نووسەر: کەریم بەگی جاف (١٨٨٥-١٩٤٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
فەسڵی ھەشتەم
بەحسی زەمانی ڕیاسەتی محەمەد پاشایە:

لە تەئریخی ھەزار و دووسەد و چل و ھەشتی ھیجریدا محەمەد پاشا بە عومری شانزە ساڵیوە ئەبێ بە ڕەئیسی عوموومی جاف و بەگزادە. کە وەقتێ ئەبێ بە ڕەئیس ئەوقاتی خۆی بۆ زیادیی سوارەی پشتماڵە و عەمەڵە حەسر ئەکا، تایفەی ئەلک پیروەیس لە تەرخانیدا پەنجا سواریان مەخسووس ئەکا بە سوارەی خسووسیی خۆیەوە. لە تاقمی وردە بەگزادە کە پێیان ئەڵێن: بەگزادەی حەسەن بەگی ئاڵی بەگ، چل سواریان ماین و تفەنگ ئەداتێ. ئەوانیش عەلاوەی سوارەی خۆی ئەکا و بەعزێ ماڵی تر لە جاف ھەڵئەبژێرێ ئەیانھێرێتە پشتماڵە. پشتماڵەکەی ئەکا بە چوارسەد ماڵ و ھەر سوارەیێ کە لە پشتماڵەی خۆیدا ئەبێ حوکمیان لێ ئەکا نابێ لە وەقتی بەھار و ھاویندا سواری ئەسپ ببن. کوللی سوارێکی ماینێکی بەرگردیان ئەداتێ. ئەسپ بۆ سوارە مەخسووسی پایز و زستان بووە و سوارەی خسووسیی خۆی ئەگەیەنێتە شەشسەد سوار. تا دە ساڵ لە کەماڵی دەست و تەرەقیدا ئیدارەی جاف ئەکا.

ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ کە ڕەئیسی فیرقەی وەڵەدبەگی و خاڵۆی ئەحمەد پاشای حاکمی بەبە بووە و پیاوێکی زۆر ئازا و ساحێب دەست بووە لەناو جافدا. ئەحمەد پاشا گەرەکی ئەبێ بیکا بە ڕەئیسی عوموومی جاف و ئەحمەد بەگیش زۆر فیتنەیی ئەکا لای ئەحمەد پاشا و محەمەد پاشا لەناو حاکمەکانی بەبەدا ھەواخوای عەبدوڵڵا پاشا ئەبێ و دوشمنیی عەبدوڵڵا پاشا و ئەحمەد پاشای بەبەش تەئریخەن مەعلوومە کە وەقتێ عەبدوڵڵا پاشا لە سلێمانی نامێنێ و ئەحمەد پاشا ئەبێ بە حاکمی سلێمانی نیەتی ئەمە ئەکا کە محەمەد پاشا و محەمەد بەگی قادر بەگ لەتەک کوڕەکانیدا بە ھەر فێڵێ ببێ بیانگرێ!

لە وەقتی بەھاردا کە ئەچنە شارەزوور کاغەز ئەنووسێ بۆ شوێن محەمەد بەگی قادر بەگ و کوڕەکانی و بۆ شوێن محەمەد پاشاش. محەمەد پاشا ناچێ بۆ سلێمانی، ئەڵێ: من نەخۆشم. محەمەد بەگ خۆی و بارام بەگ و ئەمین بەگ و میران بەگ و عەزیز بەگی کوڕانی ئەچنە سلێمانی لای ئەحمەد پاشا. لەوێ ھەر پێنجیان ئەگرێ، ئەیاننێرێ بۆ کۆیە حەبسیان ئەکا. محەمەد پاشا بە قاعیدەی ھەموو ساڵە لەتەک عەشایری جافدا ئەچێتە کوێستان، لە وەقتی پایزدا کە دێنە خوارەوە بۆ تەرەفی مەریوان، شەو پیاوە گەورەکانی پشتماڵەی لەتەک پیاو موناسبانی جافدا ئەچنە لای و پێی ئەڵێن: ئەحمەد پاشا خەریکە تۆ بفەوتێنێ. ئامۆزاکانی تۆ کە وەکوو محەمەد بەگی قادر بەگ و کوڕانی بێ، گرتوونی. تۆ بە تەنھا ماوی، وە دوشمنێکی وەکوو ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ کە چاوی وا لە جێگە و ڕێگەی تۆ و باقیوە، وە خاڵۆی ئەحمەد پاشاشە وا لەناو جافدا، وە زۆر ساحێب دەستیشە وا لە بەرامبەرتەوە، بۆ تۆ مومکین نابێ ھەم شەڕی خاریج و ھەم شەڕی داخڵ بکەی، لازمە تۆ فکرێ بە حاڵی خۆت بکەی!

محەمەد پاشا پێیان یێژێ: ئەگەر خوا منی گەرەک بێ بەمانە نافەوتێم. لەپاش دوو ڕۆژ ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ بە خۆی و عوموومی بەگزادەی وەڵەدبەگیوە نزیکی دووسەد سوار لایێ بۆ دێ یەکی و لە لایەکی کەوە بۆ خۆنوانن و شادکامی دێنە ماڵی محەمەد پاشا. محەمەد پاشاش نایخاتە ئەڕووی شەو. لەپاش نان خواردن خەبەر ئەدا بە سوارەی پشتماڵە و زۆریش سوارەی عەمەڵە لای محەمەد پاشا حازر ئەبن، عوموومیان بە کۆمەڵێ دێنە دیواخان. ئەمر ئەکا پێیان ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ لەتەک عەزیز بەگی حەبیب بەگ و عەزیز بەگی حسەین بەگ و محەمەدئەمین بەگ و سەلیم بەگی باوکی یارئەحمەد بەگی مەشھووردا... ئەگرن و باڵیان ئەبەستن و ئەو سوارانەی ئەحمەد بەگە کە لە پشتماڵەی محەمەد پاشادا ئەبن، ئەمر ئەکا بە کوللی ماڵێ سوارەی خۆی بگرێ و ھەر ئەو شەوە بە حەوتسەد سوارەوە ئەچێتە سەر ماڵی ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ، لە بەردەمی ھۆمەرەسێنانی پێنجوێنا. ماڵی خۆی و بەگزادەکانی وەڵەدبەگی لەتەک پشتماڵەکەیا تاڵان ئەکا و ھەرچە ماڵیان ئەبێ ئەیدا بە خزمەتکار و ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆی. ھەر ئەو ڕۆژە خەبەر ئەدا بە عوموومی عەشایری جاف، خاریجی ئێڵی ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ کە ھەزار ماڵێ ئەبێ، ئەڵێ: من ئەگەڕێمەوە بۆ خاکی ئێران، ئەبێ عوموومتان بچنە شارەزوور، عوموومتان لەتەکما بێنەوە بۆ ئێران.

عوموومی جاف بە یەک دەفعە ڕوو بە ئێران ئەگەڕێنەوە، بە ماڵەوە ئەچێتە سێ سەعاتیی ئەجنووبی سنە. خۆی و ھەشتسەد سوار لەتەک ئەو بەگزادە حەبسەکانی وەڵەدبەگیدا کە ئەیانبا ئەچنە سنە. ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ ھەر چلۆنێ ئەحمەد پاشا و عەبدوڵڵا پاشای بەبە خوشکەزای ئەبن، والیی سنە، کە حاکمی ئەردەڵان ئەبێ، ئەویش خوشکەزای ئەبێ، چونکە کچێکی وەڵەدبەگی باوکی ئەحمەد بەگ -کە پیرۆزە خانمی ناو ئەبێ- دایکی حاکمی ئەردەڵان ئەبێ و محەمەد پاشا بە فکری خۆی وا ئەزانێ حاکمی ئەردەڵان تەماشای ئەمە ناکا کە ئەحمەد بەگ خاڵۆیەتی، چونکە محەمەد پاشا تەشەبوسی پێ کردووە و جاف ئەکا بە تەبەعەی. لەتەک ئەم فکری محەمەد پاشادا نیەتی والیی موافیق نەھات. وەقتێ لە سنە لە ماڵی میرزا محەمەد ڕەزای وەزیری ئەردەڵان دائەبەزێ و لە بەیانیدا ئەچێتە لای والی، تێ ئەفکرێ والی موعاملەی ساردە لە مەجلیسدا. والی تەزکەرەیێ ئەیا بە میرزا محەمەد ڕەزا. ئەنووسێ بۆی: محەمەد پاسا بە چە مەعنا خاڵۆکانی من حەبس ئەکا وە بە حەبسی ئەیانھێرێتە لای من و لەتەک ئەمەشدا ئومێدی موعاوەنەتی لە من ھەیە؟ میرزا محەمەد ڕەزا ئایا خۆی و ئایا باوکی لەتەک محەمەد پاشا و کەیخوسرەو بەگی باوکیدا حوقووقێکی سەداقەت لە بەینیانا ئەبێ، لەم تەزکەرەی والییە زۆر عاجز ئەبێ، ئەمما لە مەجلیسدا بۆی مومکین نابێ بە محەمەد پاشا بڵێ والی فکری خراپە. تەزکەرەکەی والی لە بەردەمی خۆیدا دائەنێ و والی لە مەجلیسەکە لەگەڵ میرزا محەمەد ڕەزا ئەچێتە دەشتەوە و میرزا محەەد ڕەزا تەزکەرەکە بەجێ یێڵێ بۆ خاتری ئەمە کە محەمەد پاشا بیخوێنێتەوە.

محەمەد پاشا ئەیخوێنێتەوە و کوتووپڕ لە فکری والی تێ ئەگا و دێتە دەرەوە بە سواری ئەچێتەوە بۆ ماڵی میرزا محەمەد ڕەزا و خەبەر ئەدا بە عوموومی لەشکرەکەی لە کاروانسەرا ئەبێ. سوار ئەبن لە شار ئەچنە دەرەوە. والی کە دێتەوە ئۆدەی مەجلیس خەبەری محەمەد پاشا ئەپرسێ، ئەڵێن: چووە بۆ ماڵی میرزا محەمەد ڕەزا، پیاو ئەنێرێ بۆ تەحقیقاتی، خەبەری ئەدەنێ کە محەمەد پاشا بە خۆی و لەشکریوە ڕۆیی. عیتاب لە میرزا محەمەد ڕەزا ئەکا ئەڵێ: تۆ خەبەرت داوەتێ! ئەڵێ: خەبەرم نەداوەتێ، ئەمما لەو وەقتەدا کە بانگت کردم تەزکەرەکە لە خەیاڵم چوو. ئەشێ خوێندبێتیوە و حوکم ئەکا لە عەسکەری خۆی بچن بە شوێن محەمەد پاشادا.

میرزا محەمەد ڕەزا یێژێ بە والی: لەم خسووسەوە حەقت نییە، ئەوەڵەن ئەم پیاوە پەنای بە خاکی تۆ ھاورد، تۆ کە موعاوەنەتت نەکرد حەقی تەعەڕوزی ئەوت نییە. گوێ لە من بکە بە دەست کەوتنەوەی خاڵۆکانت ڕازی بە، ئەم لەشکری محەمەد پاشایە کە دوێنێ من دیومە لەوانە نین بە فەوجی ئاغا مووسا و ئاغا نەسری تۆ دەردەست بکرێن و ھەم ئیتاعەیێکی واشیان ھەیە بە ئامیری خۆیان ھەر وەکوو بوت بۆ بوتپەرست واتە و لەتەک ئەمەشدا ئەم پیاوە دە ھەزار ماڵ عەشیرەتی خۆی وا لەتەکیا، زەریف فکر بکەرەوە ئەمانە بە چەندێ قووەت تەربییە ئەکرێن؟ والی بە قسەی میرزا محەمەد ڕەزا دەست لە تەعقیب ھەڵئەگرێ و بە ئەدەبی خۆیەوە دائەنیشی.

محەمەد پاشا کە لە ئەردەڵاندا مەئیووس بوو بە ڕێی کولیاییدا خۆی و عوموومی عەشیرەتی دێن بۆ جەبەڵی قزرابات و شارەبان و محەمەد پاشا خۆی ئەچێتە بەغدا لای وەزیر، ئەویش بۆ زوستان و مەحەللی عەشایرەکەی جەبەڵی شارەبان و بەینی خانەقی و قزرابات لەتەک جەبەڵی باخچەدا -کە ھا لە پشت خانەقیوە تا حدوودی مەندەلی- ئەیداتێ و لەتەک حاکمی کرماشانا بۆ جێی ھاوینەیان تەرەفی داڵاھۆ و ئەترافی سەرمیل و کرن و سوورەدزە، بۆیان ڕێی ئەخا و موددەتی سێ ساڵ محەمەد پاشا بە خۆی و جافەوە لەژێر ئیدارەی وەزیری بەغدادا بوون، لە بەینی ئەم موددەتەدا ئەترافی سلێمانی و شارەزوور بە واسیتەی تەعەڕوزی جافەوە، لە زەحمەتێکی زۆرا ئەبن. ئەحمەد پاشا ئەکەوێتە پەلەپەل بە خۆی و ھەیئەتی حوکوومەتەکەی لەتەک دوو ھەزار سواردا دێنە گردی شێروانە. عەزیز ئاغای مەسرەف ئەنێرێتە ماڵی محەمەد پاشا لە جەبەڵی شارەبان و محەمەد بەگی قادر بەگ لەتەک کوڕەکانیا ئەوانیش لەتەک خۆیدا ئەھێرێت بۆ شێروانە.

عەزیز ئاغا کە ئەچێتە ماڵی محەمەد پاشا زۆر پەلەپەل ئەکا لەتەک محەمەد پاشادا ئیقناع نابێ کە بێتە لای ئەحمەد پاشا و جوابی کاغەزی ئەحمەد پاشا ئەنووسێتەوە: «من دەستم لە خاکی بابان و شارەزوور ھەڵگرتووە بۆ خۆت و خاڵۆت!»

ئەحمەد پاشا دووبارە عەزیز ئاغا لەتەک عەزیز بەگی مامی و محەمەد بەگی قادر بەگ و ھەر چوار کوڕەکەی بە کاغەزی دڵخۆشی و تەئمینەوە ئەنێرێتەوە لای محەمەد پاشا، ئەنووسێ:

«من ئەگەر خراپەیەکم کردبێ بەم خراپەی خۆمەوە ئیقرار ئەکەم. بە ھەرچە تۆ تەئمین ئەبی ئەمین بە من لە خاکی بابان ھەرچە تۆ گەرەکت بێ من نامەوێ. ئەوا محەمەد بەگ و ئامۆزاکانتم ناردەوە، ئەگەر خۆشت نایەی با ئەوانیش لەوێ بن.»

عەزیز ئاغا کە پیاوێکی زۆر زیرەک و عاقڵ بووە، بە ھەر نەوعێ ئەبێ محەمەد پاشا ئیقناع ئەکا دێتە لای ئەحمەد پاشا ئەمما لەشکرێکی زۆر گەورە موقابیل بە لەشکرەکەی ئەحمەد پاشا لەتەک خۆی دێنێ. وەقتێ کە لەتەک ئەحمەد پاشادا یەک ئەبینن، ئەحمەد پاشا پێی ئەڵێ: من زۆرم پەلەپەل کرد کە تۆ بفەوتێنم ئەمما جیلوەی تالیعێ لە ناوچاوی تۆدایە، نەک بە من، لە منیش گەورەتر نایکوژێنێتەوە! ئەمما شەرت بێ تا من بمێنم ھەرچە تۆ پێت خۆش بێ من ئەوە بکەم و تۆش لەمەولا بە خیلافی ڕابوردووەوە موعامەلە بکە.

لە یەک ڕازی ئەبن، ماڵی محەمەد پاشا لەتەک عوموومی جافدا ئەپەڕنەوە بۆ جێی خۆیان و عەزیز ئاغاش ھەر لەم سەفەرەدا کچی عەبدوڕەحمان ئاغای بارچاوەش -کە برازای ئەبێ- بۆ محەمەد پاشا مارە ئەکا و لەو کچە سڵێمان بەگ و محەمەد عەلی بەگی ئەبێ. (بەحسیان لە وەقتی خۆیدا ئەکرێ و) محەمەد پاشا لەپاش ئەم سەفەرە کە ھاتەوە خراپەیێکی لەناو جاف و شارەزووردا بوو نەما و ئەچێتە ماڵی ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ دڵخۆشیی ئەداتەوە، ھەم خزمی ئەبێ و لە لایەکیشەوە زاوای ئەبێ وە خوشکێکی محەمەد پاشا ژنی ئەبێ. ئەو گرتنی محەمەد پاشایە لە دڵ دەر ئەکا وە ئەڵێ بە محەمەد پاشا: من بەمە ئیفتیخار ئەکەم کە لە بەگزادەی جافدا پیاوی وەکوو تۆی وا تێدا ئەگەرنە خۆت ئەزانی من بۆ ھیچ کەسێکی تر سەرم دانەنەوانووە. في الواقع ئەحمەد بەگ ئازاترینی زەمانی خۆی بووە. محەمەد پاشا تاکوو ئینقیرازی پاشاکانی بەبە -کە ساڵی ھەزار و دووسەد و حەفتا و چواری ھیجری بووە- ئیدارەی عەشیرەتی جاف و شارەزووری کرد.

حوکوومەتی تورک کە سلێمانیی گرت، وە وڵاتی بابان کەوتە ژێر ئیستیلای تورکەوە، ئەوانیش ئیدارەی محەمەد پاشایان تێک نەدا و ھیچ تەکلیفێکیان لە جاف داوا نەکرد. تاکوو زەمانی عومەر پاشای سەردار -کە دەستووری موکەڕەم بووە لە تەرەفی خەلیفەی عوسمانیوە- بە لەشکرێکی زۆرەوە دێتە شارەزوور، محەمەد پاشا بانگ ئەکاتە مووان، ئەچێتە ئەلای، بە محەمەد پاشا ئەڵێ: من ھاتووم بۆ تەشکیلاتی شارەزوور و سلێمانی و خاکی بابان. لازمە جاف کە داخڵی ئەم خاکەیە ڕەسمێکی بۆ دابنێین.

محەمەد پاشا ئەڵێ: ئێمە خۆمان سی ماڵ بەگزادەین و ھەزار سوار خزمەتکار و تەبەعەمان ھەیە و ئەم عەشیرەتە کە پێی ئەڵێن جاف بۆ خۆمان لە ئێران ھاوردوومانەتە خاکی بابانەوە و ئێمە ئیدارەمان وا بەسەر ئەمانەوە کە تۆ داخڵی ڕەسمت کردن بۆ حوکوومەتی عوسمانی. ئێمە بە چی ئیدارە بکەین؟ ئاباء و و ئەجدادی ئێمە کە لە ئێران بووین چە لە زەمانی سەفەویدا و چە لە زەمانی حوکوومەتەکانی پێشووی ئێراندا تەکلیفی ھیچیان لە ئێمە نەکردووە. عومەر پاشا بە توندیوە ئەڵێ بە محەمەد پاشا: بەخوا جاف ئەخەمە ژێر تەکلیفەوە وە چاوت دەریێنم! محەمەد پاشاش بە توندیوە موقابەلەی ئەکا، ئەڵێ: بەخوا چاویشت دەریێنم و تەکلیفیشت نادەمێ!

کوتوپڕ لە ئۆردوودا سوار ئەبێ بە ھەزار و پێنجسەد سوارەوە ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆی.

مەحموود پاشای کوڕی لە عەینی ئەم گفتووگۆی عومەر پاشا و محەمەد پاشادا مەوجوود ئەبێ ئەمما منداڵ ئەبێ و عەینی ئەم گفتوگۆیە خۆم لە مەحموود پاشام بیستووە. ھەر ئەو ڕۆژە کە لە ئۆردوو دێتە دەرەوە بۆ ماڵ، سوار تەعین ئەکا بۆ ناو عوموومی جاف: ئەبێ ئیمشەو تا سبحەی ئێوارە عوموومی جاف لەسەر سیروان حازر بن ئەپەڕمەوە بۆ خاکی ئێران.

میکایەڵی کە لە شارەزووردا کەوتوونەتە تەرەفی سلێمانیوە، ئەوانیش وەکوو جافەکانی داخڵی قەزای ئەڵەبجە لە عەینی وەقتدا ئەگەنە سەر سیروان. عومەر پاشا پیاوە گەورەکانی بەبە، کە لەپاش پاشاکانی بەبە مابوونەوە، وەکوو عەزیز ئاغای مەسرەف و حاجی بەگی مەسرەف و باقیی تر لەتەک عومەر پاشادا ئەبن لە موواندا، پێی ئەڵێن: تۆ موعامەلەیەکی زۆر خراپت کرد لەتەک محەمەد پاشادا. ئەم پیاوە زۆر بەنفووزە و خۆی و عەشایرەکەی دایمەن ھان لە حدوودی ئێراندا و ساڵی چوار مانگیش بە تەواوی لەسەر خاکی ئێران دادەنیشێ و ڕابیتەی سیاسەتی لەتەک حوکوومەتی ئەردەڵان و شاھی ئێراندا ھەیە و حوکوومەتی ئێران بە عوموومی مەوجوودییەتیوە پەلەپەل ئەکا بۆ ئەم تەبەعەی قەدیمی خۆیە کە بیکاتەوە بە تەبەعەی خۆی. موحەققەق سلێمانی دانامەزرێ محەمەد پاشا لە خاکی ئێراندا بێ و سلێمانی ئەبێتەوە بە عەلاوەجاتی ئێران.

عومەر پاشا زۆر پەشیمان ئەبێتەوە لەو موعامەلەیە، یەکێ لە پیاوە گەورەکانی خۆی لەتەک عەزیز ئاغادا ئەنێرێ بە شوێن محەمەد پاشادا، زۆر تەئمینات ئەدەن بە محەمەد پاشا و محەمەد پاشا دووبارە ئەبەنەوە لای عومەر پاشا ئەمووان. ئەم دەفعەیە زۆر حورمەتی ئەگرێ و ڕوتبەی میری میرانی بۆ جەلب ئەکا و تەشکیلاتی قەزای ئەڵەبجەی بە قایم مەقامیی بۆ ئەکا. بە سوورەتی مەحەببەت ئەڵێ: ئێوە ئیسلامن و حوکوومەتی عوسمانیش خەلیفەی ئیسلامە. ئیمڕۆ جافیش ئەگەر بە ئیسم، بۆ چاوی خەڵق و عەشیرەتەکانی تر لە ویلایەتی موسڵدا ئەگەر جوزئی ڕەسمێکی بەسەرەوە بێ زۆر چاکە. محەمەد پاشا کە ڕازی ئەبێ لە عومەر پاشا پێی ئەڵێ: جاف لە کوردستاندا و شامار لە قیتعەی عەرەبستاندا ھاو موقابیلی یەکن. ئەوان چە تەکلیفێ ئەدەن بە حوکوومەتی عوسمانی، ئەمانیش ئەیدەن. عومەر پاشا ئەڵێ: شامار چل یەک لە مەڕ و وشتر ئەدەن. محەمەد پاشاش ئەڵێ: جافیش چل، یەکی مەڕ و بزن ئەدەن. ڕەسمی چل یەکی مەڕ و بزنیان لەسەر دائەنێن، ئەم ڕەسمە لەناو جافدا دەوامی کرد تا ئینقیلابی عوسمانی و ھاتنی نازم پاشا. مەحەمەد پاشا بە قایم مەقامیی ئەڵەبجە و ڕیاسەتی جاف ماوە تا ھەزار و دووسەد و نەوەدی ھیجری. لەو تەئریخەدا والیی بەغدا مەحموود پاشای کوڕی کە بەسەر جافەوە گەرمیان و کوێستان ئەکا وە ئەگەڕێ و ماڵی لە قەڵای شێروانەدا ئەبێ، لە وەقتی زوستاندا تەلغراف ئەنووسێتە شوێنی بۆ بەغدا.

مەحموود پاشا ئەچێتە لای بۆ بەغدا و یەک دوو کوێخایەکی شاتری کە خزمەتکاری ئەبن لە تەکیا ئەبن و یەکێ لەو کوێخایانە تورکی زۆر چاک ئەزانێ. مەحموود پاشا کە ئەچێتە لای والی، والی پێی ئەڵێ: ئەم عەشیرەتی جافە، قیسمی گەڕیاویان، حوکوومەت دانیشتنیانی زۆر مەتڵەبە و ئەرازیشیان ئەداتێ بە تاپۆ بە شەرتی دانیشتن. مەحموود پاشا ئەڵێ پێی: من سوورەتی ڕاستی بە تۆ ئەڵێم: ئەم عەشیرەتە دانانیشن و مەحموود پاشا حەقانییەتەکەشی ئەڵێ. ئەو کوێخا شاترییە لە بەردەمی قاپیی ئۆدەی والیدا ئەبێ، لە دەرەوە لە گوفتوگۆی والی و مەحموود پاشا حاڵی ئەبێ.

وەقتێ کە مەحموود پاشا ئەگەڕێتەوە بۆ شێروانە ئەویش ئەچێتەوە ناو تایفەی خۆی، دە دوانزە کوێخایەکی شاتری ئیقناع ئەکا و ئەچنە خانەقی لای قایم مەقامی خانەقی، کە ئەحمەد بەگی قادر پاشای بەبە ئەبێ و ئەحمەد بەگیش بە حەسەبەی بابانیوە کە حوکوومەتی عوسمانی حوکمداری بابانی تێک دابوو، محەمەد پاشاش لە خاکی باباندا لەپاش بابان مەوقیعێکی زیاتر لە پێشووی خۆی دەست کەوتبوو، لە محەمەد پاشا و کوڕی محەمەد پاشا عاجز بوون، ئەگەرچە ناحەقیشیان بوو، حوکوومەتێکی وەکوو خەلافەتی ئیسلامی بە محەمەد پاشا مەنع نەئەکرا، ھەر ئەوەی پێ ئەکرا کە مەوقیعی عەشیرەتەکەی خۆی موحافزە بکا، دەست خۆشی ڕۆزگار نەبن... ئەحمەد بەگ ئیشیان بۆ ڕێک ئەخا و تەلغرافیان بۆ ئەنووسێ بۆ والیی بەغدا، ئەمانە ئەڵێن: ئەگەر حوکوومەت ئەرازی بدا بە ئێمە دائەنیشین. حکومەت بەعزێ ئەرازیی بۆ ئەوان مەخسووس ئەکا.

مەحموود پاشا لەم موعامەلە دڵگیر ئەبێ، کاغەز ئەنووسێ بۆ محەمەد پاشای باوکی لە ئەڵەبجە. ئەویش جوابی ئەداتەوە ئەڵێی: ھیچ موعامەلەیێ لەتەک جافاکانا مەکە، تا وەقتی بەھار ئەگەڕێتەوە بۆ ئەڵەبجە وەزعییەتی جاف کەمێ تێک ئەچێ، لە وەقتی بەھاردا کە ئەچنەوە شارەزوور لە شەک مەیدانی بەرامبەر شەمێران کە ھا بەسەر سیروانەوە، پشتماڵە لەوێ دائەبەزێ. محەمەد پاشا لە ئەڵەبجەوە دێتە ناو پشتماڵە. ماڵی مەحموود پاشا و کوڕەکانی بەگزادەی بارام بەگی وەڵەدبەگی گشتی دێنە لای، پێیان ئەڵێ: حوکوومەتی تورک فیکری تێک چووە لەتەک ئێمەدا و ئێمە لە کوردستاندا بەم نەوعە ئیدارە ناکەین وە بۆشمان مومکین نابێ بچین بە گژ حوکوومەتی عوسمانیدا وە لە خاکیدا بین، لازمە ئێمە بچینەوە خاکی ئێران، ئەم خزمەتە کە بە حوکوومەتی تورکی بکەین بە حوکوومەتی قاجاڕی بکەین چیمان لێرە ببێ لەوێ زیاترمان ئەداتێ.

مەحموود بەگی عەبدوڵڵا ئاغا، کە لە تاقمی مەحموود بەگی ساحێب قەڕانە، دایکی ئەو و دایکی محەمەد پاشا، کە کەنیشکی محەمەد بەگی مووسا بەگی خورماڵ کە بەگزادەی تەقی بەگیین ئەبن..... خوشک ئەبن. لە پاش ئینقیرازی بەبە بە حەسەبەی خزمایەتیوە دێتە لای محەمەد پاشا و محەمەد پاشاش وەکوو کوڕەکانی خۆی لە پشتماڵەیا ماڵ و جێگە و ڕێگەی بۆ دائەنێ. ئەڵێ بە محەمەد پاشا: ڕجا ئەکەم تۆ ئەمڕۆ ئەووەڵەن قایم مەقامی لە ئەڵەبجە و دووھەم ساحێبی شەست حەفتا ھەزار تەغار گەندم و جۆ و چەڵتووکی لە شارەزوور دا، ئەم عەمارانەکە قیمەتی سی ھەزار لیرەی عوسمانییە... ئەمانە بکە بە پارە ئەو وەقتە ئەگەر حوکوومەتی عوسمانی موعامەلەیان چاک نەبوو، ئێرانمان لە دەست دەرناچێ، محەمەد پاشا پێی ئەڵێ: ئەگەر عەمارەکانم گشتی پڕ بێ لە ئاڵتوون ڕۆژێ بە ئەسارەتەوە قەبووڵ ناکەم! حوکوومەتی تورک قسەی چوار ژێر دەستەی خۆم بخاتە سەر قسەی من؟!

ھەر ئەو ڕۆژە ئەمر ئەدا بە پشتماڵەکان: ھەر کەس چەند زەخیرەی بۆ ھەڵئەگیرێ بچن بیھێنن بۆ خۆتان و سەدانی و بەداخیش کە لە خاکی ئێراندا ئەبن کاغەزیان بۆ ئەنووسێ، لە جێی خۆتان بمێننەوە تاکوو من خەبەرتان لێ ئەگێڕمەوە مەپەڕنەوە بۆ ئەمبەر.

لەپاش حەوت ڕۆژ پشتماڵەکان ئەچنە شەمێران ئەسەر کەژی زمناکۆوە، محەمەد پاشاش لە ئەڵەبجەوە ئەچێتە ناو پشتماڵە. مەحموود پاشا ئەڵێ بە محەمەد پاشا: من ئەچمە بەغدا ئەمڕۆ حوکوومەتی تورک ئەمری تەشکیلاتی تاپۆی داوە، ھەم ئەرازی ئەسێنم و ھەم خزمەت بە حوکوومەتی عوسمانییئەکەم. مەحموود پاشا ئەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و محەمەد پاشا ئەچێتە زمناکۆ و لەوێوە خۆی و قادر بەگی ڕۆستەم بەگ، کە لەو وەقتەدا ڕەئیسی فیرقەی وەڵەدبەگی ئەو ئەبێ، بە سەد سوارەوە ئەچێتە کرماشان لای شاھزادە عماد الدوله حاکمی کرماشان. تەلغراف ئەنووسن بۆ خزمەت شاھی ئێران ناسرەددین شا و شا جواب ئەداتەوە:

ئەووەڵەن چی لازمە بۆ محەمەد پاشا بۆ خۆی و عەشرەت و تەبەعەی لە ویلایەتی کرماشان و سنەدا بۆی جێبەجێ بکەن و محەمەد پاشا خۆشی لە پاش دامەزرانی ئەبێ بێ بۆ تاران. ھەر لە کرماشانەوە ئەمری عوموومی جوانڕۆ لەتەک عەشایری جافی جوانڕۆدا بۆ ئەنووسێ، ماڵیان ئەچێتە جوانڕۆ و ئەچنە کوێستانی شاھۆ و بەنی گەز و کڕێوە.

لە پاش دامەزرانن ئەو قیسمە عەشایرەی کە لە تەکیا ئەبێ محەمەد پاشا بە پەنجا سوارەوە ئەچێتە خزمەت شا بۆ تاران. لە تەرەفی شاوە ئیستیقباڵی ئەکەن و لە ماڵی وەزیر یەحیا خاندا میوانی ئەکا، بە لوتف و گەورەیی خۆی مەرحەمەتێکی مولووکانە لە تەکیا ئەکا و زۆر زۆر ئیحتیرامی ئەگرێ و گەلێ شەو لەسەر سفرەی خۆی حازری ئەکا.

فرمانی ڕیاسەتی عوموومی عەشیرەتی جافی ئێران لەتەک عوموومی جوانڕۆدا و قەسری شیرین و زەھاب و ھۆرێن و شێخان تاکوو حودوودی عوسمانی کە سیروان بووە وە لەتەک مانگێ حەوت ھەزار تمەنا بۆ خۆی و شەش کوڕی و بەگزادەی بارام بەگی و وەڵەد بەگیی... ئەنووسێ و سی و ھەشت قیتعە فرمانی پادشاھی لە لای خۆم مەوجوودە وە خەنجەرێکی مورەسسەع لەتەک عەباێیکی شاڵ توڕمە کە یەخەکەی جواھیر بەند ئەبێ و کتێبێکی خەتی سووڕەتداری عەجایبی کۆنی ئەداتێ وە ئەو کتێبە لە تەئریخی نۆسەد و بیست و حەوتی میلادیدا لە ماڵی خۆما بوو، محەمەد بەگی برام بردیە بەغدا فرۆشتی بە شەش ھەزار ڕووپیە.

وە محەمەد پاشا زۆر بە مەسرووری ئەگەڕێتەوە ئەماڵی خۆی لە جوانڕۆ، محەمەد ئەمین بەگی یەعقووب بەگ کە ئامۆزازای ئەبێ، لە وەکالەتی خۆیەوە لە قەسری شیریندا دای ئەنێ، ڕێگەی قەسر تا حودوودی خانەقی موحافەزەی لە عۆدەی ئەودا ئەبێ.

عەشایری جاف کە لە سلێمانی و ئەمبەرەوە بەجێ ئەمێنن کۆمەڵ کۆمەڵ ئەپەڕنەوە بۆ لای محەمەد پاشا، لە پاش دووساڵ مانەوەی محەمەد پاشا لە جوانڕۆ عەشیرەتی تەرخانی کاغەز ئەنووسن بۆ محەمەد پاشا کە: ئێمە بە عومووم لە کوێستانەوە تێین بۆ لای تۆ، دوو یێ بەگزادە و میقدارێ سوارمان زۆ بنێرە. محەمەد پاشاش عوسمان پاشا و حەسەن بەگ و سلێمان بەگ کە کوڕی ئەبن و قادر بەگی بارام بەگ کە ئامۆزای ئەبێ و ڕۆستەم بەگی سەعید بەگ کە ڕەئیسی بەگزادەی وەڵەد بەگی جوانڕۆ بووە و مامەی بەھرام بەگی فەتاح بەگ بووە کە ئەمڕۆ ڕەئیسی وەڵەد بەگی جوانڕۆیە ئەویش بە سی سوارەوە ئەخاتە تەکیان ئەیان نێرێ بە شوێن تەرخانیدا.

محەمەد بەگی قادر پاشا کە لە دوای محەمەد پاشا قایم مەقامی ئەڵەبجە ئەبێ، ئەم خەبەرە ئەزانێ، ئەچێتە پێنجوێن وحوکم ئەکا لەو جافانەی کە لەمبەرەوە ماونەوە: ئەبێ نەیەڵن ئێڵی تەرخانی لەتەک ئەم بەگزادانەدا بڕواو بچن بە گژیانا. بەگزادەکان بە لەشکرەوە ئەگەنە خوسرەوخان کە کەژێکە لە خوڕخوڕەی ئێران دا، لەشکرێکی زۆر گەورە کە دە ئەوەندەی ئەوان زیاتر ئەبن لە ناوەقتدا ئەچنە سەریان، بەگزادەکان کوتووپڕ لەتەک ئەو لەشکرە کەمەدا بۆیان سوار ئەبن، ئەبێ بە شەڕیان لەشکرەکەی جاف ئەشکێنن. ئەوڕەحمان خوسرەو کە ڕەئیسی فیرقەی ڕۆغزاد لە ڕۆغزادی ئەبێ ئەیکوژن و کاکە خان سمایل ڕەئیسی فیرقەی سماێڵی لە ڕۆغزادی ڕانی ئەشکێ و نزیکی چل کەس زیاتر لێیان ئەکوژن. بەڕاستی لەو شەڕەدا حەسەن بەگی محەمەد پاشا لەتەک ئەو تاقمە کەمەی پشتماڵە و عەمەڵەدا ئازادیی ئەگەیەنێتە دەرەجەی نیھایەت، عوموومی ئێڵی تەرخانی بار ئەکەن ئەیبەنە شاھۆ لای محەمەد پاشا.

دوای ئەم شەڕە لە ساڵی ھەزار و دووسەد و نەوەد و چواری ھیجریدا جافی ئەمبەر زۆر کەمیان ماوە، ھەموو چوونە لای محەمەد پاشا و محەمەد پاشا بە یەک دەفعە سەرفی نەزەری لە ھاتنەوەی خاکی عوسمانی کرد. لە ساڵی ھەزار و دووسەد نەوەد و پێنجی ھیجریدا مەحموود پاشا کە بە ماڵەوە لە بەغدا ئەبێ و محەمەد پاشاش کۆمەڵ کۆمەڵ لەوبەرەوە پارەی بۆ ئەنێرێ وقزرابات و زەھاوییە و دەککە لە قەزای خانەقی دا، سەرقەڵا و کۆکس لە قەزای کفری دا، ئاوبارەش لە لیوای سلێمانی... ئەم موقاتەعە گەورانە ئەسێنێ. محەمەد پاشا فکری وا ئەبێ سێان لە کوڕەکانی تری بنێرێتە لای مەحموود پاشا و چەند موقاتەعەیەکی تر بسێنێ، خۆی و سێ کوڕی لە ئێراندا بن و چوار کوڕی لە خاکی عوسمانیدا بن.

والیی بەغدا کە تەحسین پاشا ئەبێ، کە تێئەفکرێتە وەزعییەتی لیوای سلێمانی و کەرکووک کەوا یەک دەفعە لە جاف خاڵی بووە و سیاسەتی ئێران ڕووی تێکردووە... خەبەر ئەدا بە ئەستەمووڵ لەوێوە لە تەرەفی سەدارەتی عوزماوە جوابی ئەدەنەوە کە: بە ھەر نەوعێ ئەبێ محەمەد پاشا ڕازی بکە و بیھێنەرەوە. ئەویش مەحموود پاشا لە بەغدادا ئەبێ، بانگی ئەکا پێی ئەڵێ: بەھەر نەوعێ کە بۆت ئەکرێ محەمەد پاشای باوکت ئیقناع بکە کە بێتەوە خاکی عوسمانی. مەحموود پاشا ئەڵێ: من ناتوانم قەول بدەم بە تۆ کە من بۆم ئیقناع ئەکرێ.

والی زۆر پەلەپەل لەتەک مەحموود پاشادا ئەکا و مەحموود پاشا مەجبوور ئەکا ئەچێتە ماڵی محەمەد پاشا لە دەشتی دووڕوو، کە ئەچێتە ئەوێ زۆر لەتەک محەمەد پاشادا تەلاش ئەکا ڕازی نابێ بەھاتنەوە و ئەڵێ بە مەحموود پاشا: من تۆم بە کوڕێکی ساحیب غیرەت ئەزانی! لە پاش چل ساڵ خزمەت بە مەئموورینی تورک جەزایان بۆ ئێمە ئەمە بوو بە قسەی چوار پیاوی درۆزنی بێ ئەھمییەت حقووقی ئێمەیان فەرامۆش کرد. ئیسە من لە خاکی ئێراندا دەھەزار ماڵی جافی ئێران بە ئەمر و فەرمانی پادشای تەسلیم کراوە و لە جافی مورادی، کە لە خاکی عوسمانیدا بوون، دەھەزار ماڵیان گەڕیاو و دانیشتوو لەتەک قەسری شیرین و زەھاو و جوانڕۆ، کە بەقەد لیوای سلێمانی بەزیادەوە ئەبێ و جێگەی ئابائو ئەجدادی خۆمانە و لەتەک مانگێ حەوت ھەزار تمەنا... ئەمیانە داومێ. پادشایەکی وەکوو «ناسرەددین شا» بەم ھەموو لوتف و مەرحەمەتەوە کە لەتەک مندا ھەسی، ھیچ وەقتێ من پشت ناکەمە ئەم وەلی نیعمەتی بێ مننەتە. تاکوو ئەمڕۆ سی ھەزار لیرەم بۆ تۆ ناردووە داوتە بە موڵک بۆ خۆت، بیست ھەزار لیرەی تریش بۆت ئەنێرم، دوان لە کوڕەکانی ترم ئەنێرمە لات تۆش کە ئەم لوتفە لە حوکوومەتی عوسمانی ئەگێڕیتەوە، ئەگەر ڕاستە ئەوە موڵکی زۆر بۆت پەیدا کراوە خزمەتیان بکە و ئەو جێگە و ڕێگە کە بەدەست منەوە بووە لەتەک ئەو باقیی عەشایرەدا ماوەتەوە لە خاکی عوسمانی بیدەن بە تۆ من نامەوێ.

مەحموود پاشا بە مەئیووسی ئەڕواتەوە بۆ بەغدا، قسەکانی محەمەد پاشا ئەڵێ بە والی، والی دووبارە لەتەک مەحموود پاشادا دەست ئەکا بە گفتووگۆ و ئەمری سەدارەت کە دێت بۆی ئەیخوێنێتەوە، ئەڵێ: مەقسەدی گەورەی حوکوومەت ئەمەیە کە ئەم میللەتە نەبێ بە تەبەعەی ئێران. ھەرچی محەمەد پاشا لە حوکوومەتی عوسمانی تەلەب ئەکا من تەعەھود ئەکەم کە بۆی جێبەجێ بکەم.

دووبارە مەحموود پاشا ئەنێرێتەوە بۆ لای محەمەد پاشا. مەحموود پاشا لەتەک محەمەد پاشادا ئەم دەفعەی دووەمە زۆر پەلە پەل ئەکا. دووبارە ئیقناع نابێ. دووبارە ئەگەڕێتەوە بەغدا. دەفعەی سێیەم والیی بەغدا لەتەک والیی کرکووکدا و مەزھەر پاشای موتەسەڕیفی سلێمانی دێنە کانی چەقەڵ و مەحموود پاشا ئەنێرنە گۆڕەشەلە، کە ماڵی محەمەد پاشا لەوێ ئەبێ، مەحموود پاشا بە محەمەد پاشا ئەڵێ: چیت مەتڵەبە بیخەرە سەر کاغەز ئەگەر دروستیان کرد باشە، نەیان کرد دانیشە بۆ خۆت. محەمەد پاشا ئەڵێ بە مەحموود پاشا: من ھیچ تەڵەبێکم لە حوکوومەتی عوسمانی نیە و خاکی ئێرانم پێخۆشە، نایەمەوە. مەحموود پاشا سوێن ئەخوا ئەگەر بێتوو ئەم دەفعە من بە مەئیووسی بنێرێتەوە خۆم ئەکوژم! ئەم ھەموو پیاوە گەورانەی عوسمانییە بە واسیتەی منەوە ھاتوون و من ڕووم نییە بچمەوە ئەلایان.

بە عەبدووڵڵا پاشا و بەعزێکی تر لە بەگزادە محەمەد پاشا ئیقناع ئەکەن: قایم مەقامی ئەڵەبجە وەکوو سابیق لەتەک ڕیاسەتی جافدا و ئەو ئەڕازییانە کە بەشەرتی دانیشتن درابوون بە بەعزێ لە جاف... ئەوراقی ئەمانە تەسلیمکردنی بە محەمەد پاشا ئەخاتە سەر کاغەز ئەیدا بە مەحموود پاشا و مەحموود پاشایش ئەیبا بۆ والیی بەغدا، ئەویش اراضی سنیه و ئەمری «سەدارەت» بۆ جێبەجێ کردنی ئەم تەڵەبانە جەلب ئەکا و لە موودەتی حەوت ڕۆژدا ئەیدەن بە دەست مەحموود پاشاوە، ئەویش ئەیبا بۆ محەمەد پاشا، محەمەد پاشاش یەتەوە خاکی عوسمانی ئەگەرچی زۆریشی پێ ناخۆش ئەبێ، تاکوو تەئریخی ھەزار و دووسەد و نەوەد و نۆ، ئیدارەی جافی ئەڵەبجەی کرد.

قیسمێ لەو جافانە کە خیانەتیان کردبوو بە ئەو گرتنی. دووسێ یەکیان لە حەبسی خۆیدا مردن، ئەوانیش لەم مەسەلە موتەئەسیر بوون، بە فیتنەی بەعزێ ئەشخاسی تریش تەحریکاتی لەناوداکردن و ئەتوانم بنووسم عوموومی جاف قیسمێکی کەمی نەبێ لە تەکیانا قسەی بوو، لە عەینی تەئریخدا، لە وەقتی بەھار محەمەد پاشا بە میقدارێکی کەم سوارەوە و فەتاح بەگی کوڕی لە تەکیا ئەبێ، ئەچێتە چیمەنی برایم سەمین. ئەو فیرقەی جافە لە شاتری، کە پیاوەکانیان لە حەبسدا ئەمرێ، ماڵیان لە چیمەن ئەبێ و نیەتیان خراب ئەبێ، بە محەمەد پاشا ئەم خەبەرە ئەدەن، محەمەد پاشا ئەھەمییەتی ناداتێ و ئەڵێ: جاف خەیانەتی وا لەتەک منا ناکەن و ناتوانن جەسارەتی وا بکەن!

گەورەی ئەو فیرقە لەتەک سەد سوار دێت بۆ لای محەمەد پاشا بەم فکرە ئەگەر بتوانن دەست بوەشێنن. وەقتێ کە تێن ئەڕوانن فەتاح بەگی کوڕی بە ھەشتا سواری محەمەد پاشاوە وا لەلای، کە ئەمە ئەبینن قورئانێ ئەبەنە لای محەمەم پاشا دایئەنێن، عوموومیان دەسی پیا ئەدەن ئەڵێن: ئەمە فیتنەی جافە وە ئێمە لەمە بەرین و خەبەرمان نیە، ئێمە عەبدی تۆین و عەبدیش لەتەک ساحێبی خۆیدا ناتوانێ خیانەت بکا. بە عومووم دەست و پێی ماچ ئەکەن کە ئەم بوختانە بۆیان کردووین لە دڵ دەربکە. محەمەد پاشاش پێیان ئەڵێ: من ھیچ وەقت خەیاڵی وا لە ئێوە ناکەم، ئەڕۆنەوە بۆ ماڵی خۆیان.

محەمەد پاشا ھەر ئەو ڕۆژە فەتاح بەگ لەتەک حەفتا سوار لە سوارەکان ئەنێرێتەوە بۆ پشتماڵە، ئەڵێ: خۆیشم بەیانی ئەچمە کفری، والیی کەرکووک بۆی نووسیوم اوم پێبکەوێ. ھەرچەند فەتاح بەگ تەلاش ئەکا با ئیمشەو بمێنمەوە بەیانی لەتەکدا یێم تا کفری، من ناێیمە شار، چونکە ئەجەلی پێوە ئەبێ فەتاح بەگ بەزۆر ئەینێرێتەوە، دە سواری خدمەتچی و قۆشچی لای ئەمێنێتەوە و فیرقەکە چوارسەد ماڵ ئەبن و پێیان ئەوتن: کەرەم وەیسی. ماڵیان عومووم نیو سەعات لە خێوەتی محەمەد پاشاوە دوور ئەب، چاویان بە لەشکرەکەی فەتاح بەگ ئەکەوێ کە ئەڕواتەوە بۆ پشتماڵە و پشتماڵەیش لە ژاڵەی سەفەر کە مەوقیعێکە لە کانی چەقەڵ کە نۆ سەعات لە چیمەنەوە دوورە.. بە فرسەتی ئەزانن ئەچنە ئەسەر محەمەد پاشا ھەر ئەو شەوە ئەیکوژن، لە کوڕەکانی مەحموود پاشا و عوسمان پاشا لە سلێمانی ئەبن و حەسەن بەگی کوڕیشی لە ئەڵەبجە ئەبێ. سڵێمان بەگ و محەمەد عەلی بەگ و قادر بەگ و فەتاح بەگ، ئەم چوار کوڕەی لە پشتماڵە حازر ئەبن. بەیانی لە سەعات سێدا خەبەری کوشتنی محەمەد پاشا ئەزانن، بە لەشکری پشتماڵە و عەمەڵە و لەشکری پشتماڵە عەبدووڵڵا پاشا ڕووبە چیمەن ئەڕۆن و لێشیان مەعلووم نابێ ئەمە عوموومی جاف داخڵە یان داخڵ نیە. سەش سەد سواریان لەتەکدا ئەبێ، وەقتێ کە ئەگەنە جەبەڵی شاکەل لەکری تەرخانی و ڕۆغزادییان چاو پێ ئەکەوێ، خۆیان حازر ئەکەن بۆ شەڕ لەتەکیانا کە تێئەفکرێن ئەوان لەمان زووتر خەبەریان وەرگرتووە و چوون جەنازەی محەمەد پاشایان ھاوردوە.

ھەر لەوێدا عوموومیان دائەبەزن و تەڵاق ئەخۆن ئەڵێن: ئێوە لەم ئیقدامە دەست ھەڵگرن ئێمە ھەڵی ناگرین. جەنازەکە بە چەند سوارێکۆ ئەنێرێتەوە بۆ پشتماڵە، خۆیان ئەڕۆن بۆ سەر ئەو فیرقە. ئەوانیش کە ئەم موعامەلە ئەکەن ئەچنە ناو گەڵاڵیی، بەگزادەی گەڵاڵی ئەیاندەنە بەر تفەنگ دەریان ئەکەن. ڕوو بە ڕۆغزادی بار ئەکەن کە بچنە ناو ئەوان و ئەوانیش بە خۆیانەوە پیس بکەن. خەبەریان نابێ لە ئەمە کە ڕۆغزادی وان لەناو لەشکری بەگزادە دا، بە یەک دەفعە لەشکری پشتماڵە و تەرخانی و ڕۆغزادی ئەڕژێنە ناو کۆچ و ماڵیان، بە تەواوی تاڵان ئەکرێن. خۆیان و ژنیان خەلاس ئەبن، بەسەڵتەسوارە ئەچنە چەمچەماڵ ئەلای بەگزادەی ھەمەوەند. تاقمی فەقێ قادر جوابیان ئەدەن، لەوێ ئەچنە داری کەلی ئەماڵی جوامێر.

جوامێر پێیان ئەڵێ: لەناو عوموومی ھەمەوەند و عەشایرەکانی خاریجی جاف خۆم بە جانفیدای محەمەد پاشا زانیوە، ئیسە کە پەناتان ھاوردووە من دەرتان ناکەم و نایشتوانم موقابەلەی کوڕی محەمەد پاشا و جاف بکەم، ھەر وەکوو ئێوە فیرار بوون منیش تەکتانا فیرار ئەبم، ئێوەش بۆیە ھاتن منیش دووچاری ناڕەحەتیی بکەن و ئەم خەبەرە سەید ئەحمەد ئاغای کفری بە تەلغراف ئەیدا بە مەحموود پاشا لە سلێمانی.

مەحموود پاشایش لەتەک عوسمان پاشادا لە سلێمانی خەبەر ئەنێرن بۆ حەسەن بەگ لە ئەڵەبجە ئەویش لەشکری نەورۆلی و شارەزوور ھەر ئەو ڕۆژە سێیەد سواری لەتەک خۆیدا ئەبا بۆ لای مەحموود پاشا و عوسمان پاشا لە قڕگەی سلێمانی ئەگاتە مەحموود پاشا، عوسمان پاشا وەقتێ کە تەلغرافەکە ئەبینێ ئەوەندە ئەسەف ئەخوا و ئەم موعامەلەی لا ناخۆش ئەبێ، ئەکەوێ و دووچاری عیللەتی «تیفۆ» ئەبێ، کە ئێمە پێی ئەڵێین سێ تەڵان. ھەرچە سواری بنەی ڕۆغزادی و تەرخانی ئەبێ ئەوانیش عەلاوەیان ئەبن و لەوێوە بە سەنگاودا مەحموود پاشا دێت بۆ قولیجانی سەرحەد، حەوتسەد سواری ڕۆغزادی و تەرخانی عەلاوەی لەشکرەکەی ئەکات. بە ھەزار و دووسەد سوارەوە ئەچێتە کەرکووک موخابەرە لەتەک ئەستەمووڵ ئەکا، ئەمری ڕیاسەت و قایم مەقامی بۆ مەحموود پاشا ئەدەن و ھەزار نەفەر عەسکەر بۆ ناو جاف ڕەوانە ئەکەن.

مەحموود پاشا لە کەرکووکەوە دێتە پێباز بۆ ناو پشتماڵەی مەحەمەد پاشا. مەنعی تەعزییە ئەکات، ئەڵێت: تەعزییە بۆ مردنە بۆ کوشتن نیە، تەعزییەی کوژراو ئیقدامکردن بۆ حەقیەتی و پشتماڵە بار ئەکەن ئەیبەنە عەنەبی پشتی ئەڵەبجە و لەشکرێکی زۆر گەورە لە عوموومی جاف ئەخەنە ڕێ بۆ سەر جوامێر بۆ داری کەلی و باڕۆیی، بە سێ ھەزار و پێنجسەد سوارەوە ئەچنە سەری. جوامێر کە ئەم خەبەرە وەرئەگرێ لەتەک ئەو فیرقە شاترییەدا فیرار ئەکەن ڕوو بە کرکووک، ئەمانیش تەعقیب ئەکەن لە تاووغەوە بە شوێنیانا ئەڕۆن بۆ دەشتی قورفە، تووشیان نابن!

ھەمەوەند و شاتری لای قەرەخانەوە ئەپەڕنەوە، لەشکری بەگزادەی جاف لای توویل کە نوقتەی کۆردەرەیە ئەپەڕنەوە، لەشکری بەگزادە کە دێنە قزرابات ئەمێنن، بۆ ئیسراحەتی لەشکرەکە. لەوێوە بە خانەقیدا دێنە بنکوورە و ئەچن بە شوێن ھەمەوەند و شاتریدا بۆ قەسری شیرین. لای قەسردا نزیکی پەنجا سواری لەشکری ڕۆغزادی چاویان بە قیسمێ لە سوارەیان ئەکەوێ، پەلاماریان ئەدەنێ. مەحموود پاشا دەست ئەکا بە توندی بەسەر ئەوانا، ئەڵێ: ئێوە خەیاڵتان ئەمەیە قەسر تاڵان بکەن، خەیاڵتان شەڕ نییە.

ھەر چەند ھاوار ئەکەن مەحموود پاشا بەری لەشکرەکە ئەگرێ و نایەڵێ سوارێکی زڕوات و ئەگەڕێنەوە سەوزبوڵاقی بنکوورە، کە تەحقیقات ئەکەن ئەو سوارانە لەشکری ھەمەوەند و شاتری بووە، بەگزادەکان زۆر لە مەحموود پاشا عاجز ئەبن. ھەر ئەو شەوە دوو پیاو بە قەراوڵی ئەنێرنە سەریان لە زەھاو تووشیان ئەبن و ئەگەڕێنەوە بۆ ناو لەشکر. شەو لەشکر سوار ئەبێ و ئەچنە سەریان، لەتەک بەیانیدا لە زەھاو ئەچنە جێگەی ئەوان، کە تازە باریان کردووە، بە شوێنیانا ئەڕۆن لە پاش نیو سەعات تووشیان ئەبن، شەڕیان ئەبێ و ئەیان شکێنن، ڕوو بە داڵەھۆ فیرار ئەکەن، لە داڵەھۆدا دەوریان ئەگرن. برای جوامێر، دەروێش ئاغا، ئەکوژرێ و قادر حەمەڕەشی ئامۆزاشی ئەکوژرێ. تاڵانیان ئەکەن و چل کەسیان لێ ئەکوژن و سەری ئەو چل کەسە ئەبڕن و ئەیھێرن لە ئۆردوودا تەسلیمی میر ئاڵا ئەحمەد شەمسی بەگی ئەکەن لە شێروانە.

ئەم شەڕە ناو ئەبرێ لەناو جافدا بە شەڕی داڵاھۆ، لە پاش یەک مانگ تەعقیب تووشیان ئەبن و ئەم شەڕە ئەبێ. مەحموود پاشا و بەگزادەکان لە شێروانەوە ئەگەڕێنەوە بۆ پشتماڵە لە عەنەب.

لە لەشکری بەگزادە حاجی قادری ئەحمەد سوار، کە گەورەی فیرقەی محەمەد عەلی وەیسی میکایەڵی یە و باوکی حەسەنی حاجی قادر بووە.. زامدار ئەبێ، ئیتر کەسیان ناکوژرێ ئەمما بیست ماین و ئەسپیان لێ ئەکوژرێ و بە گەیشتنی پشتماڵە- پشتماڵە بار ئەکەن ئەیبەنە بەردەمی پێنجوێن، جێی پێشووی خۆیان.

محەمەد پاشا حەوت کوڕی بووە: مەحموود پاشا و عوسمان پاشا و حەسەن بەگ و سڵێمان بەگ و محەمەد عەلی بەگ و قادر بەگ و فەتاح بەگ. لە عوموومیان گەورەتر مەحموود پاشا ئەبێ و باقیی گەورەیی عومریان بە تەرتیبی ئەم نووسینەیە.

محەمەد پاشا لە ڕەئیسە پێشووەکانی جاف لە ھەموویان زیاتر دەستی ڕۆییوە و زۆریش دەوڵەمەند بووە و تیجارەتێکی زۆر موھیممی کردوە، ئەغڵەبی سەرفیاتی لە تیجارەتی خۆی بووە. دایمەن بیست ھەزار سەر مەڕی بووە و ھەشتسەد ماینی یەلخی لە سەحرادا بووە، ھەر وڵاخێ کە دابێتی بە سوارەی خۆی لەو یەلخیانە پەیدا بووە پارەی پێنەداوە، ھەموو ساڵێ دوانزە ھەزار تەغار گەندم لە دێھاتی ئێران بە پارەیەکی جوزئی سەندوویەتی، جاف موکەللەف بوون بە وڵاخی خۆیان بێرنیە گەرمیان و سەد و پەنجا جووت لە قەزای ئەڵەبجە و ناحیەی وارماوا و ناحیەی شێروانەدا بوویەتی، قانزاجی ئەمانەی ئەدا بە ئەسلیحەی ئەو وەقتە بۆ دەستی سواری خسووسیی خۆی و لە ئەترافی خۆیدا نە عەشیرەتی خۆی و نە غەیری تریش کەس نەبووە بەرامبەریی بکا. ئەگەر کەسێ بیکردایە قابیل نەبووە سەرفی نەزەری لێبکا و حەقی لێ نەسێنێ.

خزر ئاغای ھەمەوەند کە باوکی مەحموود خزری سەرفوەند بووە لە ھەمەوەند لە حوکوومەتی تورک عاسی بووبوو، ئەچێتە خاکی ئێران، لە ماڵی خۆیەوە بەعزێ تەعەڕۆزی زوبانی بە محەمەد پاشا ئەکا. لە کوێستانی ئێران خەبەری ئەم قسانە ئەدەن بە محەمەد پاشا، کە ئەو خەبەرە وەرئەگرێ بە ھەزار و حەوتسەد سوارەوە لە سان ئەحمەد، کە مەوقیعێکە چواردە سەعات لە سنەوە دوورە، دێت بۆ سەر خزر ئاغا لە مەیدان ناحیەی ھۆرێن و شێخان و ئەو وەقتە ئەو مەوقیعە داخڵی خاکی ئێران بووە و دووسەد سواری ھەمەوەندی لەلا ئەبێ. خۆی و سی و پێنج کەسیان ئەکوژێ.

لەم نەوعە موعامەلەیانەی زۆر بووە، ئەگەر ھەمووی بنووسم زۆر توولانی ئەبێ. بەم کەمە نیھایەتم ھێنا، پێنجوێن و ئەڵەبجە کە ئیسە دوو قەسەبەن، لە پێش محەمەد پاشا دوو دێی بچووک بوون، ئەو کردنی بەشار. قەیسەری و حەمام و چایخانەی تێدا کردن و بوون بە شار و لە ناحیەی قەرەداغا قیسمێکی گەورە دووکان و چایخانەی لە دێی زەردی ئاوا درووست کرد. قەڵای شێروانە و لەتەک قیسمێ لە قەڵای کانی چەقەڵا بینای ئەون و خانوویەکی زۆر گەورەشی لەسەر گردی بەکراوا بوو، بە واسیتەی ئەمە کە خاکی شارەزوور کەم دەوامە زۆر دەوامی نەکرد و دوو مزگەوتیشی ھەیە، یەکێ لە ئەڵەبجە و یەکێ لە پێنجوێن. مزگەوتی ئەڵەبجە ئیستەش دەوام ئەکا و ئەساسی تاپۆی ئەڕازی و ئاو، ئەو بۆ بەگزادەی داناوە و ھەرچە بەگزادەی کەیخوسرەو بەگی ئیستە کە مەوجوودە، ئەولادی ئەون، خاریجی یەک دوو کوڕەزای ئەوڕەحمان بەگ نەبێ کە کوڕی کەیخوسرەو بەگ بووە.
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کەریم بەگی جاف. «تەئریخی جاف/٠٨». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.