نووسەر: کەریم بەگی جاف (١٨٨٥-١٩٤٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
فەسڵی پێنجەم
بەحسی کوڕەکانی زاھیر بەگ کە لە پاش خۆی مانەوە:

قادر بەگ و سڵێمان بەگ ھەردوانیان کوڕی زاھیر بەگن، سڵێمان بەگیان برای گەورە بووە. قادر بەگ کە برا بچووکە پیاوێکی زۆر ئازا و سەربەدەرەوە بووە و تەبیعەتی زۆر گەرم بووە، وەقتێ کە زاھیر بەگ ئەمرێ و جافەکانی ئەترافیان ئەبێ بە ھەزار ماڵ و ئەبن بە ساحێبی سوارە و تفەنگێکی زۆر، کەم کەم خەیاڵی کوێستان و چوونی ئێران ئەکەوێتە سەریان. بە شوێنی ئێڵی گەڵاڵی و گەڵباغی و کەڵھوڕ و باقیی تردا تا تەرەفی حدوودی ئێران ئەڕۆن. ئەمما ناتوانن بچنە ناو ئەو عەشایرانەوە. ڕۆژێ لە وەقتی کۆچدا یەکێ لە بەگزادەی وەڵەدبەگی، خالید بەگ ناوێکیان سەگێکی ئەکەوێتە ناو کۆچی گەڵاڵی و سەگەکەی ناوی شێرە ئەبێ و لەو وەقتەدا ڕەئیسی گەڵاڵی شێراغا ئەبێ. خالید بەگ بێ غەرەز، سەگەکەی خۆی بانگ ئەکا، ھەرچی لە گەڵاڵی وایە ئەم پیاوە بە سووکی ناوی ڕەئیسەکەیان ئەبا، بە دەفعەیێ دووسەد، سێسەد کەس پەلاماری ئەدەنێ، کلکی ئەسپەکەی ئەبڕن و نەختێکیش لێی ئەدەن! خالید بەگ دێتەوە بەو نەوعە بەسەریا ھاتووە ئەیگێڕێتەوە، قادر بەگ و سڵێمان بەگ کە ڕەئیسی ئەو ھەزار ماڵە جافە ئەبن، زۆر عاجز ئەبن و غیرەتی عەشیرەتی ئەیانگرێ، قادر بەگ لەشکر ئەکات، نزیکی ھەشتسەد، نۆسەد سوار و پیادەیێ گرد ئەبێ بۆی. سڵێمان بەگی برای ئەڵێ بە قادر بەگ: ئەم عەشرەتانە زۆرن و نزیکی پێنج، شەش ھەزار سوار و تفەنگچییان ھەیە، ئێمە بەر و دوا ناگەینە ھەزار کەس، ڕجا ئەکەم نە خۆمان و نە عەشرەتەکەمان بە قڕ بدەین! بوێستە تاکوو پایز ئەچینەوە بۆ شارەزوور خەبەر ئەنێرین بۆ جافی جوانڕۆ لەشکرێکی زۆرمان بۆ بێ، ئەم حەقەیان لێ ئەسێنین و ئەم بێ شەرەفییە لەسەر خۆمان لا ئەبەین. قادر بەگ یێژێ بە سڵێمان بەگی برای: ئەمە نابێ ئێمە ھەر تۆزێ گەرمیمان بگاتێ خەبەر بنێرین بۆ جوانڕۆ بۆ لەشکر. ئیمڕۆ ئەم شەڕە ئەکەم، ئەگەر فایەق بووم ھەم ناوێ بۆ خۆمان و ھەم جێگە و ڕێگەیێکی زیاد بۆ ئەم عەشرەتە پەیدا ئەکەم. ئەگەر فایەق نەبووم جوانڕۆمان لە دەست دەر نەچووە، ئەچینەوە بۆ جێی خۆمان بۆ جوانڕۆ، ئەگەر سەد کەسیشمان بکوژرێ و بڕۆینەوە ئێڵی جوانڕۆ گەمەمان پێ ناکەن بڵێن: لای ئێمە ڕۆیین بە ھەتککراوی ھاتنەوە! ئەڵێن: پەلەپەلیان کرد و موەفەق نەبوون. نەک ھەزار کەس ئەگەر سەد کەسم ببێ ئەچم بە گژیانا!

یەکێ لە کوێخاکانی جاف بە قەرەولی و بە جاسووسی ئەچێتە ناو لەشکری گەڵاڵی و گەڵباغی و مەنمی و دێتەوە ئەڵێ بە قادر بەگ: ھیچ مەوەستە بچۆ بە گژیانا، تەماشای ئەوانم کردووە ئەگەر چی زۆرن ئەمما وەکوو سەگ وانە، ھەموو ڕەنگن، ڕەش و سپی و بۆر و بازگن. لەشکرەکەی ئێمە یەک نەوعە، وەکوو گورگ یەکڕەنگە، بۆر و دەم ڕەشن. ئینشائەڵڵا موەفەق ئەبین. لەتەک قسەی ئەم کوێخایەدا لەشکر ڕائەکێشن بۆ سەریان، ئەبێ بە شەڕیان، چونکە دەوری تەرەقی و تاڵعی ئەمان بوو بەو کەمیەوە بە نەوعێ ئەیانشکێنن، شەشسەد، حەوتسەد کەسیان لێ ئەکوژن. گەڵاڵی نزیکی سەد کەس تەڵەفات و خەسارەتیان ئەبێ، ئەمما گەڵباغی و مەنمی و کەڵھوڕ زۆریان لێ ئەکوژرێ و زۆر موفەشەق ئەبن. مەنمی بەشێکیان بە شپرزەیی ئەگەڕێنەوە بۆ ئەترافی سلێمانی. مەنمی ئەو باقیەکەی تریان لەتەک گەڵباغی و کەڵھوڕدا ئەچنە لای والیی سنە کە حاکمی ئەردەڵان بووە، ئەویش لە بەینی گەڕووس و سنەدا جێگەیان ئەداتێ. کەڵھوڕ و تیلەکۆ لە خوڕ خوڕە و باشماخدا دائەمەزرێنێ و گەڵباغی لە ساڕاڵ و ھۆبەتوو و دیواندەرە دائەنێ، گەڵاڵی چونکە لە ڕەگی جاف ئەبن و کەمیشیان لێ ئەکوژرێ، دەخاڵەت بە قادر بەگ ئەکەن و ئەبن بە عەلاوەجاتی تایفەکانی جاف.

ئەو شێراغا کە ڕەئیسی گەڵاڵی بووە لەو وەقتەدا باپیرە گەورەی حەمە ئاغای ڕەزا ئاغایە کە ئیستە ڕەئیسی گەڵاڵییە. ڕەزا ئاغا کوڕی عەباس ئاغایە، ئەویش کوڕی ئەحمەد ئاغا کوڕی بارام ئاغایە. بارام ئاغا کوڕی شێراغایە و ئەو کوێخا جاسووسە جافە سوورەی نەوی جان بووە، کە گەورەی تایفەی وەلی بووە. قادر بەگ و سڵێمان بەگ کە ئەم فەتحەیان بۆ ئەکرێ زۆر تەرەقی ئەکەن و ئەو ساڵە ئەچنە کوێستان لە جێگەی ئەو عەشیرەتانەدا دائەمەزرێن. پایز کە دێن بۆ شارەزوور حاکمی بەبە زۆر زۆر حورمەتیان ئەگرێ و لە شارەزووردا ئەبن بە ساحێب جێگە و ڕێگە. بەڵێ «بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە».

جافەکانی جوانڕۆ و ئەیالەتی کرماشان کە ئەمەیان دی و شارەزووریش جێگەیەکی ساحێب ئاو و خەلەھاوەرە و جۆگەی بێ تەکلیفی زۆرە بە عومووم حەرەکەتیان کرد ھاتن بۆ لای سڵێمان بەگ و قادر بەگ. ئەم پانزە ھەزار ماڵە لە جاف، گەڕیاو و دانیشتوو، کە ئیستە داخڵی کوردستانی بابان و عێراقە، ئەو ساڵە تا بەھار عوموومیان ھاتن لە مەنتیقەی شارەزوور و لیوای کەرکووک دامەزران و جێگەی ئەو عەشیرەتانە کە ناومان بردن ئیشغالیان کرد و کەوتە دەستیان.

کە وەقتێ ئەم عەشیرەتانە لە ئەترافی سڵێمان بەگ و قادر بەگ زۆر بوون و بوون بە ساحێبی پانزە، شانزە ھەزار ماڵ بۆ ئیدارە کردنیان و تەکلیف لێ سەندنیان کە ئەمە ڕەسمێکی حەوتسەد ساڵی بووە، بۆ ڕەئیسانی جاف و ھیچ حوکوومەتێ لەو وەقتەدا نە لە ئێران و نە لە خاکی بابان و عێراق تەڵەبی قرانێ و مەڕێ و بزنێکی لە عەشیرەتی ئەوان نەکردووە، واریداتی ئەمانە مەخسووس بووە بۆ ئیدارە و گوزەرانی خۆیان. قادر بەگ ئەساسێکی عەسکەریی عەشایریی بۆ خۆیان دانا، سێسەد ماڵی لە عوموومی تایفەکانی جاف ھەڵبژارد و ناوی نان: «پشتماڵە». ماین و تفەنگ و ڕم و دەمانچە کە ئەسبابی شەڕی ئەو وەقتە بووە، تەسلیمی کردن و تایفەی عەمەڵە کە تایفەیەکە لە جاف و سێسەد و پەنجا ماڵ ئەبێ، ئەوانیشی لە تەکلیفی عەشیرەتی تەرخان کرد، سەد و پەنجا سواری داخڵی دەفتەری سوارەی خۆی کرد، تایفەی بەداخی پەنجا سواریان ماین و تفەنگ و ڕمی بۆ تەدارەک کردن و ئەوانیشی داخڵی دەفتەری سوارە کرد. سەدانی پەنجا سواری لێ مەخسووس کردن. ئەم سەد سوارەی سەدانی و بەداخییە، ھەر وەکوو لە تەکلیف ئازاد بوون، وەکوو خزمەتکاری پشتماڵە و عەمەڵە، بەرات و جیرە و مەعاشیان بوو، باقیی سوارەکانی سەدانی و بەداخی ماین و تفەنگیان ھی خۆیان بوو ئەمما لە وێرگوێی شەخسی کە پێی ئەڵێن «خەرج»، خاریج کرابوون و دایمەن بۆ ھەموو خزمەتێکی مەجبووری حازر بوون. لە زەمانی سڵێمان بەگ و قادر بەگ لە پشتماڵە و عەمەڵە و بەداخی و سەدانی پێنجسەد و پەنجا سوارەی خزمەتکار دایمەن مەوجوود بووە و لە تایفەی سەدانی و بەداخی سەد سواری لە خەرج دەرکراویش حازر بووە. وەڵەد بەگ کە کوڕی خانە بەگ بووە ئەویش پشتماڵەیێکی بووە و دایمەن سەد و پەنجا سوار خزمەتکاری تێدا بووە، ئەو سەد و پەنجا سوارەی وەڵەد بەگیش تابیعی فیکری قادر بەگ و سڵێمان بەگ بووە. ئەگەر تایفەیێ لە جاف سەرپێچی بکردایە بەم قوەتانە تەربیە ئەکرا و جەزایەکی زۆر سەختیشی لێ ئەسێنرا وە بەڵکوو لێشیان ئەکوشتن. ئەگەر چە عەشیرەتەکەیان ئیتاعەیێکی مەعنەوی و خالیسانەیان بووە بۆیان و خۆیان ھەر تەکلیفێ کە دابێتیان زۆر لایان خۆش بووە و ئەساسێکی تر بۆ سەلامەتیی وەزعیەتی جاف و بەگزادە تیکرار قادر بەگ دایناوە. ئەو دوو تایفە کە سەدانی و بەداخی بێ، لە وەقتی زوستانا لە گۆڕەشەلە و سەنگەر و قەڵاتەپە کە ئەمڕۆ داخڵی ناحیەی قۆڕەتوون و ئەوسا خاکی ئێران بووە، بە زوستان دایناون. لەبەر ئەمە ئەگەر لە وەقتی زوستاندا لە حوکوومەتی بابان عاجز ببێ کوتوپڕ بچێتە ناو ئاوان تاکوو باقیی جاف بۆی ئەپەڕێتەوە لە ئاوی سیروان و جێگەی ئەو دوو تایفە لەتەک جێی زوستانی قادر بەگدا کە قەڵای کانی چەقەڵە وە ھا بەسەر سیروانەوە، فاسیلە لە بەینیانا ئاوی سیروان بووە و ئەو دوو تایفە ئێستەیش جێی زوستانیان ھەر ئەوێیە. ھەر وەکوو قادر بەگ ئەم ئیحتیاتەی کردووە، وەڵەد بەگیش کە جێی زوستانی پێباز بووە، تایفەیەکی لە مەیدان و کەوەزەیناڵی داناوە وەکوو فیرقەی سەلیم لە ھاروونی، ئەمانە لە وەقتی بەھاردا لە شەک مەیدانەوە بە کەڵەک ئەپەڕێنەوە بۆ شارەزوور. بۆ وەقتی ھاوین موحتاج بەم ئیحتیاتە نەبوون، چونکە بە عوموومی عەشایرەوە لە خاکی ئێران بوون و ئەم فیکرەیان بۆ ئیدارەی ئیلی و عەشیرەتیی خۆیان فیکرێکی زۆر بەرز بووە.

قادر بەگ ئەولادی نەبووە، بە بێ ئەولاد مردووە.

سڵێمان بەگ دوو کوڕی بووە یەکێکیان ناوی قادر بەگ بووە، ئاوناوی مامەی خۆی و یەکێکیان ناوی کەیخوسرەو بەگ بووە.
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کەریم بەگی جاف. «تەئریخی جاف/٠٥». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.