شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
کۆڕنیکا
تێ ئەکۆشین بۆ ڕۆژێک کە ئادەمیزاد، ڕەش و سوور و سپی و زەرد یەک دڵ لە سێبەری ئاشتیا بژین...
لەناو کۆڕنیکای وێرانا
لەژێر، شینایی ئاسمانا
ڕیبوارێک ملی ڕێ، ئەگری
ورد، ورد، ڕێی ژیان ئەبڕێ
بەرخۆلەیەک لە باوەشیا
کۆترێک لە دڵی گەشیا
گۆرانییەک ئەڵێ ئازاد
بۆ گیانی گشت ئادەمیزاد
نەغمەی یاخی بوونێک خاوێن
گۆرانییەک بۆ ھەموو شوێن
سروودێکی لێئەبیستی
کە ئەڵێ: «ئەی خۆشەویستی»
سوپاس، سوپاسی بێ پایان
سوپاس «نا» بۆ زۆردارەکان
سرودێک ئەڵێ پڕ ئاوات
بۆ «دنیا» نەک ھەر یەک وڵات
زەردەواڵەی ئازار و قین
ئەفڕن بەرەو ئاسمانی شین
ھێلانەکەی دڵ جێدێڵن
یەک لە دوای یەک ھەڵئەفڕن
تەنیا «تۆوی» گۆرانێکەی
کە پڕە، لە خۆشی و ئۆخەی
ئەمێنێ دوای گشت کارەسات
دوای ھەرشتێک بەسەری ھات
ھەنگوین ئەکاتە ناو دڵان
ئەیکاتە ناو دەمی ژیان
کۆڕنیکا، ئەی کۆڕنیکا گیان
ھەر بێ تاوانی بێ گومان
زاڵ ئەبی بەسەر تاوانا
تا کوو ئەبەد لە ژیانا
ھۆنراوەی «پۆل ئیلوارە» کراوە بە کوردی.
1957
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/کۆڕنیکا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.