نووسەر: کەریم بەگی جاف (١٨٨٥-١٩٤٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
فەسڵی یانزەھەم
بەحسی کوڕەزاکانی محەمەد پاشایە.

محەمەد پاشا وەکوو نووسیومانە حەوت کوڕی بووە: مەحموود پاشا، عوسمان پاشا، حەسەن بەگ، سڵێمان بەگ، محەمەد عەلی بەگ، قادر بەگ و فەتاح بەگ.

قادر بەگ ئەولادی نەبووە.

مەحموود پاشا چوار کوڕی بووە: کەیخوسرەو بەگ، عەلی بەگ، حسەین بەگ و ئەحمەد بەگ. کەیخوسرەو بەگ ئیمڕۆ کوڕێکی لە حەیاتدایە کە ناوی عەبدوڵڵا بەگە و دوو کوڕی چاکی بوو لە حەیاتی خۆیدا مردن و عەلی بەگ تەنھا کوڕێکی ھەیە حەسەن بەگی ناوە، خۆی وەفاتی کردووە و حسەین بەگ بەرحەیاتە، سێ کوڕی ھەیە، گەورەیان ناوی عەبدوڵڵا بەگە، ئەحمەد بەگ وەفاتی کردووە، کوڕێکی ھەیە عومری دە ساڵانە، ناوی شەوکەت بەگە و کەیخوسرەو بەگیش بە ڕەحمەت چووە.

عوسمان پاشا پێنج کوڕی بووە: مەجید بەگ، تاھیر بەگ، محەمەد سەعید بەگ، عیززەت بەگ و ئەحمەد بەگ. مەجید بەگ و تاھیر بەگ و محەمەد سەعید بەگ بە ڕەحمەت چوون، مەجید بەگ تەنھا کوڕێکی ھەیە کە ناوی حەمید بەگە و ئیستە قائیم مەقامی چەمچەماڵە و حەمید بەگ شەش کوڕی ھەیە، گەورەیان ناوی بورھان بەگە، تاھیر بەگ تەنھا کوڕێکی ھەیە ناوی مەسعوود بەگە. وە محەمەد سەعید بەگ تەنھا کوڕێکی ھەیە ناوی داود بەگە، داود بەگیش کوڕێکی ھەیە ناوی کەریم بەگە. وە عیززەت بەگ بەرحەیاتە، کوڕێکی ھەیە ناوی عەلی بەگە، ئەحمەد بەگیش کە لەحەیاتدایە، کوڕێکی ھەیە نای ئەفراسیاو بەگە. حەسەن بەگ کە بە ڕەحمەتی خوا چووە، کوڕێکی لە دوا بەجێ ماوە و ئیستە مودیری وارماوایە، ناوی حسەین بەگە. چوار کوڕی ھەیە گەورەیان محەمەد بەگی ناوە.

سڵێمان بەگ کە ئەویش بە ڕەحمەتی خوا چووە، پێنج کوڕی بووە: محەمەد ڕەشید بەگ، حەسەن بەگ، حاجی ئیبراھیم بەگ، عەبدولقادر بەگ و محەمەد بەگ. محەمەد ڕەشید بەگ بە ڕەحمەتی خوا چووە، یەک کوڕی ھەیە ناوی عەلی بەگە و ئیستە لەسەر کۆکس دانیشتووە بەسەر موڵکی خۆیەوە. حەسەن بەگیش بە ڕەحمەتی خودا چووە، دوو کوڕی ھەیە. محەمەد بەگ و محەمەد ڕەشید بەگ ھەردووکیان لە کۆکس بەسەر موڵکی خۆیانەوە دانیشتوون.

حاجی ئیبراھیم بەگ بەرحەیاتە لە دەککە دانیشتووە، کوڕێکی بچووکی ھەیە ناوی عەبدولقادر بەگە و ئیمڕۆ لە عوموومی بەگزادەی کەیخوسرەو بەگی بە ساڵ گەورەترە و پیاوێکی زۆر چاک و موەففەق لەسەر تاعەتە. عەبدولقادر بەگیش بەرحەیاتە، ئەویش لە دەککە بەسەر موڵکی خۆیەوە دانیشتووە و محەمەد بەگ لەپێش ژن ھێناندا بە ڕەحمەت چووە.

محەمەدعەلی بەگ کە خۆی بە ڕەحمەت چووە سێ کوڕی زۆر چاکی بوو لە پاش خۆی، لە زەرفی ساڵێکدا لە تەئریخی ھەزار و نۆسەد و ھەژدەی میلادیدا، جەمیل بەگ و ئەدھەم بەگ و محەمەد بەگ لە بەینی سێ مانگدا ئەم سێ کوڕەی مردن.

جەمیل بەگ دوو کوڕی لە دوا بەجێ ماوە: جەمال بەگ و ئەنوەر بەگ.

ئەدھەم بەگ ئەولادی نەبوو.

محەمەد بەگ بەر لە ژن ھێنان مردووە و سەروەتێکی زۆر لە دوای محەمەد عەلی بەگ مایەوە، دوو بەشی جەمال بەگ لە ناویدا و بەشێکی بۆ ئەنوەر بەگ ماوەتەوە و قادر بەگ -ذاتاً- نووسیومانە بەبێ ئەولاد مردووە.

فەتاح بەگ کە بە ڕەحمەت چووە لە تەئریخی ھەزار و سێسەد و بیست و پێنجی ھیجریدا شەش کوڕی لەدوا بەجێ ماوە: کەریم بەگ، ڕەزا بەگ، محەمەد بەگ، عەبدوڕەحمان بەگ، ئەحمەد بەگ و داود بەگ و ھەر شەشیان ھان لە حەیاتدا. کەریم بەگ دوو کوڕی ھەیە: محەمەدئەمین بەگ و مستەفا بەگ وە ڕەزا بەگ چوار کوڕی ھەیە: خالید، مەحموود، عەلی و جەمیل.

وە محەمەد بەگ کوڕێکی ھەیە ناوی سەعید بەگە.

عەبدوڕەحمان بەگ و ئەحمەد بەگ ژنیان ھاوردووە ئەمما کوڕیان نیە و داود بەگ ژنی نەھاوردووە.

بەگزادەی کەیخوسرەوبەگی کە کوڕەزا و کوڕەزازای محەمەد پاشان، ئەوانەی کە ئیمڕۆ مەوجوود و بەرحەیاتن و لە قەزای ئەڵەبجە و لیوای سلێمانی و کەرکووک و قەزای خانەقی دانیشتوون، عیبارەتن لەمە کە لە سەرەوە نووسراوە و بەگزادەی بارام بەگی پیاوی مەعلوومیان مستەفا بەگی عەبدوڵڵا پاشا و ئەحمەد بەگی محەمەدساڵح بەگ کە ئیمڕۆ مەبعووسە و برایەکی ھەیە ناوی عیززەت بەگە و عەلی بەگی ڕۆستەم بەگ و تۆفیق بەگی قادر بەگ لەتەک ئەمین بەگی برایا... ئەمانە پیاوە مەعلوومەکانی بەگزادەی بارام بەگین.

وە بەگزادەی وەڵەدبەگی مەعلوومەکانیان: محەمەدسەعید بەگ، حەسەن بەگ، عەلی بەگ، ئەحمەد بەگی محەمەد بەگ، حسەین بەگی برای عەلی بەگە. وە نزیکی چل کەسێکی تر وەکوو کوڕ و کوڕەزای یارئەحمەد بەگ و کوڕ و کوڕەزای عەزیز بەگ، حسەین بەگ و عەزیز بەگی حەبیب بەگ، ئەمانە مەوجوودن، ھان لەناو جاف و شارەزووردا لە قەزای ئەڵەبجە.
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کەریم بەگی جاف. «تەئریخی جاف/١١». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.