شاعیر: شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: شیعری نوێی بڕگەیی
دڵداریی جاران
ژیانەوەی چەند وێنەیەکی شیرینی کۆنە
١

پاش نیوەڕۆ، پاش ڕەنجدانی
گێرمە و کێشەی ڕۆژی فەرمان
پاش وچانی..
سەوا و مامەڵەی سەر دوکان
خۆشە گەڕان..
بەناو کۆڵانی گەڕەکی
«سەرچیمەنا» تا «حاجی حان»
بۆ چاوبڕکێ لەگەڵ کچان
بۆ بینینی ئافرەتی جوان.

***
لەناو سنووقی بۆراقا

لەناو تاقا
ڕانکوچۆغەی تازەی جەژن
ھاتەدەر بۆ لەبەرکردن.
کڵاش.. بەچنینی وردی
ھی ھەورامانە دەس کردی
لەپێکرا،
تەواوی کرد: جلی کوردی.

***
ئاوێنەی چەسپی ناو دیوار

چەسپێکی نزمی گێڕ و خوار
بەشانەی تەختە.. ھەشت نۆ جار
بەنوشتاوەیی بۆی وەستا
ڕۆنێکی زۆر لەناو مستا
سەری لەبەردا داھێنرا
دەست ماندوو بوون
تا تاقەت چوون
خۆ ڕێک خرا.

***
لەبەر خۆوە بەستەی «ھەی نار»

ورتە ورتێتی لەسەر زار
ئینجا.. قەتار..
بۆ پشوودان..
گۆڕیی بە «نازی چاوبازان».

***
بەپۆزێکی ھەڵوێستەوە

بۆ بەر دەرگا
سێوە لاسور بەدەستەوە
بۆ سەر ڕێگا
یاریی لەسەر دەس پێئەکا
باوە و وایە
مەعنای تیایە:
نیشانەی کوڵمی جوانانە
ھی کچەکەی کانێسکانە.

***
بەکۆڵانا وەرە و بڕۆ

وای دەرئەخا ئیشی ھەیە
بەڵام درۆ
بۆ بینینی ئەو کچەیە
کە دەمێکە شێتی بووە
لەدەستەی ھەموو جوانانا
لەناو کیژی کانێسکانا
تەنیا ئەو بەدڵیا چووە.

***
تا شل ئەبێ ھێزی ئەژنۆ

وەرە و بڕۆ..
سەر ئەشێوێ.. یەت و ئەچێ
ھەنگاوی خوار و خێچ ئەنێ..
داپیرەی زیتی تەشی ڕێس
لەبەر قاپی چاوی لێیە..
پێئەکەنێ..
ئەڵی «کوڕم ئەو کۆڵانە.. کوا دەرئەچێ!»
تەریق بوونەوەی پاشە و پاش
ئارەق بەناوچەوان ئەگرێ.

٢

ھێشتا عەسرە.. گەڕەک کڕە
خەڵک نووستووی تێر و پڕە
بۆ کچانی زیندانی ماڵ
زیندانی ساڵ
فرسەتێکە بێنە دەرێ
بۆ ناو کۆڵان
بۆ گسک دان
بەر دەرگای ماڵ خاوێن ئەکەن
دوو سێ جار، ئاوڕشێن ئەکەن
بەڵام مەبەست یار بینینە..
بزەی لێوێکی شیرینە.

***
ھەتا دڵنیایی تەواو

لەناو دڵا ئارام نەگرێ
ھەتا تیشکی سەرنجی چاو
ناخی دەروون تا بن نەبڕێ
ھەتا تەواو لەدەس بڕین
نەکرێ نەفرین..
ھەتا ڕاستیی نیازێکی پاک
دیاریی نەدا
کچ دڵی خۆی بەکوڕ نادا!.
بەڵام کاتێ دەرکەوت خواستی
پاکە وەکوو نیازی ڕاستی..
ئەوسا.. ئیتر..
بەرقاپی گر..
چاوەڕوانە..
بۆ بینینی ئێوارانێ
ئیشارەتێ.. سەرنج دانێ
کچی دڵخواز پەرێشانە.

***
ئینجا ئیتر پەپوولەی دڵ

چۆن ڕازی دڵ
بگەیەنێ بەسوورە گوڵ
چۆن بیدوێنێ؟ چۆن پێی بگا؟
کەی بێ قسەی لەگەڵ بکا؟
بەکاغەز یان لەبەر دەرگا؟
کەس دیار نەبێ
ھەلی ھەڵکەوت بەکاربێنێ
ئەم ھەڵوێستە زۆر گرانە
خەڵکیش زۆریان دوو زمانە
چاکتروایە بەنامەیە
سکاڵاکەی ھەڵبڕێژێ
ھەر دووراو دوور لەخەیاڵا!
خونچەی لێوی ھەڵبمژێ.

٣

لەسەر کاغەزێ تایبەتیی
کە لایەق بێ بەیاری جوان
کوێرە خەتی
حوجرەی جاران
کەمتر وشەی کوردی پەتی
بەڵام ڕەوان
قسەی ساکار
ھەڵئەبژێرێ بۆ مەتحی یار.
دەست پێ ئەکا.. ئەڵی «گیانم
ھەناوم، ڕۆحی ڕەوانم
ھێزی ئەژنۆم
بینایی ھەردوو چاوانم
پەرێشانم..
بەو پەنجانە..
ساڕێژی کە زامی ژانم»
وشەی دووبارەی لەیەک چوو
ئێجگار زوو زوو
دێڕی شاشی ناڕێک و پێک
ئەخەنە ڕوو..
لەگەڵ نووسینی دێڕێکا
پیاچوونەوە بەسەر یەکا
دڵداری یەکەم جارێتی
یەکەم کچی بەھارێتی
بۆیە دوودڵە لەشێوەی
جۆری نووسین.
بۆ نازەنین.
تا چەند جارێ
تا شێوەیەک دڵی ئەگرێ
کاغەز ئەدڕێ
دیسانەوە لەنووکەوە
سەری دێڕی یەکەم ئەگرێ
یەک لەسەر یەک
لەشیعری زۆر
لەفۆلکلۆر..
بۆ وێنە وەک:
«سەر کە سەر ڕانم
ڕەگی حەیاتم
لەقەبرەکەشا
ھەر بەتەماتم»
ئینجا نیشانە پێویستە
بۆ پێکانی ئەمی ھەژار
دڵ بریندار
بەتیری ئەو خۆشەویستە
با بیکێشێ:
وێنەی دڵێ تیر تێ چەقیو
ئەمپەڕ ھەتا ئەوپەڕ سمیو
لەدامێنا خوێن تکە تک
لێی ئەبارێ..
دێتە خوارێ..
ھێشتا نیشانەیەک ماوە
بۆ گلێنەی ئەو دوو چاوە
چۆن دەری خا کە سووتاوە؟!
بەئاگری جگەرەی دەست
لەچەند لاوە
کاغەزی یاری خۆشەویست
کون کون ئەکا
پەرێشانیی دڵی دەربەست
ئاشکرایە و دەری ئەخا.

***
بەر لە کاغەز پێچانەوەش

لەو عەترانەش
کەوا ئێجگار بۆنیان تیژە:
ئەیدا لەنامەی یارەکەی
ھەتا بۆنی بەھارەکەی
بکا، شۆخە نازدارەکەی.

٤

دنیای ئارامی ئەوساکە
ئەت وت بەھاری ڕووناکە
خەڵکی دڵیان وەک بەفر بوو
سپی و بێگەرد
ڕق و کینە ناڵێم نەبوو.
بەڵام کەم بوو
درەنگیی بۆ شەوی نەبوو
شەوی شادیی خەوی نەبوو.

***
وەرز ھاوینە..

تریفەی مانگ لەسەر سەربان
چرای کۆڕی دانیشتنە
لەپاڵ چیغا
سکاڵای دڵ ھەڵڕشتنە
دەستەی کچان
بەدانیشتن یاخود چیچکان
ئەڵقەی خۆیانیان بەستووە
دیوی کۆڵانیان گرتووە

***
وا تاقمێ لەگەڵ کوڕی..

کۆڵان.. گری
دڵدار ھاتن
سەر بەرەوخوار..
بەرەو بەر دەرگای ماڵی یار.
یەن و ئەچن..
تا بەر کەلاوەی ئەوبەری
بەرامبەری
کچان ئەگرن
بەدەم گۆرانی و بەستەوە
دەنگ ھەڵئەبڕن
ھەتا کیژی چاوڕەش ھەست کا
حەز لەدەنگی خۆشەویست کا!

***
تینوێتی نیگای گرفتار

وا لەلای یار
بۆ ئەم کاتە
بۆ ئەو مەرام
قسەی بێدەنگ ئیشارەتە.
ئەوا نازدار
دەست بۆ سەر و قژی ئەبا
واتە.. سەلام
لەدڵخوازەکەی خۆی ئەکا!.

***
کەی ئەم ئەبێ بەبووکی ئەو؟!

کەی دێتەدی خەیاڵ و خەو؟!
کەی بێ تەمەن، خۆزگەی مەرام،
نەکا ناکام؟!
چۆن پێی بگا؟!
تکا و نزا لای کێ بکا؟!
نزا لای شەخسی پیرانە
گەورەی مردووی گۆڕستانە!
کە نزیکی بارەگاکەی
تەنیای «بینایی چاوانە».

***
بۆ تۆ لەدوور..

ھاتووم لەوپەڕی شارەوە
سەرت بدەم:
ئەی «پیرمە سوور»
بۆ حاسڵ بونی نیازی خۆم
ماچت ئەکەم
خۆڵت ئەخۆم
توخوا ئەگەر ئاواتی دڵ
نابەمە گڵ؟
ئەگەر ئەم نیازەم سەر ئەگرێ
با ئەم بەردە بچووکەی دەست
کێلی پیرۆزی تۆ بگرێ!

***
پاڕانەوەی دوور و درێژ..

نزا ھەڵڕێژ
لەدەوری گۆڕ..
بەسەزمانە.. بڕوای وایە
کلیلی بەختی دڵداری
لەوێ دایە!

1968/06
بەغدا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێرکۆ بێکەس. «تریفەی ھەڵبەست/دڵداریی جاران». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.