیچی ڕەش
دوا تیشکی زەردی خۆری گەش
وتی و دەمی پڕ پێکەنین
ئەی شارستانیی ڕوو، شیرین
نە پارەم ھەیە، نە ماڵات
بە تۆی، لاوی بکەم خەڵات
گەر، ناومان بنووسی یەکسەر
ئەتنێمە سەرچاو، تەپڵی سەر
ئەڵێن ھاووڵات ژماردن
ئەکەن، بۆ شەکر بەشکردن
توو بی لاوێت، ئەی کوڕی جوان
تووبی دڵل پڕ، لە وجدان
بێبەریمان مەکەن برا
چاوەڕێین بۆ شکر بۆ چا
لەدوای تاوێک ئەسرین ڕشتن
ئاخ ھەڵکێشانی دڵی من
ھاتن بە ڕیز، شەش کچی شەنگ
نیگاریان ورد و ڕەنگاوڕەنگ
مەمکی ژێر کراسی دڕاو
لە شەرما ئەلەرزی بەتاو
شیتاڵی جل، وەک ھەوری زل
تیا دەرئەکەوت لاڕانی شل
پیرێژن نواڕییە کچان
وتی ئەی کوڕ، ئەی ھێزی گیان
ھەڵگرە بەرتیل شۆخی دێ
لەمانە، کامیانت ئەوێ
***
کە جێم ھێشت، ئاوایی غەمگین
گوێم لێ بوو دەنگێکی شیرین
بە گریانەوە، وەک ساوا
ئەڵێ «ئەی شۆخەسوار» توخوا
بەرتیلیش نەبم ھەر بمبە
لەم ژیانە ڕزگارم کە
چیلکە چنینەوە و بژار
نانی گاڵ و زەبری زۆردار
جوانیی ڕووم، بەژن، قژی خاو
ئەکوژن، با بێم ئەی کوڕی لاو
ئەوسام، ئێستەم بوایە بەڕاست
ئەو کچە نەشمیلەم ئەخواست
1957
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/کچکەی بەرتیلە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.