شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
دەمەتەقەێ نێوان ھاوار و بایز
ھاوار:
من ڕەنجبەرێکم بە ڕەنجی بازوو
ئارەق ئەڕێژم ڕۆژ و شەو، ماندوو
زستان دارکەر و بەھار شوا نم
پایز جوتیار و ھاوین سەپانم
سانەوەم نیە لە ساڵێک ساتێ
نەک ئاغام زویر بێ و نانم نەداتێ
حەڵقەی غوڵامی، ئاغام لە گوێیە
چی ئەو بفەرموێ بەرێ و جێیە
زۆر جار، لە مەلای گوندم بیستیە
ناحەزی ئاغا، تەڵاقی نییە!
بایز:
ھاوار! نازانم کە تۆ ڕەنجبەری
کوڕێکی ئازاو ژیر و ئیشکەری
لە ساردی و گەرمی ئارەق ئەڕێژی
لە شیرینیا تاڵی ئەچێژی
کەوایە، بۆچی، ڕوو ت و ھەژاری
مەگەر گیرۆدەی دەستی زۆرداری
ڕزگاریت نیە لە دیلی و بەندی
کەوابێ بۆچی؟ تۆ ھونەرمەندی
ھاوار:
بایز گیانەکەم، گوێ بگرە برات
من ڕەنجبەرێکم ماندوو بێ ئاوات
چی لە ڕۆژاوا، چی لە ڕۆژھەڵات
چی فێر کراوم، عەزمم بێ و سوبات
چیم پێ ببێژن، فەرمانڕەوا بم
ھەر چۆ نی بڵێن ئەبێ وەھابم
خاوەنی فەرمان ئەو ئەمژێینێ
ئیشی بۆ ئەکەم خوێنم ئەرژێنێ
بایز:
ھاوار! ئەزانم زۆر بەختیاری
لە جێی ئیش کردن، یەکجار بە کاری
ئینتاجی زەوی تۆ دەینێی بەرھەم
کەچی حەرامە، لە تۆ زۆرو کەم
تۆ لە بەر ھەتاو زەحمەت دەکێشی
ئەو لە سێبەرا بە کەیف و خۆشی
خاوەنی ئاوو زەوی درۆیە
کە تۆ ڕەنج بدەی حەڵاڵێ تۆیە
ھاوار:
بایز! ئەڵێی کەی دەبم بەختیار
کەی ڕزگار دەبم لە ئەرک و ئازار
ئەبێ ھەتاکەی ھەر خزمەتکار بم
ھەر ڕەنجەڕۆبم، برسی و ھەژار بم
ئەبێ تا ماوم ھەروا بێ حاڵم
ھەر ڕووت و قووت بین، خۆم و مناڵم
ھەر کردەوەی من، بردەی ئاغابێ
ھەتاکەی ئەبێ، ئەم کارە وابێ
بایز:
ھاوار! ھەمیشە تۆ بەختیاری
چونکە دوچاری ئەرک و ئازاری
تۆ کە ڕەنجبەری بۆ خزمەتکاری
کە خاوەند ئیش ی، بۆچی ھەژاری
گەر ئارەزووکەی، وانابێ حاڵت
ڕووت و قووت نابێ، ماڵ و مناڵت
کەی ھەستت پێکرد، زۆر لێکراوی
بەختیار ئەژی، ئیتر، تا ماوی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «ئاڵەکۆک/دەمەتەقەێ نێوان ھاوار و بایز». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٨/١٧.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.