نووسەر: کەریم بەگی جاف (١٨٨٥-١٩٤٩)
زمان: کوردیی ناوەندی
فەسڵی سیانزەھەم
بەحسی ئەو شەڕانەی جافە کە لەناو خۆیدا و لەتەک غەیری جافا بوویانە:

لە تەئریخی ھەزار و سێسەد و یەکی ھیجریدا عەشیرەتی شاتری و ھاروونی و کەماڵەیی و سەدانی بە عومووم دەرحەقی ڕۆغزادی و تەرخانی لە مەریواندا ئیتتیفاقیان کرد لە ناحیەی پێنجوین، وەقتی پایز کە بۆ شارەزوور ئەھاتن، چوون بە گژ تەرخانی و ڕۆغزادییا لە قەڵای خاو، کە سێ سەعات لە پێنجوێنەوە دوورە و خاکی ئێرانە، شەڕێکی زۆر خراپ و گەورەیان بوو، لەو شەڕەدا سەد و پەنجا کەس لە شاتری و باقیی فیرقەکانی تر کوژران، ڕۆغزادی و تەرخانی مووەفەق ھاتن نزیکی پانزە کەسیان لێ کوژرا، ئەم شەڕە لەناو جاف مەشھوورە بە «شەڕی قەڵای خاو». ئەم شەڕ و دوشمنایەتییە دەوامی کرد تاکوو ھەزار و سێسەد و دووی ھیجری، لە وەقتی زوستاندا لە قەزای کفری ئەم دەفعەیە غەیرەز میکایەڵی و عەمەڵە و پشتماڵە باقیی تری جافی قەزای کفری لەتەک شاتریدا لەشکریان ڕاکێشا بۆ سەر ڕۆغزادی و تەرخانی لە گامەخەڵا، کە مەوقیعێکە لە کەوەڕێ، بوو بە شەڕیان. چل کەسی تر لە لەشکری باقیی جاف کوژرا، وە ئەم دەفعەیەش موەفەقی لە تەرەفی ڕۆغزادی و تەرخانیوە بوو، وە لە ڕۆغزادی دە کەس کوژرا، ئەمما پیاوی گەورە و ناوداریان. ئەم شەڕی دووەمە پێی ئەڵێن «شەڕی گامەخەڵ».

شەڕی سێیەمیان لە شارەزوور بوو لە تەئریخی ھەزار و سێسەد و نۆی ھیجریدا لە پاش ئەم دوو شەڕە مەحموود پاشا موسالەحەی کردن و لە عەینی تەئریخی ھەزار و سێسەد و نۆی ھیجری دا تەرخانی لەتەک ڕۆغزادیدا شەڕێکیان بوو پێنج، شەش کەس لە بەینیانا کوژرا. تەرخانی لە ڕۆغزادی جیا بوونەوە، لەتەک شاتری و باقیی جافدا بوون بە یەک، وە چوونە سەر ڕۆغزادی، ڕۆغزادییان تاڵان کرد. ئەمما کوژراو لە تەرەفەین سێ، چوار کەس بوو، ئەم شەڕیشە پێی ئەڵێن «شەڕی داری قەلان». لەپاش ئەم شەڕە شەڕی ناودار و مەعلووم نەبووە. تەرخانی و ڕۆغزادی بوونەوە بە یەک و موسالەحەیان کرد و شەڕنەمان تاکوو ئیمڕۆ دەوام ئەکات.

وە تەرخانی و ڕۆغزادی ھەم لەتەک داودەدا حەوت شەڕیان بووە، ئەوەڵ و ئاخر لە داودە سەد و پەنجا کەس کوژرا و لە ڕۆغزادی و تەرخانی سی کەس کوژرا، تا تەئریخی ھەزار و سێسەد و سیی ھیجری دوشمنایەتییان دەوامی کرد، ئیستە دۆستن. لە حەق لانادەم داودە عەشیرەتێکی زۆر ئازا و بە ئیقدامن و لە شەڕدا کۆڵ نادەن و موقابەلەی ڕۆغزادی و تەرخانییان ئەکرد.

وە لە زەمانی ڕیاسەتی محەمەد پاشاشا لەتەک ھەورامانی تەختدا جاف شەڕی بووە. مەنشەئی ئەم شەڕە ئەمە بووە: بەگزادەیەکی وەڵەدبەگی لە تەرەفی حەیدەر بەگی باپیری مەحموود خانی مەریوانەوە ئەکوژرێ. حەیدەر بەگ ڕا ئەکا بۆ ناو ھەورامی. عوموومی جاف لەشکر ئەبەنە سەر ھەورامان و نزیکی سەد کەس لە ھەورامی ئەکوژن و ئەحمەد بەگی باسام بەگ کە ڕەئیسی ھەورامی ئەبێ ئەکوژرێ. وە ئەم شەڕە مەشھوورە بە «شەڕی چەمی شامیان» و لە تەئریخی ھەورامیدا موفەسەلەن ئەم شەڕە نووسراوە، چونکە لە حەوتسەد ساڵ لەمەوبەرەوە ھەورامییەکان تەئریخێکی خوسووسی خۆیان ھەیە و ئیمڕۆش باقییە، وە لە ھەورامانی تەختە کە پێی ئەڵێن «پیر ڕۆستەم».

لەم نەوعانە زۆرە بینووسم لەبەر توولپێدان سەرفی نەزەرم لێکردن و خاتیمەم بەم تەئریخە دا.

«و صلى الله على سيدنا محمد و اله و صحبه و سلم تسليما كثيرا»

ئەگەرچی خاتیمەم بە تەئریخەکە داوە ئەمما کە بیرم کردەوە لە جافی ئێران و جافی داخڵی عێراق پێنج تایفەم داخڵ نەکردووە و چوار تایفەیان داخڵی خاکی ئێرانە و یەکێکیان داخڵی عێراقە و لە ژێرەوە عەدەدی ماڵ و عەدەدی سوارە و پیادەیان لەگەڵ ئیسمی گەورەی تایفەکەیان و جێگەی زووسان و ھاوینیان موافیقی ئەم جەدوەلەیە:

جێگەی ھاوین جێگەی زستان ئیسمی گەورە عەدەدی پیادە عەدەدی سوارە عەدەدی ماڵ ئیسمی تایفە
نیشی دەشتی کرن زەھاو وەیس مراد ١٠٠ ١٠٠ ٤٠٠ گرێ کوڕی و وردە گرێ کوڕی
نەی لەک زەھاو سامراد سرلک ١٥٠ ٦٠ ٣٠٠ قەڵخان چەک
حەفت کانی و گڵەزەرد تەنگی حەمام کەریمی مرادخان ٤٠ ٢٠ ١٠٠ نەی لەکی لە جافی عێراق دانیشتون
... ... کوێخا حەمە ئەمین و کوێخا سەعیدی جاسنە و سایرە ٨٠٠ ٣٠٠ ٢٠٠٠ جافە ڕەشکە لە سرورتاش و سێدەر و شارستێن و ئەو ناوە دانیشتوون
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
کەریم بەگی جاف. «تەئریخی جاف/١٣». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.