شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
سوێندێکی گەورە
بەھۆی جێژنی یەکەمی مانگی مایۆی ساڵی ٥٤ گوتراوە
لە خەو ڕاپەڕن کێ کرێکارە
مەچنە کار ئەمڕۆ یەکی ئەیارە
خەبەر بنێرن بۆ نزیک و دوور
کۆوەبن، ھەڵکەن ئاڵایەکی سوور
ئاسنگەرێ بێ کوتکی لەسەر شان
ڕەنجبەرێ خۆی و داسێکی دەم پان
لە دەوری ئاڵا سروودی جێژن
بە ئاھەنگی بەرز تێکڕا ببێژن:
***
ئەی سەرمایەدار پیسی پارە زۆر
سپی لەش، دڵڕەش، زگزلی خوێنخۆر
تەنبەڵ، تەوەزەل، ترسەنۆک، خوێڕی
بانبانکی نووستووی سەر کۆمای زێڕی
تاکەی تا کەنگێ دەکووژی، دەبڕی!
ئێمە بەو پارەت دەفرۆشی، دەکڕی!
چۆن من شەو و ڕۆژ ئارەق بڕێژم
قەت تامی چەوری و شیرنی نەچێژم!
چۆن گەنمچێن بم شک نەبەم نانێ
چ دینێک ئەمەی بەڕاست ئەزانێ!
دەسکاری من بێ کۆشک و سەرسەرات
کەچی جێخەوێ لە من ببێ قات!
حەریری بەرتان من ڕستم چنیم
ئێوەم پۆشتە کرد ھەر خۆمم چ نیم!
تاکەی دارتاش بم بێ دەرک و کورسی
جۆڵا و جوتێر بم بێ دەرپێ و برسی؟
تاکەی فرمێسکی ژن و منداڵم
ئارەقی ڕژتووی ڕەنجی چەند ساڵم
دەدەی بە ئارەق خۆت سەرخۆش دەکەی!
من نەخۆش دەکەی خۆت بێھۆش دەکەی!
ئەی زاڵم دنیا بە پێچ و دەورە
بلەرزە و ببیە ئەم سوێندە گەورە:
***
سوێندم بە یەکەم جێژنەکەی ئەیار
سوێندم بە ھێزی چینی کرێکار
سوێندم بە چرچ و لۆچی ناوچاوم
دەستی قەڵشاوم، لاقی سواوم
سوێندم بەو باسکە کوتک ئەوەشێنێ
سوێندم بەو پشتەی کۆڵ ئەڕفێنێ
بە گاسن، بە داس، بە شانی بەقوڕ
بە پەستەکی کۆن، بە چۆغەڵەی شڕ
سوێندم بە ڕەنگی زەردی بێ نانان
سوێندم بە نووستووی شەو لە کۆڵانان
***
بە شۆڕشگێڕی ئوکتۆبری مەزن
پاڵەوانانی ھەرگیز نابەزن
پارێزگارانی ستالینگراد
گیانفیدایانی سۆڤیاتی ئازاد
سوێندم بە لاوی کۆریا بە چین
بە زەبر و زەنگی لاوانی ڤێتمین
بەو توونسیانەی لە بەندا ڕزاو
سوێندم بە زەنگی، بە ڕمبی ماوماو
بەو خوێنەی پردی بەغدای کرد ڕەنگین
بە ڕاپەڕینی کانوون و تەشرین
بەو توودەی ناوی کرد لە دنیادا
بەوانەی کوژران لە مھابادا
سوێند بە بارزانی چۆڵکراو، سووتاو
بە قودسی و عیززەت، خەیروڵڵا و خۆشناو
سوێند بە ئاشتی، بە کۆتری سەلام
بە ژین و خۆشیی گشتی و بەردەوام
ھیچ سات و کاتێ دەس ھەڵناگرم
یان ھەق دەستێنم یان بۆی دەمرم
ماکارسی، داڵاس، دەویت زەناوێر
بە مانگ وەڕینیان بێ سوودە، بێ خێر
تێم بەردەی ھەزار کای و سینگمان ڕی
ئاواتی دواڕۆژ ھەر دەھێنمە دی
بۆمبای میکرۆب و ھێدرۆژین، ئاتۆم
دەیخەمە ملت و دەتھاوێمە گۆم
دە ھێندەی دیکەش وەک زاھیدی و شات
نووری و بەیار و مەلای پیساوات
ھاکا توانەوە بوونە بەفری پار
ھەر پایەدارە ھێزی کرێکار
لافاوی مێژوو بە گوڕ و تاوە
پیسی و پڕوپووش ئەخاتە لاوە
بەزم ئەگرین لەسەر گۆڕی زۆرداران
دنیا دەبێتە جێژنی ھەژاران
1954/05/01
بەغدا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «بۆ کوردستان/بەشی ١/سوێندێکی گەورە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١١/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.