شاعیر: مستەفا شەوقی (١٨٦٥-١٩٣٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
لە موڵکی کوردەکان ئەوڕۆ تەپ و مژ ھێندە پەیدا بوو
لەبۆ کوردان
لە موڵکی کوردەکان ئەوڕۆ تەپ و مژ ھێندە پەیدا بوو
دەڵێی حەشری خەزانە یا لە ڕۆژئاوا، خۆرئاوا بوو
کە پووری بێکەس و خوشکی ھەتیوت چاو بە فرمێسکن
کە ماڵی باب و باپیرت سەراپا چۆل و ڕووخابوو
تەماشای دەزگیرانت کە، بە کێردی دوشمنی نامەرد
دڕابوو دامەنی پاکی و بە ھیجران قەلبی سووتابوو
لەژێر زنجیری زوڵم و بەندی یەخسیری چ مەحزوونە
تەماشای دایکی مەحبووبت بکە چۆن دەستی بەسرابوو
کە موڵکی موکریان و شاری سابڵاغ بێ تۆ خاپوورە
لەسەر قەبری جەوانان چاوی نێرگس غەرق دە خوێن دابوو
سەراپا مەوتەنی ئەجدادی پێشووت جا تەماشا کە
لە بۆچ ڕووخاوە؟ بۆچ سووتاوە؟ کاکت بۆچی خنکابوو؟
تەماشاکە کە کانی قوڵقوڵاغی سوور و سووراوە
ئەوە گەرمەبرینی کاکتە چون لێرە کوژرابوو
لە موڵکی خۆشەویستی تۆ دەخوێنێ کوند سبەینان زوو
کە «ئەی کوردی فەقیر! تا کەی دەنووی ھەستە چ قەومابوو؟»
لە بۆ چی تۆ دەنووی و خەڵکی بێگانە بە چالاکی،
ببەستن دەستی پڕزوورت، مەگەر مەردانەگیت وا بوو؟
لەنێو کوردان کەسێک موڵکی نەبێ، خۆ نۆکەرە بێ شک
لەسەر خەڵقی لەبەر موڵکە کە ئەمری ئێوە موجرا بوو
بەبێ موڵکی وەتەن، ئەی قەومی کوردی لێت یەقین بێ تۆش،
بە ئێخسیری و زەلیلی سەر دەبەی عومرێک کە بۆت مابوو
دەگەڵ شەوقی وەرن ئەوڕۆ ھەتاکوو فرسەتوو ماوە
بە عیلم و مەعریفەت تێرئاو بکەن مەوتەن، کە ڕووخابوو
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مستەفا شەوقی. «بەرھەمەکانی مستەفا شەوقی/لە موڵکی کوردەکان ئەوڕۆ تەپ و مژ ھێندە پەیدا بوو». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١٢/١٠.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.