شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
کۆرپەلەی کوردستان
بەبۆنەی ڕۆژی دایک و مناڵە، لە سەر زمانی دایک وتراوە
ئەی کچە نەشمیلانەکەم
کۆرپەلە خنجیلانەکەم
فرمێسکم کرد بە ملوانکەت
پەڕەی دڵیشم بە لانکەت
لە تیشکی گزنگی زێڕین
بۆم کردی ئەگریجەی چین چین
لە پەڕەی گوڵاڵەی ناسک
گۆنام بۆ کردی و تکەتک
شەونمی دەمم پیاڕژان
ئەی کۆرپەلەی نازدار و جوان
تۆش، کە گەورە بووی، بووی بە ژن
ببە، بە شانازی بۆ، من
ئەگەر، بۆ کورد و نیشتمان
تۆ، ھەوڵ بدەیت بێ وچان
ئەگەر وەکوو مۆمی کافوور
ئەی جوانکیلەی گەردن بلوور
بتوێتەوە، بۆ گەل، وڵات
ببی بە ئاگری خەبات
ئەوسا کە لێت ئەبم ڕازی
بۆ کورد ئەبی بە شانازی
من دایکی تۆم بەڵام گیانە
ئەم وڵاتی کوردستانە
تۆی پەروەردە کرد بە جوانی
تۆش، سا، ببە بە قوربانی
1957
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/کۆرپەلەی کوردستان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.