شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
گوڵی وەریو
بۆ حەسەن تۆفیق
ھاوڕێم حەسەن...
شێوەی جوانت، ھیوا و تاسەت
سنگی گەرمی پڕ ھەناسەت
چاوی گەشی ئەستێرەییت
ڕووی ڕووناکی ڕەنگ «پەمەییت»
تاڵی قژی مەیلەو زەردت
زەردەخەنەی ڕووی بێگەردت
بەژنی ڕێک و، ئێسکی سووکت
نەخشی ورد، دەمی بچووکت
«ھەر، زوو لە درەختی ژیان»
«وەرین، بۆ ناو قوڵپی گریان»
خەندەت، ورشەی پارچەی ئاڵتوون
عومرت وەکوو مەل تێپەڕ بوون
ئەویان لەناو خاکا ڕۆچوو
ئەمیان بە ژینا تێپەڕ بوو
***
برام ئەمەوێ ئەم ھۆنراوە
بنووسم بۆت بەم خوێناوە: _
بە خوێناوی دڵ، خوێنی چاو
خوێنی سنگی برا کوژراو
بە خوێنی ھاوڕێیەکی شەنگ
کە بوو، بە نیشانەی تفەنگ
بە خوێنی ئەختەر و بەکر
بنووسم شیعری وەک ئاگر
بەڵام کاغەزەکەم سووتا
چونکە دڵ گڕی تێبەردا
بۆیە ھەرچەند دەکەم شیعرم
ناتوانم جەمسەری بگرم
ھاوڕێم، بە گەرمی و تامی نان
کە برسی ئاکا، پەرێشان
ئەم برینە پڕ لە سوێیە
ھی ئەم دڵەم کە توێ توێیە
«نابێ»!! ھەرگیز نابێ ساڕێژ
تا نەبینم مەرگی خوێنڕێژ
تۆش بە سوێی ئەو برینەوە
بە دڵێکی غەمگینەوە
جێت ھێشتین ئاوارە و ناکام
نەتدی، کورد بگا بە مەرام
لەم خاکی کوردستانەدا
لەم شوێنە فراوانەدا!!
ئەم شوێنە ھەمیشە سروشت
خوێنە ئارایشتی بەگشت
ڕێگەیان نەدایت لەگەڵمان
بژیت لەگەڵ بزە و گریان
دەریان کردی بۆ شوێنی دوور
جێت ھێشت نیشتمانێکی سوور
مردی، دوور لە وڵاتی خۆت
بۆیە «زۆر» بەکوڵ ئەگریم بۆت
با لەگەڵ ھەورەکەی بەھار
بگرین بۆ کۆچ، کۆچی نازدار
ئاخ تاسەی خۆش ئاواتی دڵ
ھەڵوەرینە ناو جەرگی گڵ
چاوی وەک «چاوەی» پڕ جوانی
کە، پڕی بوو لە پەنھانی
دڵ کە نەختێک بوو دەریای ژین
کەیلی «ھیوای» خۆش و شیرین
چوونە، ژێر خاک ئەبن بە خۆڵ
شەماڵ گەردیان ئەبا، بۆ خۆڵ
ھاوڕێم حەسەن،
نەھاتیتەوە تا ھەواڵ
بێنیتەوە، بۆ دۆست ھەڤاڵ
ھەواڵ: «ھی ھاوڕێکانی من»
کە ئاوارە و دەربەدەرن..،
نەمدیتەوە، تا لاشەکەت
ھاتەوە لە خاکی غوربەت
ئەی جوانەمەرگ، ھاوڕێم حەسەن
مردی غەمگین، دوور، لە وەتەن
ئەی میوانی تازەی سەیوان
ئەی ڕیزە کێل. ئەی ئەرخەوان
چۆن، ئەتوانم، بە «دڵ» بڵێم
بە شەماڵ و بە «گوڵ» بڵێم!
«کۆچی کرد ھەرگیزا و ھەرگیز»
نایبینینەوە ڕووی «ئازیز»
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/گوڵی وەریو». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.