نووسەر: کەریم بەگی جاف (١٨٨٥-١٩٤٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
فەسڵی سێیەم
بەیانی تایفەکانی جاف لە جوانڕۆ کە داخڵی ئەیالەتی سنەیە و ئەوانەیان کە ھان لە ئەیالەتی کرماشانا:

قوبادی: ھەشتسەد ماڵ ئەبن، وان لە جوانڕۆدا، گەڕیاون و دانیشتوویشیان ھەیە لە جوانڕۆ و مەحاڵی خۆیانا، بە ھاوین ئەچنە کەژی شاھۆ و بەنی گەز. ئەمانە ئێڵی حەبیبوڵڵا خانن، سێسەد سوار وسێسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ.

باوەجانی: ئەمانەش ھەزار و پێنجسەد ماڵ ئەبن، بە ھاوین ئەچنە بەنی گەز و شاھۆ لەتەک قوبادیدا ئەچنە چەمی خانا شوور و [لوشە]، ئەمانەش پێنجسەد سوار و پێنجسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ، ئەمانە بە عوموومی ڕەعیەتی حەبیبوڵڵا خانن.

ئیمامی و یەناخی: ئەوانیش پێنجسەد ماڵ ئەبن. ئەم تایفەش ئێڵی حەبیبوڵڵا خانن و ئەمانیش بە ھاوین ئەچنە بەنی گەز و شاھۆ و زوستانان دێنە پشتی کەژی شنروێ بەڕووی ئێرانا تا سەرچەمی سیروان دائەنیشن.

قادر وەیسی و تایشەیی: ئەم دوو تایفەش جافن و داخڵی ئەیالەتی کرماشانن. زوستان لە سەرقەڵا و جێگیران تا ژووری فۆرەتوو دائەنیشن و بە ھاوین ئەچنە داڵاھۆ. ئەم دوو تایفە ھەشتسەد ماڵ ئەبن بە گەڕیاو و دانیشتوویان. گەورەی تایشەیی ئەلی سوڵتانە، ھەردوو لایان سێسەد سوار و سێسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ و گەورەی قادر میروەیسی، مستەفا مەحموود نەزەرە.

کۆیک و نێرژی: ئەمانیش داخڵی ئەیالەتی کرماشانن، بە زوستان لە زەھاو دائەنیشن و بە ھاوین ئەچنە داڵاھۆ. گەورەی ئەمانە ڕەزا خانی کوڕی یاروەیس سوڵتانە و ئەمانە دووسەد سوار و دووسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ و ھاروونی لەتەک ئەم دوو تایفەدا یەک ڕەگن، لە یەک جیابوونەتەوە.

دەروێشی و وەڵەدبەگی و دەلەژێری: ئەم سێ تایفەیە وەڵەدبەگییان پێ ئەڵێن، ھەر سێ تایفەکەیان شەشسەد ماڵ ئەبن، گەورەی ئەمانە بەھرام بەگی کوڕی فەتاح بەگی سەعید بەگە. ئەمانیش داخڵی ئەیالەتی سنەن، بە ھاوین ئەچنە بەنی گەز و کڕێوە و دەوڵەت ئاوا و زوستانیش دێنە سەرقەڵا و جێگیران و تەرەفی شەواڵ دڕە و کەلی تیلەکۆ. دووسەد سوار و دووسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ و زۆر ئازاشن.

کۆکۆیی و زەردۆیی: ئەم دوو تایفە وان لە جوانڕۆ، سیسەد ماڵ ئەبن. پیاوی وەکیلی جوانڕۆ عەبدولغەفوور بەگن و بە ھاوین ئەچنە شاھۆ و پەنجا ماڵیشیان وان لە قەزای ھەڵەبجە و زەردۆییش مەحەللەیەکیان لە کرماشان ھەیە.

عەلی ئاخەیی و پەپڵی: ئەم دوو تایفەیە دووسەد ماڵێ ئەبن، عەلاوەجاتی وەڵەدبەگی و تایشەیی و قادر میروەیسین.

تاوەگۆزیی ئێران: پێنجسەد ماڵ ئەبن و ئەمانیش ئێڵی حەبیبوڵڵا خانی جوانڕۆن، بە ھاوین ئەچنە بەنی گەز و کڕێوە و شاھۆ، دووسەد سوار و دووسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ. عوموومیان پیاوی حەبیبوڵڵا خانی جوانڕۆن، لەتەک تاوەگۆزیی خاکی عێراقا یەکێکن و زوستانیش دێنە نزیک شت قەڵای شەمێران و گومە و پشتە.

دڕۆیی: سێسەد ماڵ ئەبن و ئەمانیش بە ھاوین ئەچنە شاھۆ. گەڕیاون، دانیشتوویشیان ھەیە، گەورەیان فەرەجی فەتاحە کە مەشھوورە بە فەڕەجوڵڵا خان، سەد سوار ودووسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ، زۆر ئازاشن.

کوێرەکی: سەد ماڵێ ئەبن لە ناحیەی ھۆرێن و شێخان دائەنیشن و لەبەر ئەمە لە پێش تەحدیدی حدوودا داخڵی ئێران بووە، لەتەک جافی ئێرانا بەحسم کردن و ئەمانە گەڕیاو نین، ئیستە داخڵی خاکی عێراقن.

حەبیبوڵڵا خان کە ڕەئیسی قوبادی و باوەجانی و تاوەگۆزی و ئیمامی و ئێناخی بووە، سی و چوار کوڕی بووە، عوموومیان سوار بوون، نزیکی دە کوڕیان ساحێب پشتماڵە و بەشیان لە ئێڵا بووە. سیانیان لە گشتیان قابیلتر بوون، مستەفا خان، محەمەد بەگ کە لەقەبی ئەمیر ئەسعەدە و محەمەدتەقی بەگ. حەبیبوڵڵا خان بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر مردووە، کوڕی گەورەی کە مستەفا خان بووە جێداری بووە، زۆر تەرەقی کرد و عوموومی جوانڕۆی کەوتە ژێر دەست و ھەرچە جافی جوانڕۆ بوو تەکلیفی ئێڵی و عەشیرەتییان وەکوو تایفەکانی خۆیان ئەیاندایە و ئەو دێھاتانەی کە ئێستە وان بە دەست کوڕانی جەعفەر سوڵتانی حاکمی ھەورامانی لھۆنەوە گشتی بەدەست مستەفا خانەوە بوون تاکوو پانزە ساڵ لەمەوبەر. ئیقتیداری گەیشتە دەرەجەیێک عەشرەتی ھەمەوەند کە حوکوومەتی تورکیان تەزییق کردبوو بە خراپە کردن و جەردەیی، حوکوومەتی تورک لە پاش ئینقیلابی سلانیک و مەشرووتییەت دوو ساڵ خەریکی تەدبیر بوو بۆ تەربییەتی ھەمەوەند، میقدارێکی زۆر عەسکەری پیادە و سوارە لەژێر قوماندەی مەزھەر بەگی میرئاڵادا و عوموومی عەشایرەکانی لیوای کەرکووک و لەشکری جاف سەوقی چەمچەماڵیان کرد. ھەمەوەندەکان عوموومی فیرقەکانیان لە چەمچەماڵ و بازیان دەرچوون و چوون بۆ جوانڕۆ لای مستەفا خان، ئەویش بە بەگزادە و گەورەکانی ھەمەوەندی وت: ئەگەر عومووم لای من دائەنیشن عوموومتان ئیدارە ئەدەم. ئەم ھەزار و دووسەد سوارە بە تەواوی بوون بە تەبەعەی مستەفاخان. لە عەینی وەقتدا عەلی ئەکبەر خانی کوڕی شێرخانی کوڕی ئەسەد خانی حاکمی سنجاوی لەتەک سەردار موزەفەری حاکمی کەڵھوڕ، کە داود خانە، بە شەڕ ھاتن. عەلی ئەکبەر خان ھاواری ناردە لای مستەفا خان، مستەفا خانیش پەنای دا، داود خان بە عوموومی سوارەی کەڵھوڕ و ھەمەوەند و بێتووییوە، وە تەلەبی ئیمدادیشی لە والیی کوردستان کردبوو، ئەویش میقدارێ لەشکری بۆ ئەنێرێ، عەلی ئەکبەر خان کە ئەم ھەشت، نۆ ھەزار سوارە دێت بۆ سەری خەبەر ئەدا بە مستەفا خان، لە بێ بەختیی مستەفا خان لەو ڕۆژەدا ھەمەوەندەکان بە چوار تاقم بۆ دەوری کەرکووک و سلێمانی و چەمچەماڵ ئەڕۆن بۆ جەردەیی. سەد سوارێکیان لای مستەفاخان ئەبێ.

مستەفا خان لەشکری خۆی و ھەمەوەند، ھەزار سوارێ ئەبا بۆ یاریەدانی عەلی ئەکبەر خان، ئەبێ بە شەڕیان، لەشکری داود خان ئەشکێنن، مستەفا خان لە وەقتی شەڕدا لەسەر ماین ئەکەوێ و ملی ئەشکێ، ڕەحیمی کاک ئەوڵای عەزیزی خاڵەی ھەمەوەند و زۆراو وانک ھەمەوەند ئەکوژرێن، کە دوو پیاوی زۆر ئازا و گەورە بوون لەناو ھەمەوەندا.

لەشکری داود خان کە ئەزانن مستەفا خان نەماوە ئەگەڕێنەوە دووبارە ئەبێ بە شەڕیان، سەد کەس لە لەشکری داود خان ئەکوژرێ.

بە فارسی ئەڵێن: «سەد سەر بە توربەیێ و یەک سەر بە توربەیێ!» حسابی مستەفا خانیش ھەر وەھایە. گوم کردنی پیاوێکی وەکوو مستەفا خان قووەتی مەعنەوی بۆ لەشکری جوانڕۆ نایێڵێت، ھەردوو لەشکرەکە ئەگەڕێنەوە وە لە یەک جوێ ئەبنەوە.

لە دوای مستەفاخان گەورەیی عەشیرەتەکانیان کەوتە دەست محەمەد بەگ، ئەو بە عەکسی مستەفاخانی برای، فیتنەیی خستە ناو براکانی وە پانزە برای لەناو خۆیانا یەکتریان کوشت و محەمەدتەقی بەگی برای کە بۆ ئەوە ئەشیا ناوی بچێتە ناو لاپەڕەی تەئریخەوە، بە دەستی خۆی، بە تەحریکی سەردار ڕەشیدی حاکمی ڕوانسەر، کوشتی و لەتەک محەمەد ساڵەح بەگی کوڕی مستەفا خانا کە ئەویش وەکوو باوکی پیاوێکی زۆر چاک بوو کردی بە شەڕ، دوو برای محەمەد ساڵەح بەگی بە ناحەق کوشت! ئەمما بەسەر محەمەد ساڵەح بەگا موەفەق نەبوو، محەمەد ساڵەح بەگ ئێڵی قوبادیی برد بۆ خۆی تاکوو حەوت ساڵ لەمەوبەر بە دەستیەوە بوو. محەمەد ساڵەح بەگ مرد، ئەحمەد بەگی برای زۆر پەلەپەلی کرد موقابەلەی محەمەد بەگ بکا نەیتوانی. محەمەد بەگ خۆی و کوڕەکەی ھا بەسەر قوبادی، تاوەگۆزی و باقی دێھات و عەشیرەتەکەیەوە.
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کەریم بەگی جاف. «تەئریخی جاف/٠٣». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.