نووسەر: کەریم بەگی جاف (١٨٨٥-١٩٤٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
فەسڵی شەشەم
بەحسی کوڕەکانی سڵێمان بەگە: ھەردوانیان ڕەئیسی عوموومی جاف بوون. ئەمانە لە پاش باوک و مامەیان مودەتی پانزە ساڵ لە کەماڵی دەستڕۆییندا ئیدارەی ئەم عەشیرەتەیان کرد. بەھرام بەگی میرە بەگ -کە میرە بەگ برای بچووکی زاھیر بەگ بووە و وێنەی لەناو تەئریخی حوکمدارانی بابان کە ڕێکخراوی سەیید حوسەینی ڕەواندزییە، ھەیە- کەوتە ناو عەشیرەتی جاف بە فیتنەیی و حاکمەکانی بەبەیش نەیانئەویست کە بەگزادەی جاف نوختە موقابیلیان لە خاکی باباندا بوێستن کە ھەم ئیقتیداری ماڵییان بوو ھەم عەشیرەتێکی وەکوو جاف لە ئێران و عێراقدا کە ئەوان دایمەن موراجەعەتیان پێ ئەکردن بە ئێران و عێراق و ترسی سیاسەتیان لە ئێران و عێراق بوو، نەیانئەویست کە عەشیرەتی جاف تەوەسوع بکەن لە کەماڵی سوڵح و سەلامەتیدا بمێننەوە و شارەزایی لەگەڵ وەزارەتی بەغدا و حوکوومەتی ئێراندا پەیدا بکەن. یاریدەی بەھرام بەگی میرە بەگیان ئەدا لەسەر ئەو فیتنەیییە و بەھرام بەگیش ھەم ئامۆزای قادر بەگ و کەیخوسرەو بەگ بوو، ھەم حیسسەیێکی گەورەشی لە بەگزادە ئەبرد، خۆشی پیاوێکی زۆر ئازا و عاقڵ و دەوڵەمەند بووە. موەفەق ھات بەسەر فیکری خۆیدا، بوو بە ڕەئیسی عوموومی جاف. قادر بەگ و کەیخوسرەو بەگ لەناو جاف دەرچوون، چوونە یەنگیجە و بابۆڵان و سێ ساڵ لەوێدا مانەوە بە ھەزار ماڵێ لە جاف و پشتماڵەوە. وەزیری بەغدا زۆر حورمەتی ئەگرتن. ئەمما دەستی بەسەر وڵاتی بابان و جافدا نەبوو کە ئیشیان چاک بکا و بەھرام بەگی میرە بەگ زۆر تەرەقی کرد و ئەساسی گەورەیی بۆی تەواو بوو. لەپاش سێ ساڵ عوموومی جاف کوێخاکانیان لە عوموومی فیرقەکان گرد ئەبنەوە، ئەڵێن: ئێمە بە چوارسەد ماڵ فەقیر و فوقەراوە لە جوانڕۆ ھاتینە ئەوڵاتی بابان لە سایەی سەعی و تەلاشی قادر بەگ و سڵێمان بەگی زاھیر بەگەوە، ئەم جێگە زۆرە لەتەک شارەزووردا ئەدەستی ئێمە کەوت، ئیستە بۆ چی بە فیتنەی بابان ئێمە وەلی نیعمەتزادەی خۆمان بفەوتێنین؟ بە دەفعەیێ سێ ھەزار سوار و سێ ھەزار پیادە ئەبەنە ماڵی کەیخوسرەو بەگ و قادر بەگ بێ پرس باریان ئەکەن ئەیاندێرنەوە ناو خۆیان و بە بەھرام بەگی میرەبەگ ئەڵێن: ئێمە بە سوورەتی قەتعی تۆ بە ڕەئیس نازانین، ڕەئیسی ئێمە کەیخوسرەو بەگ و قادر بەگە کە کوڕی سڵێمان بەگن و ئەگەر حاکمی بەبەش دەس لەم فیتنەییە ھەڵنەگرێ ئیدارەی ئەویش تێک ئەدەین و ئاوەدانی لە حوکوومەتی بەبەدا نایەڵێن.

وە حاکمی بەبە لەو وەقتەدا سڵێمان پاشای باوکی ئەحمەد پاشا ئەبێ. کە ئەم خەبەرە وەرئەگرێ زۆر ئەکەوێتە پەلەپەل، وەقتی بەھار کە عەشایر بە عومووم ئەچنە شارەزوور خۆی بە عوموومی پیاوە گەورەکانی بەبەوە ئەچێتە ماڵی کەیخوسرەو بەگ لەسەر ئاوی زەڵم. زۆر دڵخۆشییان ئەداتەوە و ئەفەرموێ: لەم مەسەلەی ئێوەدا من قەباحەتم نەبووە، برای خۆتان لەتەک عەشیرەتەکەدا ئەمەیان کرد. ئیستە مادام خۆتان و عەشیرەتتان موافیقن من ھیچم ناوێ و لە عوموومی شارەزوور من سێ جۆگەم ھەیە کە عیبارەتن لە: دەلێن و موان و ماڵوان. باقیی دار و بەردی قەزای ئەڵەبجە و سرۆچک و پێنجوێن عایدە بە ئێوە، عەشرەتی خۆشتان ھەچی تەکالیفی ھەیە ھی خۆتانە، بە خۆڕایی لە من عاجز مەبن، لازمە منیش و ئێوە بۆ سەلامەتیی ئیستیقلالی خاکی بەبە پەلەپەل بکەین کە دوو دوشمنی وەکوو ئێران و وەزیری بەغدا کە چاویان تێ بڕیوین بە عوموومی پیاوە گەورەکانی بەبە وەکوو عەزیز ئاغای مەسرەف و حاجی بەگ و ئەحمەد بەگی ساحێب قران و عەبدوڕەحمان ئاغای بارچاوەش لەتەک کەیخوسرەو بەگ و قادر بەگ ئیتتیحاد ئەکەن بۆ تەحکیمی مەوقیعی سڵێمان پاشا، وە سڵێمان پاشا عەزیز ئاغای مەسرەف ئەنێرێتە لای کەیخوسرەو بەگ ئەڵێ: من حەز ئەکەم کە خزمایەتیەکی زیادە لەتەک ئەوانا بکەم کە دایمەن من لەوان ئەمین بم و ئەوانیش لە من ئەمین بن، داوای کچی کەیخوسرەو بەگ ئەکا، کەیخوسرەو بەگ ئەڵێ بە عەزیز ئاغا: ئێمە ژن بە غەیری جینسی خۆمان نادەین و ئەم قاعیدە وەسییەتی ئەجدادیمانە. ئەمما وەڵەد بەگ، کە یەکێکە لە بەگزادەکانی جاف، کچی ھەیە بە ئەو ئەڵێم بیداتێ و کچی وەڵەد بەگ پەریزاد خانم ئەدەن بە سڵێمان پاشا، لەو کچە ئەحمەد پاشا و عەبدوڵڵا پاشا و محەمەد پاشای باوکی حەمدی بەگ لێی ئەبێ.

ئەم قاعیدە کە من زە غەیر نەدرێ، ئیستەش دەوام ئەکا، ئەمما لە جینسی ئێمە کە بەگزادەی کەیخوسرەو بەگین دوو ژنمان بە سەیید داوە، یەکێکیان بە کوڕی کاک ئەحمەد کە شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحموودە و کچێکی قادر بەگی کەیخوسرەو بەگ دراوە بە شێخ فەرەجی بەرزەنجە و لەم ئاخریشەدا کچێکی سڵێمان بەگی محەمەد پاشایان داوە بە جەمیل بەگی مەجید پاشای بابان و ئەم قاعیدەیە ھەروەک لەناو مونتەفیکدا جاری بووە لەناو ئێمەشا جاری بووە تا ئیمڕۆ دەوامی کردووە، بزانین لەمەولا چۆن ئەبێ.

قادر بەگ لە تەئریخی ھەزار و دووسەدی ھیجریدا بە ڕەحمەت ئەچێ و ڕیاسەت بە عوموومی، حەسر ئەبێتە سەر کەیخوسرەو بەگ. قادر بەگ تەنھا کوڕێکی ئەبێ کە باوکی گەورەی بەگزادەی بەھرام بەگییە، منداڵ ئەبێ عومری لە دەوری دوانزەدا ئەبێ و ناوی محەمەد بەگ ئەبێ، کەیخوسرەو بەگی مامەی زۆر غەدری لێ ئەکا و لە جافدا بەشی نادا و جا[] عوموومی خەرج و پیتاک و تەکالیفی بۆ خۆی وەرئەگرێ. دایکی محەمەد بەگ کە ناوی زوبەیدە خان بووە و کچی میرە بەگ بووە محەمەد بەگی کوڕی ئەباتە سلێمانی لای حاکمی بەبە شکات ئەکات لە کەیخوسرەو بەگ. حاکمی بەبەش بە لەشکرەوە دێتە شارەزوور، لە ماڵی کەیخوسرەو بەگ دائەبەزێ. عوموومی بەگزادە گرد ئەکاتەوە، عوموومی کوێخای جاف لە دانیشتوو و گەڕیاو حازر ئەکات و زۆر سەرزەنشتی کەیخوسرەو بەگ ئەکا، پێی ئەڵێ: ئەم کوڕە برازاتە و باوکیشی برا گەورەت بووە، لە سەر تۆ لازمە لەتەک کوڕی خۆتا فەرقی نەکەی. مەجبوورم لەبەر خاتری قادر بەگی سڵێمان بەگ ھەواخواھیی ئەم کوڕە بکەم. ئایا لە جاف و ئایا لە دێھاتی شارەزوور و ئەتراف ئەبێ بەشی بۆ دابنێم. کەیخوسرەو بەگ ڕازی ئەبێ بە تەقسیمی دێھات و جاف لە عەشیرەتی جاف. لە تایفەی میکایەڵی حەمەعەلیوەیسی و ئاڵی بەگی، ڕەشوبۆری، خاریجی شوانکارە، بە گەڕیاو و دانیشتوویانەوە، عوموومی ئەدرێ بە محەمەد بەگ و لە عەشیرەتی شاتری و وردە شاتریی، بە گڕیاو و دایشتوویانەوە، ئەویشی ئەدرێتێ و فیرقەی نەژوێنی، کە عەلاوەجاتی شاترییە لەگەڵ سۆفی وەندا و عوموومی نەورۆلی، خاریجی فیرقەی --مە، ئەویشی تەسلیم ئەکرێ و لە دێھاتی قەزای ئەڵەبجە و شارەزوور --ندە و چروستانە لەتەک قارەمانی و غوڵامیدا، دانیشتوو و گەڕیاویان و لەتەک ڕەنگاڵ و کاکردەل و زەردیان و عوموومی وارماوا کە عیبارەتە لە سێدارە (سیارە) و بیرکێ و چنارە و ئەحمەدبڕندە و --ڵان و وازۆڵ و عازەبان و توەقوت و جەرداستە و خەنەکە و --ماش و سوەیلەمش و قاینەیجە، لە ناحیەی خورماڵ و دوو نەھر لە ناحیەی پێنجوێندا و لە قەرەداغ سێوسێنان و کەلوەش و مەسۆدی و --مەتەی ئەدەنێ. باقیی تری جاف لەتەک شارەزووردا وە ناحیەی پێنجوێن عوموومی بۆ کەیخوسرەو بەگ ئەمێنێتەوە.

محەمەد بەگ لە پاش ئەم تەقسیماتە لە پشتماڵەی کەیخوسرەو بەگ دەرئەچێ، سەد و پەنجا ماڵ پشتماڵە بۆ خۆی دائەنێ و پیاوێکی زۆر ئازا و عەسکەر بووە، بەگزادەی بارام بەگی ھەموویان ئەولادی ئەون و شەش کوڕی بووە: بارام بەگ، میران بەگ، ئەمین بەگ، عەزیز بەگ، ئەحمەد بەگ، فەتاح بەگ. بارام بەگ کوڕی گەورەی بووە، لەم ئاخریەدا بەگزادەی بارام بەگی بە ناوی ئەوەوە ناو ئەبرێن. ئەمما لەتەک بەگزادەی کەیخوسرەو بەگیدا، کە ئێمەین و ئەحفاد و کوڕەزای کەیخوسرەو بەگ و محەمەد پاشاین، یەگ ڕەگ و یەک خوێن و ئامۆزاین. ئەگەرچی ئەوانیش ساحێب ئێل و جێگە و ڕێگە بوون وەکوو ئێمە، ئەمما لە زەمانی کەیخوسرەو بەگەوە ڕیاسەتی عوموومی جاف و بەگزادە بە دەستی کەیخوسرەو بەگ و کوڕ و کوڕەزایەوە بووە و وەقتێکیش کە حوکوومەتی تورک وڵاتی بابانی گرت و ئینقیرازی حوکوومەتی بابان بوو لە تەئریخی ھەزار و دووسەد و شەست و شەشی ھیجری دا لەو زەمانەشەوە ڕیاسەتی عوموومی -کە بە ئەمری حوکوومەتی عوسمانی بووە- بەدەست بەگزادەی کەیخوسرەو بەگیوە بووە و کەیخوسرەو بەگ لە پاش ئەو تەقسیماتە تا ساڵی ھەزار و دووسەد و چل و چواری ھیجری، ئیدارەی عوموومی جاف و بەگزادەی کرد و لەو تەئریخەدا بە ڕەحمەت چوو. پیاوێکی زۆر موسوڵمان و ساحێب ئیحسان بووە، لە لیباسی حاکمی دا زۆر بێ نەفس بووە و دایمەن دوو دەواری گەورە، کە ھەر یەکێکیان دە دیرەگی بووە بۆ فەقیر و فوقەرا و سەییاح مەخسووس بووە. عادەتەن ماڵی وەکوو تەکیەیەکی بێ فێڵ بووە. لەتەک ئەمەشدا ئوسووڵی عەشایریی خۆی تێک نەداوە وە ئەوەی کە موحافەزەی سەتوەتی بکا لە دەستی بەر نەداوە لە لەشکر و سوار و کۆمەڵ. وە زۆر تەرویجی ئەھلی عیلم و تەدریسی کردووە. چەند مەدرەسەیەکی مەخسووسی لە دێھاتانا بووە، بە واسیتەی ئەمەوە کە زستانان لە بەغدا نزیک ئەبوونەوە و ھاوینان ئەچوونە ئێرانەوە تەرزی حەیاتێکی موتەمەدینانەیان وەرگرتبوو و زۆر بە سەروەت وساحێب پارە بووە، بە دەرەجەیێکی وا کە ساڵی سەد کەسی فەقیری بە مەسرەفی خۆی ئەنارد بۆ حیجاز و نەیھێشتووە لە پشتماڵەی کەسی لە ماڵی خۆیدا نان بخوا، ئیللا لە سەر سفرەی کەیخوسرەو بەگ نەبێ و لە پاش خۆی پێنج کوڕی بووە: سڵێمان بەگ، قادر بەگ، عەبدوڵڵا بەگ، محەمەد بەگ، عەبدوڕەحمان بەگ.
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کەریم بەگی جاف. «تەئریخی جاف/٠٦». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.