نووسەر: کەریم بەگی جاف (١٨٨٥-١٩٤٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
فەسڵی چوارەم
ئەم عەشیرەتی جافە کە ھان لە عێراقدا بۆ چی پێیان ئەڵێن جافی مورادی؟ ئەمانە لە پێش زاھیر بەگدا لە زەمانی سەڵتەنەتی سەفەویەکانا و خەلافەتی سوڵتان موراد خانی ڕابیعدا ھاتوونەتە کوردستانی بابان، موددەتێ لە خاکی بابان و شارەزووردا ئەمێننەوە و تیکرار ئەچنەوە بۆ جوانڕۆ و جێگەی خۆیان، گەڵاڵی، ئەمێننەوە لە شارەزوور و ناگەڕێنەوە. جافەکانی جوانڕۆ و ئەیالەتی کرماشان بەمان ئەڵێن «جافی مورادی». تیکرار لە پاش موددەیێکی زۆر کە تەسادوفی زەمانی زاھیر بەگ و تاھیر بەگ ئەکا کە ئەولادی یارئەحمەد بەگی کوڕی سەیفوڵڵا بەگی کوڕی سەید ئەحمەد بەگی ڕەئیسی ئێڵی جافن. زاھیر بەگ و تاھیر بەگ لە جوانڕۆ، کە جاف زۆر ئەبن و زیادی نوفووسیان ئەبێ، زاھیر بەگ بە خۆی و چوارسەد ماڵ لەتەک خانەبەگدا کە باوکی گەورەی بەگزادەی وەڵەدبەگییە دێنە بانی خێڵان.

لە تەئریخی ھەزار و سەد و پەنجای ھیجریدا و ھاتنی ئەوەلی جاف لە زەمانی سوڵتان مورادی ڕابیعدا لە تەئریخی ھەزار و چل و پێنجی ھیجریدا بووە. ئەمانە لە بانی خێڵان ئەمێنن کە مەوقیعێکە لە لێواری سیرواندا لە بەینی ئەڵەبجە و پێبازدایە و ئەمڕۆ داخڵی ناحیەی وارماوایە و لەوێ ئەمێننەوە.

شارەزوور، گەڵاڵی و مەنمی و گەڵباغی و کەڵھوڕ و تیلەکۆ و بڵباسی تێدا ئەبێ، نزیکی ھەشت نۆ ھەزار ماڵ زیاتر ئەبن، وەکوو جاف ئیسە ئەچنە کوێستانی ئێران. ئەمانە ناتوانن بچنە ناویان و لەوەڕخۆریی بکەن. بەم وەزعییەتە ھەشت، نۆ ساڵ ئەمێنن، ئەمما کەم کەم لە جافی جوانڕۆ دە ماڵ و پانزە ماڵ بۆیان دێ، ئەبن بە ھەزار ماڵ. لەو وەقتەدا چل کەس جەردە لە حاکمی قەڵاچوالان کە حاکمی بەبە بێ، یاخی ئەبن، حاکمی قەڵاچوالان زۆر مەتڵەب ئەبێ لە لای گرتن یا کوشتنی ئەم جەردانە و جەردەکانیش دێن بۆ دەوری دزیایش و بانی خێڵان لە تەرەفی حوکمداری بابانەوە مەئموور دێتە ئەسەر زاھیر بەگ: ئەبێ یا ئەم جەردانەم بۆ بگری یا بکوژی وە یا نایەڵم لەم خاکما دانیشی، زاھیر بەگیش ئەڵێ بە تاقمی خۆی: ئەمڕۆ لە خاکی بابانا زۆر کەمین، لازمە خزمەتێ بە حوکمداری بەبە بکەین کە لێمان مەمنوون ببێ، ئەوانیش ئەچن بۆ شوێنی ئەو جەردانە، لای دەربەندیخانا تووشیان ئەبن، ئەبێ بە شەڕیان، ھەر چل جەردەکە ئەکوژن و سەرەکانیان ئەبەن بۆ حاکمی بەبە! حاکمی بەبەش لە موکافاتی ئەمەدا بانی خێڵان و نۆدێی دزیایشیان ئەداتێ بۆ خۆیان. لە پاش ئەمە چاو ئەکەنەوە و ئەچنە قەڵاچوالان و ئەم دێھاتانە بە دەستیانەوە ئەبێ و حاکمی بەبە زۆر حورمەتیان ئەگرێ و لە جافی جوانڕۆ ماڵی تریشیان بۆ دێ لەو دێھاتانەدا دایان ئەنێن. دانیشتووی ئەو دێیانە لەو جافانەن کە لە زەمانی زاھیر بەگا ھاتوون و زۆریان لە عەشیرەتی شاترین.

بەو دەلیلە کە دانیشتووی ئەو دێیانە گشتی شاترییە و شاتریش لەتەک زاھیر بەگدا لەو وەقتەدا زیاتر ھاتوونەتە ئەمبەرەوە. لە زەمانی زاھیر بەگدا کەمێ قووەت ئەگرن و زۆر ئەبن ئەمما ناتوانن لەبەر ئەو عەشیرەتانەی کە لە شارەزووردا بوون بچن بۆ کوێستانی ئێران. لەو زەمانەدا تاکو ناڵپارێز و تاری دەر و مەحاڵی سرۆچک ھاوینان ئەڕۆیشتن. لە تەئریخی ھەزار و سەد و شست و پێنجی ھیجریدا زاھیر بەگ بە ڕەحمەت ئەچێ و قەبری ھا لە فەقێ جنە کە یەکێکە لەو دێھاتانەی کە حاکمی بەبە دای بە زاھیر بەگ و گۆمەزەکەشی ئیستە ماوە.

برای بچووکی زاھیر بەگ کە تاھیر بەگە وەقتێ کە لەتەک زاھیر بەگدا دێنە بانی خێڵان و خاکی بابان لە پاش دوو ساڵ خۆی و عایلەیی و چەند کەسێکی تر لە ئەقاریبی ئەچنە شام و ئیستە لە محەللەی صالحيةی شامدا ئەولادیان ماوە و ھەموو وەقتێ کاغەزیان بۆ لای عوموومی بەگزادەکانی جاف نووسیوە و بۆ لای خۆشم ھاتووە. ساڵی ھەزار و سێسەد و چل و نۆ لە نیساندا عیزەدین بەگ بۆ سیلەی ڕەحم لە شامەوە ھات بۆ لامان.
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کەریم بەگی جاف. «تەئریخی جاف/٠٤». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.