شاعیر: ھێمن (١٩٢١-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: ١٤ بڕگەیی
بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ
خاین، خوێڕی، درۆزن، بەدفەڕ، شەڕانی، سەرشۆڕ!
پیاوکوژ، تاوانبار، ڕووڕەش، ناکەس، ملھوڕ، دیکتاتۆڕ!
خەڵکی ئێران بەدەس تۆ کرابوون زیندەبەگۆڕ
ئەوە تۆی لێت قەوماوە، دەریان پەڕاندووی، ھەی گۆڕ
دەبڕۆ ئەی شاھی خاین بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ
ئەی دوژمنی ئازادی، ئەی نۆکەری ئیستیعمار!
بەدەس تۆ چوونە سەر دار مەزن، پێشەوا، سەردار
بەدەستووری بێگانە دەسووڕا چەرخی دەربار
زاڵ بوو بەسەر دەربارا پاڵە، جووتێر و کرێکار
دەبڕۆ ئەی شاھی خاین بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ
کەی سێبەری خودا بووی، ئەی سێبەری نەھاتی
لە سایەی تۆدا دیمان شەڕ و گرانی و قاتی
لە خزمەت باوکی خۆتدا لە پیاوکوشتن ڕاھاتی
ھەر کە خەڵک لێت ڕاسا، بۆی دەرچووی و ھەڵاتی
دەبڕۆ ئەی شاھی خاین، بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ
پشتت لە میللەت کردووە پەنات بردووە بۆ دوژمن
بەدرەقەی ڕێگای تۆ بێ تووک و نزای پیاو و ژن
دوژمنی گەل ھەمیشە بەمەرەدی شا دەچن
ھەر دیکتاتۆر تێدەشکێ، ھەر گەلن ڕزگار دەبن
دەبڕۆ ئەی شاھی خاین، بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ
گزیری گوێ لەمست بووی تۆ بۆ شیرکەتی نەفتی
کلکی ئاغات کێشراوە بۆیە ھێندە کەنەفتی
پێمانەوە نووسابووی، ھەروەکوو قیل و زەفتی
نەکەی بگەڕێیەوە، حالا کە رفتی... رەفتی
دەبڕۆ ئەی شاھی خاین، بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ
1954/09/17
مەھاباد
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھێمن. «تاریک و ڕوون/بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.