شاعیر: مستەفا شەوقی (١٨٦٥-١٩٣٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
فیدای چاوت عەزیزم ئەوڕۆکە حاڵم پەرێشانە
وەرەقێک لە دەفتەری خاترات
فیدای چاوت عەزیزم، ئەوڕۆکە حاڵم پەرێشانە
لە دووری تۆ دوو دیدەم غەرقی خوێنە بەحری عوممانە
عەجەب! کۆرپەی دڵم نادا ھەدا، شەوگاری تەنھایی
نەباتی قەندی لێوی تۆی دەوێ بێچارە بێ زمانە
بەناز ساتێ وەرە دەستێ بنێ سەر قەلبی مەجرووحم
خەناوی بێ بە سووری پەنجەکانت ڕەنگی مەرجانە
ئەگەرچی تۆ لە قەومی خۆش نیھادی پاکی بێباکی
بەڵام جانم، لە ماڵەنگۆیە وا چەند ساڵە مێھمانە
زبانت چونکە نازانێ، بە ئیما شەڕحی حاڵی کرد
کەبابە جەرگی من بیبە، ھەناسەم بۆنی بریانە
تەبەسسوم کە! وەدەرخە موعجیزێ بۆ عالەمێ ئەوڕۆ
لە حوققەی شەکرەزارت، لێوی لەعلت کانی دەندانە
نیقابی ڕووت دەبینی کون کونە وەک قەلبی خوێنینم
بڵا خۆ شاھیدی سیدقە کە مەجرای تیری موژگانە
درێژن ھەر وەکوو زولفی سیاھت ماشا بەربووینە
کە قوببەی سینەیی سافت دوکان و باغی سێوانە
لە سەیرانگاھی گوڵخانە کە ھاتی ڕۆژی پێنج شەنبە
بوتی مەخمووری چاوت، شەققی کرد سەد تاق و کاشانە
دڵت بەستم بە ئەفسوون، ئەی کچی ڕۆمی! چ فەتتانی!
مەگەر دایکت ئەتۆی نێو نا لەبۆ تەلبیس و ئەفسانە؟
وەکوو ئاھوی خەتا گەرچی ئەتۆ ناڕۆی لە پێش عاشق
خەتایی چاوی سەییادە، کە بولبول نایتە ھێلانە
دەفکری شار لە ژێر دارە، گوڵی تەردە چەمەن ڕۆژێک
دوو لێوم بادەیی لەعلی لەبی تۆی برد نە پەیمانە
مەلاحەت خەتمە سەر تۆ گەرچی وەک نێوت لە چاو دوورە
لە بۆ شەوقی دوو کوڵمی پڕ فسوونت تازە دیوانە
ژین ژمارە ٢
1916/1/7
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مستەفا شەوقی. «بەرھەمەکانی مستەفا شەوقی/فیدای چاوت عەزیزم ئەوڕۆکە حاڵم پەرێشانە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٤/٢٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.