شاعیر: کامەران موکری (١٩٢٩-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٨ بڕگەیی
ھەڵبەستی من
ھەڵبەستێکم لێ بزر بوو
وەکوو بڵێسەی ئاگر بوو
ھەڵبەستێک شیرین، گەرم، جوان
پڕ بێ لە جۆش، ھیوای ژیان
ئاوازەی وەکوو خوڕەی ئاو
گەش وەکوو پرشنگی خۆرەتاو
ڕەوانتر، لە ئاوی ڕووبار
سپی وەکوو بەفری نزار
ھەڵبەستێک بێ تەڕ و ناسک
دوور بێ لە گریان و ھەنسک
پاراوتر و ئاڵتر لە دەم
لێی نەنیشتبێ تۆزی خەم
زۆر گەڕام بۆ، ئەم ھەڵبەستە
کە خۆشترین نەغمەی ھەستە
پەپوولەی ھەڵبەست ھەڵمژین
فڕی بۆ زۆر جێگەی شیرین
چووە، سەر خونچەی دەمی سوور
ناو قژی خاو، سنگی بلوور
ناو شەپۆلی گۆرانیی خۆش
ترپەی ڕەشبەڵەکی بەجۆش
بۆی، نەدیمەوە شیعری گەش
نە، لە ڕۆژا، نە شەوی ڕەش
لە دەمی ئاڵ، ھەرچیی مژی
ھەڵبەستێکە ڕەنگە نەژی
چووم، بۆ لاوی، بۆ ڕەشبەڵەک
بۆ ئەو دیوی سوخمەی خاومەک
بۆ ناو ئارەقێک ئەتکی
لە کوڵمی ڕوومەت ناسکی
چوومە ناو، دەنگی پێکەنین
گەڕام چۆلیان، ئاسمانی شین
پێوام، کووچە و شەقامی شار
چوومە ناو خۆشترین تەلار
نەمدۆزێوە، تا ئاوڕی
دڵ فڕێنی کوت و پڕی
نەک شیعرێک، سەد شیعری پێدام
بەمە گەیشتم بە ھیوام
تا گوڵی دڵداریی ڕاستیم
گوڵی جوانی خۆشەویستیم
نەگەشایەوە، شیعرەکەم
نەھاتە سەر لێواری دەم
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کامەران موکری. «ئاگر و ژیلە/ھەڵبەستی من». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٤/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.