شاعیر: مستەفا شەوقی (١٨٦٥-١٩٣٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
فەریاد
بە موناسەبەتی قەتڵعامی ڕووسان لە سابڵاغێ
جەبین مینایی زێو، گەردن ھوما، خاڵ مشکی تاتاری
شەدە شل، چاو بە کل، ڕوو سوورە گوڵ، تەڕڕار و عەییاری
بە باڵا سەروی بوستانی، لەتافەت معجزاالسخا
کە زارت حوققەیی بللور، ددانت دوڕی شاواری
بە لەنجە و لارەکەت وا دیارە نەشئەی تۆ لە کوردانە
وەئیللا چۆن دەبێتن پێکەوە زوڵم و وەفاداری
کە ئاوی جۆگەلەی سابڵاغێ نەشئەی چاوی مەخموورت
لە مێرگۆڵەی سەھەند و کێوی لاجانی بەفر بۆ عالەمێ باری
تەماشای چاوی بادامیت و سەبرم مانع الجمعن
شەڕابی تاڵی عیشق و ئەمر فەرموونت بە ھوشیاری
جەفایی نووری دیدەی من، لەسەر دڵ گەورە کێوێکە
خودای شەفقەت وەرە قوربان، دەسا جارێ بە غەمخواری
وەرە تا شەرحی ئەحواڵی دڵی خۆمت لە بۆ بێژم
وەرە تا من بە فرمێسکم بشۆم بۆت پەردەیی تاری
عليم اللە لە پاش تەشریف و چوونی تۆ لە سابڵاغێ
وەتەن وێران و ماڵ سووتاو دە کیژی لاوی خوێن باری
دەنێو مێرگۆڵەکاندا سوێسنی زەرد و ھەڵاڵەی سوور
لە باغ و باغچەکاندا بولبولی شەیدا و پاساری
بە زوڵم و جەوری دوژمن، بوو بەھاریان زەردە پاییزێک
لە بێ ڕوحمی و دڵ سەختی بە باریان بار لە لێو باری
لە ئاغایان و ئەشراف و مەلایان کەس نەما ئەوڕۆ
لەسەر ئەنقازی ماڵیان خۆ دەخوێنێ کوند بە بێعاری
لەوەی پێش من کە دەمگوت ئەی براکان، غەفڵەتوو بەس بێ!
جەفات فەرموو و تەعنەت دا کە شەوقی پووچە بازاڕی
ئەوێ وەختێ ئەتۆ مەستی غوروور و حوسن و ئانت بووی
ئەتۆ شا و من جووانێکی فەقیر بووم ڕوو بە شەڕ شاری
لە تیژیی ئاگری عیشقی تۆ زیھنم ھێندە مودریک بوو
کە ئەو ئەحواڵەکانم یەک بە یەک دیبوو بە بێداری
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مستەفا شەوقی. «بەرھەمەکانی مستەفا شەوقی/جەبین مینایی زێو گەردن ھوما خاڵ مشکی تاتاری». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٤/٢٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.