شاعیر: شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: شیعری نوێی بڕگەیی
کە منداڵ بووم
بیرەوەرییە ڕابوردووە شیرینەکان، ئەم چەند وێنەیەیان بەشیعر پێ کێشام، یادگارە بۆ لەبیر نەچوونەوەیان.
١- گەڕەک:

قاپی تەختەی دوو دەروازە
ھەر تاکێ، نەخشی جیاوازە
دوو ئەڵقەڕێزی بەدەس قورس
گۆپکەی زۆری ئاسن و مس.
بۆ چاوەزار
بۆ تەماشای دیاری ڕێبوار
بەسەر دیواری دەرگاوە
ناڵێکی زل داکوتراوە
مورووی شینی تێخراوە.

***
گوێسەبانەی نزمی نیشتوو

درەختی ناو حەوشەی ھەڵچوو.
کۆڵانی تەنگ..
پەنجەرەی شووشە ڕەنگا ورەنگ.
دووکانی دەرگا لەسەر ماڵ
نەخشی خەت خەتێنی مناڵ.
سەکۆی درێژی ناو داڵان
ئاوڕشێنی ڕێی بەر ماڵان.
مێوی سەر حەوزی بن فێنک
ھێشووی پڕ چنگ.
گۆزەی ژێر سێبەری.. تەزیو
تۆوی ھەڵوەریو
ھێلانەی سەر پێشی ھەیوان
بۆ کۆتری نەشیملە و جوان
تاشە بەفری پێشی دووکان
چیخ و مانگەشەوی سەربان.

***
ژووری گەورە، کەللەگی ناو

چاک سواغ دراو
بەچوار دەورا ڕەفەی درێژ
چینی و کاشی لەسەر ڕیزە
بەرماڵی نوێژ
ھەڵواسراوە، زۆر ئازیزە.
مەوجی سەرنوێنی ھەڵچنراو.
سەماوەری زەردی وارشاو.
تاقی قووڵی، زۆری دیوار.
باڵا ئاوێنەی بەرەو خوار.

***
باڵەخانەی پێش تەختە بەنگ

سەوز و سوور ڕەنگ
بەچاو تۆزێ خوار و لاسەنگ
بەسەر حەوشەی ناو گەڕەکا،
ئەڕوانێت و کەشخە ئەکا!.

***
پاشماوەی کۆنە گۆڕستان،

تاک تاک کێلی بەدەرەوە
مەرقەدی شەخس، ئاین پیران
بەیداخی سەوز بەسەرەوە.
شەویش مۆمێکی داگیرساو
لای کێلی ژوور سەر دانراو
دەوری مەرقەد ڕووناک ئەکا
نیزا بۆ پیاوی چاک ئەکا.

***
یان لەکەلاوەی چەپەکا

کە زۆرن لەناو گەڕەکا
دیمەنی شەڕە کەڵەشێر،
لەگەڵ یەکا
تا خوێن لەپۆپنە ئەتکا
تا یەکێکیان ئەکەوتە ژێر
تا لەتک و تاس ئەچۆوە
ئێوارەمان درەنگ ئەکرد،
چێشتەکانمان سارد ئەبۆوە.

***
=٢- شایی:

ڕۆژی شایی، ھەر بەیانیی
بەردەم دەرگا، ناو کۆڵانی
سەر، سەربانی
ماڵی بووکێ یان ھی زاوا
بەگشت ماڵی گەڕەک ئاوا
پڕ ئەبوو لە، جل زەرد و سوور
لەمیوانی گەڕەکی دوور
لەمناڵە ورتکەی گرۆز.
لەلاوی قۆز.
لەژنان و کچی گەڕەک.
لەبۆنی خۆش.
لەدەس گێڕی وردەفرۆش
کە قارس ئەبون بەناخوونەک!.

***
وا دەس بەردانی پیاوانە

نۆبەی ھەڵپەڕکێی ژنانە
بۆ لای سەر گوێسەبانە
کاتی گەرمەی سەرنج دانە!
سووراوی زۆر، سپیاوی خەست
خەنەی قاچ و، بازنی دەست
کەوای تاقە، چەفتەی سوورمە
ورشەی دەسماڵی، تێل قرمە..
ھاڕەی خشڵی زۆری خواسراو
چاوی بەکل ئێجگار ڕێژراو
لەرزەی ئاشق بەنگ و کرمەک
ورشە و پرشەی کراسی خامەک
مێخەک بەنگی تا ناوک شۆڕ
پانی بەرزی ڕەنگ مەیلە و مۆر
گۆبەرۆکی سوخمەی گوڵ گوڵ
لەگوڵ ھێرۆ، ملوانکەی مل

***
جووڵە جووڵی، کابرای شایەر

بەدەس، بەسەر
پیاھەڵدانی بێ سەرووبەر
دزە دزەی ئێمەی مناڵ
بۆ بەستنی لکی دەسماڵ
تا ببینین..
تا پێکەنین..
بەو ئەنجامەی کە دەس بەردان
دەسماڵی لەیەک ئەئاڵان!.

***
=٣- نان خواردن:

مەنجەڵی گەورەی زنجیردار
بەچەند ژنێ ئەھاتە خوار..
پڕە مەنجەڵ و لێوان لێو..
تێکە یاپراخی گەڵامێو
غەڵبەی قسە، بانگی مناڵ
تەقە تەقی قاپی بەتاڵ
بەرنەکەوتن، بۆڵە و خوتە!
لەمریشک و لەپشیلە،
کشە و ختە!
دەوریی فڕان،
بۆ قوژبنی کەس پێ نەزان
گریانی مناڵ، نووکە نووک.
جێگەی سەغڵەت حەوشەی بچوک.
لەدەر.. لەقوژبنێکی کەلاوە
لەبەر سووری ئەو ھەتاوە
چەند سواڵکەرێ برسی و داماو
سەریان بەیەکەوە ناوە
لەسەر یاپراخی ھەڵوەشاو!.

٤- بووک بردن:

لەژوورەوە بووک ڕێک ئەخەن
ئەڵێن قەیرێکی تر ئەیبەن
وا ھاتە دەر
تارا بەسەر
تارا: ڕەنگی ئەرخەوانیی
بووکیش: پەریی کوردستانیی
شەرم لەناو چاوی گەشا،
جوانی وا لەناو باوەشا.
تکەی ئارەقی سەر گۆنا
قەترەی شەونمە لەخوێنا!.
دوو پەری دەستیان گرتووە
کەمێ پێش خۆیان خستووە
وەکوو بەھار..
ڕازاوەیە بووکی نازدار
نەشمیلە و جوان
وەکوو کچی شیعری «گۆران».

***
بۆ تەماشای بووکێ کردن

پاڵەپەستۆیە و ڕەت بردن
جێگە تا بێ، تەنگ تر ئەبێ
سەربان و دەر پڕتر ئەبێ
دەنگی غەڵبە و زووڕنا و دەھۆڵ
ئەگاتە چۆڵ!
ھەنگاوی ورد، نەرمە ڕۆشتن
وەستانی زۆر، ئارەق ڕشتن
ئەوا بەرەو ماڵی زاوا
شایی و بووک پێکەوە ئەڕوا
ھەر لەپاش ھەشت نۆ ھەنگاوێ
نووچ دانێکی کەم، بۆ تاوێ
ئاوێنەی چوارچێوە تەختە
جیازیی بەختە
پشت لەخەڵکیی، ڕوو لەبووکە
دیمەنێکە ئێسک سووکە.

***
ماڵی ناو کۆڵانی سەر ڕێ

بۆ سەیر ھاتوونە دەرێ..
خۆزگەی کچی شو نەکردوو
بەکزەوە مل لار گرتوو.
لەسەرنجی چاوا دیارە
ڕوو ھێمنە
بەڵام دەروون بێقەرارە!
گۆمی ئارەزووی بێ بنە.
چرپەی کوڕان بەگوێی یەکا
نەھێنی قسە دەرئەخا!
لەپڕێکا پێکەنینێ،
نەھێنی دەرئەپەڕێنێ.
مناڵە ورتکەی بێشوومار
وەک گەڵای دار
ھەتاکوو بن..
زۆرتر ئەبن..
نە بۆ بووکە و نە بۆ جوانیی
نە بۆ ھەڵپەڕکێ و گۆرانیی
نە بۆ خۆشیی زەماوەنگە
نە بۆ کیژی شۆخ و شەنگە
وا شوێن کەوتوون
لەپێشەوە پێ ھەڵگرتوون
بۆ نوقڵی ترش و شیرینە
بۆ ماجوومی ناو قەد شینە!
بۆ نۆک و خورما و حەڵوایە
کە ناو بەناو عانەی تیایە!!

***
=٥- کۆتایی:

شایی ھەردوولا لەیەک دا
تێکەڵ بوون و لەیەکیان دا
زاوای مل قوتی پشتێن پان
چاوەڕوانە لەسەر، سەربان
ڕیشی زبر و سەر، تاشراوە
خۆشۆراوە..
جامانەی تازە بەستراوە.
کە بووک گەیشتە بەردەرگا
سمێڵی ڕەش، بزە ئەکا!.
بەقامیشێ..
تۆزێ قایم، کە نەیەشێ
بەسەری بووکا ئەکێشێ.
گوڵدان، گوڵاو ئەپرژێنێ!.
نوقڵ مناڵ ئەوروژێنێ
کوڕ و کچی حەزلێ کردوو
فرسەتە بۆیان دوو بەدوو!
وردە وردە گەرمەی ئاھەنگ
لەگەڵ تاریکایی ھاتندا
سارد ئەبۆوە بۆ کۆتایی
لەگەڵ دەرگا داخستندا
شەوی خامۆش، ماڵ ئاوایی
ئەکرد لەگەڕەک و شایی.

1967/08
بەغدا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێرکۆ بێکەس. «تریفەی ھەڵبەست/کە منداڵ بووم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.