نووسەر: کەریم بەگی جاف (١٨٨٥-١٩٤٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
فەسڵی دوانزەھەم
بەحسی ئادابی جاف بۆ بەگزادە و ڕەئیسیان و ئەمانە بە چەند تەکلیف موکەللەف بوون کە بیدەن بە ڕەئیسی خۆیان:

تەکلیفی ئەووەڵ «خەرج» بووە. ئەم خەرجە عیبارەت بووە لەمە کوللی ماڵێ لە عەشیرەتی جاف -دانیشتوو و گەڕیاو- موکەللەف بووە لە بیست قرانەوە تا ھەزار قران، لە بیست قران کەمتر و لە ھەزار قەران زیاتر نەبووە. ئەمە لە دەفتەرێکی ئەساسیی ڕەئیسانی جافدا قەید بووە و ئەمەیان داوە بە ڕەئیسی جاف. ئەم خەرجە بە سوورەتی قەتعی نەفەوتاوە. ئەگەر ماڵێکی جافی مورادی چووبێتە خاکی ئێران، چە لە قەسری شیرین و چە زەھاو و چە ھۆرێن و شێخان، مەئموور چووە لێی سەندووە و لە ھەر جێگەیەک لە لیوای سلێمانی و لیوای کەرکووک ناو ھەر عەشیرەتێ چووبن لێیان سەندوون. ئەگەر ساحێب ماڵێ بمردایە بە ئیرسی ئەو خەرجە ئەھاتە سەر کوڕی بۆ گم نەبوونی ماڵی جاف و تەحسیل کردنی ئەم خەرجە چە بۆ گەڕیاو وە چە بۆ دانیشتوو، نزیکی سی کەس مەعلووم کرابوو پێیان ئەوت «سووریاش». ئەمانە خۆیان و باوک و باپیریان وەزیفەیان بوو ماڵیان لەناو جافدا بوو، لە وەقتی پایز کە خەرج ئەسێنرا حازر ئەبوون و لەتەک کوڕە بەگزادەی جاف و سوارەی پشتماڵەدا تاقم تاقم ئەچوون بۆ خەرج سەندن.

لە فیرقەکانی جاف نزیکی ھەشت، نۆ کەس نەبێ کە محەمەد پاشا لە خەرج عەفووی کردبوو، ئەوانیش موکەللەف بوون بەو خەرجە بیدەن، سوارەی خوسووسی عەمەڵە و پشتماڵە و سەدانی و بەداخی، ئەمانە خاریج بوون لە خەرج. جاف مەگەر ڕەئیسی فیرقەی سەداقەت وە خزمەتێکی زۆر چە لە قەدیم کرابێ یا تازە، ئەو ڕەئیسی فیرقە کردبێتی بە ڕەئیسی عوموومی ئەو ڕەئیسی فیرقە لە خەرج عەفو کراوە. ئەم خەرجە بۆ ڕەئیس و بەگزادە، لە گەڕیاو و دانیشتوو، عوموومی ساڵی دوانزە ھەزار لیرەی عوسمانی زیاتر بوو.

تەکلیفی دووەم ئەمە بووە پێیان وتووە «سوورانە». ئەمە ڕەئیسی عومووم نەیسەندووە، حەواڵەی سوارەی پشتماڵە بووە، ھەرکەس لە گەڕیاو و دانیشتوو، ژنێکی لەناو خۆیدا یا بە غەیری جاف بە شوو درابێ، ئەگەر دەوڵەمەند بوایە ماینێ یا ھێسرێ یا تفەنگێ، لە تفەنگی ئەو وەقتە و ئەگەر وەسەت بووایە گایەکی چاک و ئەگەر فەقیر بوایە بیست قرانی داوە. وە ئەگەر پیاوێ لە جاف ژنێکی غەیری جاف بخواستایە سوورانەیان لێ نەئەسەندن.

تەکلیفی سێیەم ئەمە بووە ئەگەر پیاوێکی جاف بکوژرایە لەناو خۆیدا ھەزار قران، کە خوێنی جارییەی عەشایرە، سێسەد قران لەو پارەیە عایدی ڕەئیس بووە. ئەم خوێنە خوێنی پیاوی وەسەتی جاف بووە. ئەگەر ڕەئیسی فیرقەیێ خۆی یا کوڕی یا برای بکوژرایە تا سەد لیرە و ماین و تفەنگیش لەگەڵ ژنێکا کە بۆ واریسی کوژراو مارە بکرێ.. لە تەرەفی قاتیلەوە دراوە. ئەمما بە ئەغڵەب لە بەینا لەسەر ئەو خوێنە شەڕ واقیع بووە. ڕەئیس بە تەلاشێکی زۆر موسالەحەی پێ کردوون.

تەکلیفی چوارەم: پێنج یەکی حوقووق بووە، یەعنی ئەگەر کەسێ لە جاف شکاتی بکردایە لە یەکێکی تر بۆ سەد قران یا ھەزار قران، تا ھەرچەند سوارەی خوسووسیی ڕەئیس ئەڕۆیی، ئەو پارەیەی لە داوالێکراو ئەسەند بۆ داواکەر، پێنج یەکی ئەو پارەیە حەقی سوارە بووە، مەوافیقی شەرع تەحسیل کراوە. ئەم ھەموو سوارەی خوسووسییە دایمەن خاڵیی نەبووە، ھیچ وەقتێ نەبووە دووسەد کەس شکاتکەر نەبێ، دایمەن لە ھاتووچۆدا بوون و کوللی ساڵێ حەوت ھەزار لباد لە جاف سەنراوە، وە ھەشت ھەزار حۆقەی سلێمانیی ڕۆن دراوە بە ڕەئیسی عومووم و ئەو بەگزادانەی کە ساحێب ئێل بوون. تەکلیفی ڕۆنانە و لبادانە تا تەئریخی ھەزار و دووسەد و نەوەد و پێنجی ھیجری دەوامی کردووە.

وە ڕەسمی جەزاش بۆ ڕەئیس بووە. حەتتا خۆم لە فکرم دێ، وە گەورە بووم، عەشیرەتی تەرخانی لەتەک ڕۆغزادیدا شەڕیان بوو، چوار، پێنج کەس لە بەینا کوژرا بوو، بێ خەبەری مەحموود پاشا موسالەحەیان کرد. مەحموود پاشا لەمە عاجز بوو. ترخانیی جەریمە کرد، سێسەد گاجووت و پەنجا ماین و پەنجا تفەنگی جەزا لێ سەندن لە تەئریخی ھەزار و دووسەد و پێنجی ھیجریدا، وەکوو نووسراوە، بەگزادەکان چونکە بە عومووم بوون بە ساحێبی موڵک و تاپۆیەکی زۆر، ڕەسمی ڕۆنانە و لبادیان لەسەر عەشرەتەکە لابرد. ئەمما خەرج و سوورانە و جەزا و پێنج یەکی حوقووق تا تەئریخی ھەزار و سێسەد و بیست و شەشی ھیجری دەوامی کرد.

لە دوای ئینقیلابی عوسمانی خەرج نەما، جاف موکەللەف بوون بە ئەغنامی نەقدی و ڕەسمی پێنج یەکی حوقووقی شەخسی لە زەمانی ڕیاسەتی منیشدا بۆ سوارە مابوو.

ئادابی جاف بۆ گەورەی خۆی لە گەلێ عەشیرەت چاکترە. ئەدەبیان دەرحەق بە گەورە زۆرە، لە عوموومی جاف بیست و پێنج کەس حەقی دانیشتنی مەجلیسی ڕەئیس و بەعزێ لە بەگزادەی ھەیە و عەشیرەتی تر بۆ گەورەیان وا نین. عوموومیان وەکوو یەک فەرقیان نییە.

ڕەئیسی ئاخریان کە خۆم بووم و لە تەئریخی ھەزار و نۆسەد و نۆزدەی میلادیدا بە ئەمر و تەشکیلاتی حوکوومەتی ئینگلیس بووم بە ڕەئیسی عوموومی جاف وە ئەو تەشکیلاتە تا ھەزار و نۆسەد و بیست و پێنجی میلادی دەوامی کرد و ئیدارەم کردن و لەو تەئریخەوە تەشکیلاتەکە نەما. ئومێد ئەکەم کە دواکەوتووانم تەرزی ئیدارەم داخڵی سەحیفەی ئەم تەئریخە بکەن و ئومێدەکەم لە حەق لا نەدەن، چونکە زەمانی من زەمانی محەمەد پاشا و مەحموود پاشا نەبوو.
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کەریم بەگی جاف. «تەئریخی جاف/١٢». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.