شاعیر: ھێمن (١٩٢١-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن 
{literal} {/literal}
کورد و ئازەربایجانی
تێپەڕی ئەییامی دیلی ئێستە ھەنگامی ژیانە
خۆی مەڵاس دا مامەڕێوی نۆبەتی شێری ژیانە
ھەرچی پێت دەکرێ بکە ئەی دوژمنی خوێڕی و بزانە
باوی لاوی کورد و تافی گەنجی ئازەربایجانە
خۆی لە خوێناودا دەبینێ ھەر کەسێک دوژمن بەوانە
با لە قوڕ نیشێ و لە ھەش نێ دوژمنی وان پیل و شانی
چونکە ئەوڕۆ یەکتری گرت کورد و ئازەربایجانی
ئەوکی ئیستیعماریان گرت وەک بەڵاکەی ناگەھانی
تازە بەربوونی مەحاڵە تا نەدا یەکجاری گیانی
سوحبەتی پێ ناکرێ پەنجەی بەھێزی ئەو دوانە
ئەو کەسەی چەندێک لەوەی پێش لێی دەدا لافی خودایی
نەیدەھێشت ئێمە ھەمانبێ قەت لەگەڵ یەکتر برایی
کوانێ لەکوێیە ببینێ پۆلی پێشمەرگە و فیدایی؟
تێ بگا نای بێ لەدەست ئەو نۆجوانانە ڕەھایی
ئەو کوڕی سمکۆی دلێرە، ئەو نەوەی سەتتارخانە
لاوی ئازای کوردەواری نێرە شێری کاتی جەنگە
گەنجی ئازەربایجانی وەک پڵەنگی تیژ چەنگە
تێگەیشتن نۆکەری بێگانە بۆ وان عار و نەنگە
پەنجەیان ئێستا لەسەر شیرە، لەسەر ماشەی تفەنگە
ھەر بەئاستەم بێتە ڕوو بێگانە دەکرێتە نیشانە
کۆشکی زۆرداری جمیوە، ھەر نەماوە زوڵم و بێداد
وەک بەھەشت خەمڵیوە خاکی پاکی کوردستانی ئازاد
موڵکی ئازەربایجانیش بۆتەوە مەعموور و ئاباد
دوژمنی بێگانە بتبینم ھەمیشە پەست و ناشاد
چۆن ببوویە باعیسی وێرانی ئەم دوو خاکە جوانە
کورد و ئازەربایجانی ھەردوو داوایان ڕەوایە
ھەر بژین و پایەداربێ یەکیەتی ئەم دوو برایە
میللەتی ئێمە ھومێدی زۆر بەکاری پێشەوایە
ئەو کوڕە ئازا و نەبەرد و مەردە بۆ میللەت قەڵایە
دەک بمێنێ تا ئەبەد ئەو کوردە زانا و قارەمانە
1946/04/26
تەورێز
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھێمن. «تاریک و ڕوون/کورد و ئازەربایجانی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.