شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
کەشتیی ژیانم
نەبەزین مەشخەڵی تێکۆشانە
کەشتیی ژیانم لە گەرداوایە
تۆوی، گوڵاڵەم لە خوێناوایە
دەسی زامارمە، سەوڵی ئەم گەشتە
گیانم ئاوارەی باغی بەھەشتە
کام بەھەشت! کام باخ کام گوڵ و گوڵزار
«وێشێلی» سوارەی سوپای ستەمکار
گوڵ ئەوەرێتە ژێر سمی وڵاخ
گڕە،... بەر ئەبێ لە دەروونی باخ
چەمە، لە پێچا ئەگری وەک مناڵ
ژیانە بەندی ناو زیندانی تاڵ
ئەی ترووسکەکەی ئاسۆکەی ھیوام
مەگەر، ھەر تۆ، بێی بگەیتە فریام
ئەی گۆڕستانی شەھیدانی «سوور»
با ھەڵسێ، ھەڵسێ، لەسەر سنگت نوور
مەگەر ئەو نوورە، بێ بە چراخان
ڕووناک کاتەوە شەقامی ژیان
1957
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/کەشتیی ژیانم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.