شاعیر: شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: شیعری نوێی بڕگەیی
بۆ چاوە شینەکانی

شیعری شیرین
بۆ چاوی شین
گەلێ پرسیاری ھێشتەوە
بەبێ وەرام
ئەوەی نەدا بەدەستەوە
تەواو بێ لام
وەکو مەرام.
ئێستاش ھۆنراوەی مەبەستم
ئەوەی نەگەیاندە دەستم
کە من ویستم
چاو شینەکەی خۆشەویستم.
لەسەر جێی داخ
بەبێ خەویی
شەوگاری ئاخ
وەک زۆر شەوی: فریشتەی شیعری «مەولەوی»
چاوانم پڕ
لەئەشکی خوڕ
ئەڕژانە سەر
پەڕەی دەفتەر
ھەتاوەکو شیعرێ دانێم
مۆری چاوی شینی پیا نێم.
ناخی دەروون
مات یان زەبوون
لەبەر بارەگای شیعردا
زۆرجار وەنەوزی وای ئەدا
کە تا ژیان
مژدەی بەیان
دیاریی نەکا!
فریشتەی شەو
دێڕێ شیعر
بۆ چاوی ئەو
بە من نەدا
ھەتاوەکو شیعرێ دانێم
مۆری چاوی شینی پیانێم.
ئەم لام ئەکرد
پەنام بۆ خوای جوانی ئەبرد
بۆ قوبەی شینایی ئاسمان
دنیای ئیلھامی لای ئەوان
بۆ تریفەی مانگی ساماڵ
بارەگای ئەشقی ھەزار ساڵ
پەنام ئەبرد
بۆ ئەستێرە
شیعرم بۆ بێنێتە ئێرە
ھەتاوەکو شیعرێ دانێم
مۆری چاوی شینی پیا نێم
نە من نە ئەستێرەی شیرین
نە ئەفسوونی پەنھانی ژین
نەمان توانی بۆ چاوی شین
شیعرێ بەدیاری بنێرین!

***
شیعری شیرین

بۆ چاوی شین
لەھەڵبەستی منا ئەژین.

1962
سلێمانی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێرکۆ بێکەس. «تریفەی ھەڵبەست/بۆ چاوە شینەکانی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٣/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.